خانەنشینان بەردەوامن لەناڕەزایەتی

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانیان خانەنشینان لە کرماشان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

کرماشان

 

وەک سێشەممەی پێشوو خانەنشینان لە کرماشان بە ژن و پیاو کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر هەڵاواردن و جێبەجێنەکردنی یاسا و خراپی بارودۆخی ژیانیان بە گشتی نیشان دا.

 

ئەم کۆبوونەوەیە کە هەموو هەفتەیەک لە بەردەم ڕێکخراوی خانەنشینی نیشتمانی کە دەکەوێتە سەر شەقامی کاسەرا، لە گۆڕەپانی فیردەوسی بەڕێوەچوو، بەهەمان شێوەی هەفتەکانی ڕابردوو خانەنشینانی ناڕازی دروشمەکانیان بەدەستەوە گرتبوو و هەروەها لەلایەن چەند کەسێکەوە وتار دەخوێندرایەوە بۆ ڕای گشتی، خانەنشینان ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە دۆخی ئێستا نیشان دا و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کرد.

 

یەکێک لە وتاربێژان حکومەت و بەتایبەت سەرۆک کۆماری ئێرانی ئاگادار کردەوە کە پێش ئەوەی ئەم کۆبوونەوەکان ببنە ملیۆنان کەس، پێویستە یاساکە جێبەجێ بکرێت و خانەنشینان مافی خۆیان وەربگرن.

 

یەکێک لە وتاردەرەکانی دیکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی داوای دەکەن یاساییە و پەسەندکراوە و وتی: " ناڕەزایی ئێمە دژی جێبەجێنەکردنی یاسا و پێشێلکردنی ئەو مافانەیە کە لە یاساکەدا دانپێدانراون، داوا لە هەموو خانەنشینان دەکەین بێدەنگ نەبن و لەگەڵمان بن، ئەگەر پێکەوە یەک نەگرین ناگەینە هیچ شوێنێک، ئەگەر تا ئەمڕۆ بێدەنگ بوویت، ئەمڕۆ ئەم بێدەنگییە بشکێنن، چونکە سەرکەوتن هی ئێمەیە."