"بە هیوای ڕزگارکردنی هەموو خەڵکی جیهان بەتایبەتی ژنانی ئازاد!"

یەڵدا وەک ملیۆنان ئەفغانی دیکە ناچار بووە ئەفغانستان بەجێبهێڵێت، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا جەخت لەسەر بەردەوامیی خەباتەکانی دەکاتەوە.

بەهاران لەهیب

 

کابول- یەڵدا ئەحمەد یەکێکە لە دەروونناسە ئەفغانیەکان، ئەو ڕۆژەی تاڵیبان هاتە ناو کابولەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک ژن کە بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی بووبوونەوە، سەرقاڵی کاری چارەسەری دەروونی بووە.

 

لەگەڵ بیستنی هەواڵی هاتنی تاڵیبان، هەمووان بەپەلە شوێنی کارەکەیان بەجێهێشت و بەرەو چارەنووسێکی نادیار ڕۆیشتن، یەڵدا وەک ملیۆنان ئەفغانی دیکە ناچار بووە ئەفغانستان بەجێبهێڵێت.

 

بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی دەسەڵاتی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستان، یەڵدا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت: " لەم دوو ساڵەدا خەڵکی ئەفغانستان بەتایبەت ژنان تاریکترین ڕۆژانی خۆیان بەسەر بردووە، هەژاری و بێکاری بەربڵاوە."

 

بە ئاماژەدان بەو ڕاستییەی کە لە کاتی هێرشی تاڵیباندا لەگەڵ کۆمەڵێک ژن چارەسەری دەروونی دەکرد، دەڵێت: " حەزم لە کارکردنە لەگەڵ ژنانی وڵاتەکەم و هەموو هەوڵێک دەدەم وزە بدەم بە ژنانی وڵاتەکەم بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ ژنانی پێشکەوتنخوازی جیهان دژی زنجیرەکانی ستەم و ژنکوژی بجەنگن."