زیانەكانی جگەرەکێشان بۆ ژنانی دووگیان

جگەرەکێشان چەندین زیانی تەندروستی بۆ ژنان لە ماوەی دووگیانی و کۆرپەکەی هەیە، بۆیە پسپۆڕانی تەندروستی ڕێنمای بە ژنان دەدەن کە دوور بکەونەوە لە جگەرەکێشان.

ناوەندی هەواڵ

 

جگەرەکێشان بۆ ژنانی دووگیان چەندین زیانی تەندروستی هەیە، هەر جگەرەیەک زیاتر لە چوار هەزار مادەی کیمیایی تێدایە کە زۆربەیان مەترسیدارن، بۆیە جگەرەکێشان لەکاتی دووگیانیدا زیان بە دایک و کۆرپەکەی دەگەیەنێت.

 

پزیشک هودی محێدین، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵ بوون ئاماژەی بە زیانەکانی جگەرەکێشان لە کاتی دووگیانی کرد و وتی: "کاتێک ژنانی دووگیان جگەرە دەکێشن، ئەوا ھەندێک جۆرێ ژەهر هەڵدەمژن و ئەم ژەهرانە بە وێڵاشدا تێپەردەبن، ئەم ماددانە دەگوازرێنەوە بۆ کۆرپەلەی گەشەسەندوو، ئەم ژەهرانە ڕێگری لە کۆرپەلەکە دەکەن لە وەرگرتنی سەرچاوەی گونجاوی خۆراک و ئۆکسجین کە پێویستی پێیەتی بۆ گەشەکردن."

 

هەروەها باسی لە زیانەکانی جگەرەکێشانی بۆ ژنانی دووگیان کرد: "ئەو ژنانەی جگەرە دەکێشن ئەگەری تووشبوونیان بە ئاڵۆزییەکانی دووگیانی وەک خوێنبەربوون زیاترە لە ماوەی دووگیانی و منداڵبوون."

 

هەروەها یەکێک لە زیانەکانی جگەرەکێشان لەسەر ژنان دووگیان ئەوەیە کە مەترسی لەبارچوون، مردنی کۆرپەلە ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوون زیاد دەکات، ئەم مەترسییە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە ژمارەی ئەو جگەرانەی کە ژنێک ڕۆژانە دەیکێشێت، جگەرەکێشان لە ماوەی دووگیانیدا ئەگەری تووشبوون بە کێشەی زگماکی لە منداڵە تازە لەدایکبووەکە زیاد دەکات.