داواکاری بنەماڵەی شەنیاشار بۆ کۆبوونەوە ڕەتکرایەوە

ئامینە شەنیاشار بەهۆی نەخۆشییەوە بە کورسی گەڕۆکەوە چووە وەزارەتی داد و ویستی لەگەڵ وەزیری داد کۆببێتەوە، بەڵام داواکارییەکەی شەنیاشار ڕەتکرایەوە.

ئەنقەرە

 

ڕۆژی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨، کەسوکار و لایەنگرانی ئیبراهیم حەلیل یەڵدز، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپەی ڕەحا، هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار لە ناحیەی پیرسووسی شاری ڕەحا، لەو هێرشەدا هاوسەری ئامینە شەنیاشار و دوو کوڕی کوژران.

 

ئامینە شەنیاشار و کوڕەکەی فەریت شەنیاشار ئەندامی پەرلەمانی پارتی چەپی سەوزی ڕەحا کە بە برینداری لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاریان بووە، لە ٩ی ئادزاری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای ڕەحا دەستیان بە ئێشکگری بۆ دادپەروەری کرد.

 

ئەو بنەماڵەیە ئێشکگریەکەیان لە ڕەحاوە گواستەوە بۆ ئەنقەرە و ئەمڕۆش لە ٢٤هەمین ڕۆژدا ئێشکگرییەکە بەردەوام بوون، بنەماڵەی شەنیاشار بەر لە چوونە وەزارەت لێدوانێکیان دا، ئامینە شەنیاشار لە بەیاننامەکەدا دروشمی "دادپەروەری"ی هەڵگرتبوو، فەریت شەنیاشار لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەژنۆکانی دایکی نەخۆشە، بۆیە ڕۆژانە بە کورسی گەڕۆکەوە دەچێتە وەزارەت.

 

"دەمانەوێت دەستێوەردانی دەسەڵاتی دادوەری لاببرێت"

شەنیاشار بە بەردەوامی باسی لەوە کرد کە داواکارییان لە وەزارەتی داد هەیە و وتی: "ئەم داواکاریانەی ئێمە دەستوەردان نییە دژی دەسەڵاتی دادوەری، بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەیە کە خەڵکە دەستوەردانکەرەکان نەتوانن حوکم بدەن، ئێمە دەمانەوێت ئەم دەستە لاببرێت، چونکە براکەمان ٥ ساڵە زیندانی کراوە و بێتاوانە، گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای ئەمنی بەردەستە، ڕاپۆرتی پسپۆڕان لەبەردەستدایە، هەرچەندە بەڵگەی زۆر هەیە، بەڵام براکەم هێشتا زیندانی کراوە، ٣ مرۆڤیان کوشت، هەروەها یەکێک لە گەلەکەمان بە ناڕەوا و نایاسایی زیندانی کراوە."

 

داواکاری کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی داد ڕەتکرایەوە

پاشان بنەماڵەی شەنیاشار بە پێ بەرەو وەزارەت ڕۆیشتن، هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی-MYK ی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-IHD نورەی چەڤیرمەن و هاوسەرۆکی لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئەسلی سەراچ بەشداریان کرد، بەڵام پۆلیس ڕێگری لە IHD کرد، لە هەمان کاتدا پۆلیس ڕێگەی نەدا ڕۆژنامەنووسان وێنە بگرن، بنەماڵەی شەنیاشار هاتنە وەزارەتی داد و دەیانویست لەگەڵ وەزیر کۆببنەوە، بەرپرسانی وەزارەت ڕایانگەیاند، وەزیر نایەوێت کۆببێتەوە، سەرەڕای ئەمەش خێزانەکە لەبەردەم وەزارەتدا بەردەوام بوو لە چالاکییەکانیان.