سودان، دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی "OCHA" ئاشکرایکرد، بەهۆی ناکۆکییەکان لە سودان کە لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا دەستیپێکردووە، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون.

 

ناوەندی هەواڵ

 

جێگری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە  لە سودان ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە لە گەیشتن بە خەڵک لەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە لە خەرتوم و دارفۆر و کۆردۆفان.

 

میدیاکان ڕایانگەیاند دوای تەواوبوونی ئاگربەستەکە کە یەک ڕۆژ بوو، ڕۆژی ٢٩ی حوزەیران تەقینەوەیەکی توند لە نزیک فەرماندەیی گشتی سوپا لە خەرتومی پایتەختی سودان بیسترا، ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ بۆردومانکردنی کۆبوونەوەکانی سوپای سودان بۆ هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ڕۆژهەڵاتی خەرتوم، لە کاتێکدا یاریدەدەری فەرماندەی گشتی سوپا پشتڕاستی کردەوە کە "ئۆپراسیۆنی تایبەت کۆتایی بە یاخیبوون لە سێ شاری خەرتومی پایتەخت دەهێنێت".

 

هەروەها شاری زالینگی پایتەختی ویلایەتی دارفۆری ناوەند ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوام بووەوە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا و گروپەکانی دڵسۆزی ئەوانەوە، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنترۆڵی دەوڵەت و هەموو دامەزراوە گرنگەکانیان کردووە و شەڕەکان ئاژاوەیەکی ئەمنی گەورەیان بەجێهێشتووە کە بووە هۆی تاڵانکردنی هەموو بەشەکان و بنکەکانی پۆلیس و خزمەتگوزارییەکان.

 

زیاتر لە دوو ملیۆن کەس ئاوارەبوون

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ئاشکرایکرد لەو کاتەوەی شەڕەکە لە سودان دەستیپێکرد لە ناوەڕاستی مانگی نیسان، زیاتر لە 2.6 ملیۆن کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە، هەروەها بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٢.١  ملیۆن کەس لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە ئاوارە بوون، لە کاتێکدا نزیکەی 1.4 ملیۆن کەس لە خەرتوومی پایتەخت ئاوارە بوون و زیاتر لە ٥٦٠ هەزار کەسیش سنوورەکانی وڵاتانی دراوسێیان تێپەڕاندووە، زۆربەیان میسر و چاد و سودانی باشوورن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، نەبوونی ئاسایش و نەبوونی ڤیزە بۆ ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان و هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر بینا و کۆگا مرۆییەکان بەردەوام بوون لە ڕێگریکردن لە توانای نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بە سەلامەتی، نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەشیخستەروو، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بوونەوە لە گەیشتن بە خەڵک لەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە لە خەرتووم و دارفور و کۆردۆفان لە سەرەتای قەیرانەکەوە لە سودان، کە 13 کارمەندی مرۆیی تێیدا کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون و هەندێکیان هێشتا بێسەروشوێنن، 43 کۆگای مرۆیی دزراون، ئەمەش وادەکات دەستپێکردنەوە و فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری قورس بێت.