تاوانەکانی سودان دەبنە تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی

لە سودان نزیکەی ١٤ ملیۆن منداڵ پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، تاوانەکان نزیکن لەوەی ببنە تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسانی دەزگا گەورەکانی فریاگوزاری پشتڕاستیان کردەوە کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ بیانوویەکی نییە" بۆ دواکەوتنی لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی سودان، کە چوار مانگ لەمەوبەر بوونەتە قوربانی ململانێی نێوان سوپا و هێزەکانی دەستێوەردانی خێرا.

 

ئەو بەرپرسانە کە سەرۆکی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە خێرخوازیەکانی وەکو Save the Children و CARE لەخۆدەگرن، دەڵێن: بانگەوازە مرۆییەکانمان دەتوانێت یارمەتی نزیکەی ١٩ ملیۆن کەس بدات لە سودان و وڵاتانی دراوسێ، بەڵام ئەو دوو بانگەوازەی کە دەستمان پێکرد زیاتر لە ٢٧٪ پارەیان بۆ دابین دەکرێت.

 

سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا داوایان لێکراوە کە "دەستبەجێ" شەڕ ڕابگرن و جەختیان لەوە کردەوە کە زۆرێک لەو پێشێلکاریانەی کە لەلایەن هەردوو لایەنی شەڕکەرەوە ئەنجام دەدرێن، یەکسانن بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

 

زیاتر لە ١٤ ملیۆن منداڵ پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، هەروەها زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس لە شەڕ هەڵاتوون و تا ئێستاش ئاوارەن لەناو وڵات یان پەنابەرن لە وڵاتانی دراوسێ.

 

لای خۆیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژە بە گیانلەدەستدانی زیاتر لە چوار هەزار کەس دەکەن کە سەدان هاوڵاتی مەدەنیشیان تێدایە، لە ئەنجامی ئەو ململانێیەی کە ماوەی چوار مانگە لە سودان بەردەوامە.

 

ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە لە نێو کوژراوەکاندا ٤٣٥ منداڵ و ٢٨ کارمەندی پزیشکی و مرۆیی بوون و باوەڕی خۆی دەربڕی کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر لەوە زیاترە.

 

لای خۆیەوە کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی گروپە چەکدارەکان و هۆشداریدا لەوەی کە ڕەنگە توندوتیژی لە ئەنجامدا پەرەبستێنێت.