نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە خراپی دۆخی مرۆیی لە سودان

شەڕی بەردەوام لە سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە و کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی.

 

ناوەندی هەواڵ- لە کاتێکدا شەڕی سودان دەچێتە پێنجەم مانگیەوە، پێکدادانەکان لە وڵاتەکەدا بوونەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ناوەندە تەندروستییەکان لە خزمەتگوزاری دووربکەونەوە و هەڕەشە لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروست ببێت.

چوار مانگ دوای ئەوەی شەڕ لە سودان پێکدادانەکان بەردەوامن، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ئاب هۆشداری دا کە ملیۆنان کەس لە سودان خۆراکیان نەماوە و هەندێکیش بەهۆی نەبوونی چاودێری تەندروستییەوە گیان لەدەست دەدەن.

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، کات بەسەرچووە بۆ جوتیاران بۆ بەرهەمهێنانی ئەو دانەوێڵەیەی کە خۆراکیان پێدەدات، پێداویستییە پزیشکیەکان کەمن و دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.

ئێلیزابێس ترۆسێڵ، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: زۆرێک لە کوژراوەکان تەرمەکانیان کۆکراونەتەوە و ناسنامەیان نەدۆزراوەتەوە.

هەروەها ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە دوایین هەواڵدا ئاشکرایکرد کە شەڕی سودان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە چوار ملیۆن کەس، یەک ملیۆن و ١٧ هەزار و ٤٤٩ کەس کە هەڵهاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ، کە زۆربەیان بەهۆی ناکۆکی و قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنن، لە کاتێکدا ژمارەی ئاوارەکان لەناو سودان بە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.

 

ژنان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە

بەرپرسی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان وتی: ڕێژەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٠٠% زیادی کردووە لە ناوچەکانی شەڕدا کە ژنان ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر گەورە دەبنەوە، وتی ڕاپۆرتەکانی دەستدرێژی سێکسی بە ڕێژەی ٥٠% زیادی کردووەو لە کۆتاییدا دووگیان دەبن گرنگییەکی کەمیان هەیە یان هیچ گرنگییەکیان نییە.

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،  ئۆفیسەکەی ڕاپۆرتی باوەڕپێکراوی پێگەیشتووە دەربارەی ٣٢ ڕووداوی توندوتیژی سێکسی کە لە ٣ی ئابدا دژی ٧٣ ژن  ئەنجامدراون.

دەسەڵاتی نیشتمانی کارەبای سودان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە ناوچەیەکی گەورەی سودان بەهۆی بڕینی کارەباوە دەناڵێنن، هاوکات لەگەڵ ڕاگرتنی تۆڕەکانی پەیوەندییەکان.

نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی ئەوە دەکات کە بارانی مۆنسۆن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان بە ئاو زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەی باران نزیکەی ١٣ هەزارو ٥٠٠ ماڵی وێران کردووە.

مارگرێت هاریس، وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی: ٦٧%ی نەخۆشخانەکانی سودان دوای چوار مانگ لە دەستپێکردنی شەڕەکە خزمەتگوزاری پێشکەش ناکەن.

ڕوونیکردەوە کە ڕێکخراوەکە پشتڕاستی ٥٣ هێرشی کردۆتەوە بۆ سەر ناوەندەکانی چاودێری تەندروستی و بووە هۆی کوژرانی ١١ کەس و برینداربوونی ٣٨ کەسی دیکە، نائارامی لە کەرتی تەندروستیدا بووە هۆی ڕەتکردنەوەی دەستگەیشتن بە چارەسەری دەیان هەزار کەس.

ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر ٤٠%ی  دانیشتوان بەهۆی برسێتییەوە دەناڵێنن و یەک لەسەر سێی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵیش بەهۆی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.