پانتیا ئیقبالزادە بە هۆی بێزاری لە دۆخی ئێران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

پانتیا ئیقبالزادە بەهۆی بێزاری لە "دۆخی وڵات" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، لە نامەیەکیشیدا بۆ باوکی هۆکارەکەی خستەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

پانتیا ئیقبالزادە، وەرگێڕی ئەدەبی منداڵان، بە هۆی بێزاری لە "دۆخی وڵات" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، پانتیا ئیقبالزادە لە نامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە بە هۆی خراپی دۆخی ئێران و نەبوونی ئومێد بۆ "هەستانەوە و سەرکەوتنەوە" کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

 

لە نامەیەکدا کە بۆ باوکی نووسیوە، پانتیا ئیقبالزادە تیایدا هۆکارەکانی کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی ڕوون کردووەتەوە.

 

پانتیا ئیقبالزادە وەرگێڕانی بۆ کتێبەکانی "درێژترین شەو" لە نووسینی ماریون دینباور، "خێزانێکی باش و پاک وەک خێزانەکەمان"، "کۆرپەی تیمساح"، "ئازیزم! دیسانەوە کولێرەی میوە!”، “فڕۆکەی ئەنجێلا” و “شازادە لە کراسێکی کاغەزیدا” لە نووسینی ڕۆبەرت ئێم. مانیش کردووە و لە دوای خۆی بەجێی هێشتن.

 

ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و وەرگێڕانی ئێران لە دەیان ساڵی ڕابردوودا کەوتوونەتە ژێر گوشاری سیاسی و ئابووریی توندەوە، جگە لە قەدەغەکردن و سانسۆری جۆراوجۆر، نائەمنی کار هۆکاری سەرەکی دۆخی سەختی ئابوورییانە و هەندێک جار سەری کێشاوە بۆ کۆتایی هێنان با ژیان.