زریانی "لان" ژاپۆن دەگرێتەوە

بایەکی توند و بارانبارینی بەخوڕ ژاپۆنی گرتوەتەوە، بەهۆیەوە ٩٠٠ گەشت هەڵوەشاوەتەوە و مەترسی بۆ سەر ژیانی دانیشتووان دروستبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، زریانی "لان" گەیشتە وشکانی لە ڕۆژئاوای ژاپۆن، بایەکی توند و بارانبارینی بەخوڕی هێنایە ئاراوە، مەترسییەکانی لافاو و ڕۆچوونی زەوی زیادیکرد، لە کاتێکدا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕۆچوونی زەوی و لافاو لە هیندستان بۆ ٦٥ کەس بەرزبووەوە، هاوکات ٢٤ کەس لە چین گیانیان لەدەستداوە.

 

دەسەڵاتدارانی ژاپۆن نزیکەی ٩٠٠ گەشتیان هەڵوەشاندەوە و لەگەڵ هاتنی زریانی ژاپۆن فەرمانیان بە ٢٤٠ هەزار کەس کرد بچنە شوێنێکی سەلامەت.

 

دەزگای کەشناسی ژاپۆن ڕایگەیاندووە، زریانەکە بای لەگەڵدا بووە کە خێراییەکەی دەگاتە ١٢٦ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، هۆشداری بۆ هاووڵاتیان بڵاوکردووەتەوە: "وریا بن لە بەرامبەر ڕۆچوونی زەوی و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچە نزمەکان و دروستبوونی لافاو و بای بەهێز".

 

بەرپرسان باس لەوە دەکەن کە دەیان هەزار خێزان بەشێوەیەکی کاتی بێ کارەبا بوون، باران و بای مەترسیدار بەشێک لە ڕێگاکانی داخست و دەیان خزمەتگوزاری شەمەندەفەری ڕاگرت.

 

ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ئامارێکی نوێ بڵاوکراونەتەوە، لە هیندستان ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕۆچوونی زەوی، لافاو و بارانبارینی بەخوڕەوە بۆ ٦٥ کەس بەرزبووەتەوە کە ١١ کەسیان بەهۆی داڕمانی پەرستگایەکەوەیە.

 

بارانبارینی بەخوڕ پرد و باڵەخانەکانی وێران کرد، هەروەها ئۆتۆمبێلەکانی لە ویلایەتی ئۆتاراکاند و هیماچال پرادێش کە دەکەونە باکوری وڵاتەکە زیانیان بەرکەوتووە و کەوتووەنەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکان.

 

لە چین ئەمڕۆ ٢٤ کەس بەهۆی ڕۆچوونی زەوی لە پارێزگای شانشی باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.

دەسەڵات بە فەرمی ڕایگەیاندووە، ڕۆچوونی زەوی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم ٢٤ کەس بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.