دادگای بەریتانیا ناردنی کۆچبەرانی بۆ ڕواندا بە نایاسایی لە قەڵەمدا

دادگای بەریتانیا بڕیاری دا، کە پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە نایاساییە، چونکە ڕواندا یەکێک نییە لە وڵاتە سەلامەتەکان بۆ هاوڵاتی.

ناوەندی هەواڵ

 

دادوەرەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، لەبارەی پلانی بەریتانیا بۆ ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا، ڕایانگەیاندووە، ناتوانرێت ڕواندا بە "وڵاتێکی سێیەمی سەلامەت" هەژمار بکرێت کە کۆچبەرەکان بۆی بنێردرێت، لە بەرامبەردا پێدەچێت حکومەت لە دادگای باڵای بەریتانیا تانە لەو بڕیارە بدات.

 

بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس لە ساڵی ٢٠٢٢ لە سەرتاسەری کەناڵی ئینگلیزی گەیشتوونەتە بەریتانیا و ژمارەیەکی زۆریان لە هەوڵی پەڕینەوەدا گیانیان لەدەستداوە.

 

حکومەتی بەریتانیا و ڕواندا زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر ڕێککەوتن لەسەر ناردنی بەشێک لەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەمی بچووک دەگەنە بەریتانیا بۆ ڕواندا و لەوێ داواکاری مافی پەنابەرییان جێبەجێ دەکرێت، ئەوانەی مافی پەنابەرییان پێدەدرێت، لە وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەمێننەوە نەک بگەڕێنەوە بۆ بەریتانیا.

 

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت ئەم سیاسەتە ئەو باندە تاوانکارانە ڕادەگرێت کە کۆچبەران لە گەشتە مەترسیدارەکاندا بە یەکێک لە قەرەباڵغترین هێڵەکانی کەشتیوانی جیهان دەگوازنەوە.

 

گروپەکانی مافی مرۆڤیش ئاماژەیان بەوەکردووە، نائەخلاقی و نامرۆڤانەیە کە مرۆڤەکان بە دووری زیاتر لە شەش هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر بنێرن بۆ وڵاتێک کە نایانەوێت تێیدا بژین. هەروەها ئاماژە بە خراپی پێشینەی مافی مرۆڤی ڕواندا دەکات، لەوانە تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان و کوشتنی نەیارانی حکومەت.

 

پێشتر بەریتانیا بەپێی ئەو گرێبەستە ١٧٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە ڕواندا، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک دیپۆرت نەکراوەتەوە بۆ ڕواندا، دادگایەک لە مانگی کانوونی دووەمدا بڕیاریدا، سیاسەتی ناردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا یاساییە و پابەندبوونەکانی بەریتانیا بەپێی ڕێککەوتننامەی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی دیکە پێشێل نەکردووە، ئەمەش داوای یاسایی لەلایەن چەند پەناخوازێک و گروپە فریاگوزاریەکان و یەکێتی بەرپرسانی سنوورەکانی ڕەتکردەوە.