ژنانی غەززە لە ژێر چادردا....بەرخۆدانێک کە ئاگری جەنگ نایکوژێنێتەوە
لە وڵاتێکدا کە وێران بووە، ژنان لە وەرزی ئاوارەیی و بێبەشیدا دەژین، لە بێدەنگییەکی نەگۆڕدا ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، لە بێدەسەڵاتیدا ئیرادەیەکی نەشکاو دروست دەکەن.

نەغەم کەراجە
غەززە-لە کەرتی غەززە کە شوێنی پشوودان نییە و ئاسمان بێدەنگی ناناسێت، وردەکارییەکانی ئازار و خۆڕاگری لە ڕوخساری ژناندا چڕتر دەبێتەوە، چادر بۆتە تاکە سەقفیان و شۆستە بووە بە پەناگەی هەمیشەییان، لە کاتی گەمارۆدان و ئاوارەبووندا تەنیا بەدوای جێ پێیەکدا دەگەڕێن لە نیشتیمانێکدا کە تەسک بووەتەوە بەسەریاندا.
لە کاتی سەردانێکی کامێرای ئاژانسەکەمان بۆ کەمپی ئاوارەکان لە غەززە، نزیک بووینەوە لە دوو چادر، یەکێکیان لەسەر شۆستەیەک لە ڕۆژئاوای غەززە و ئەوی تریان لە کۆڵانێکی قەرەباڵغی پڕ لە ئازار، کە ڕەشیدە مەعروف و ئینتسار سەبەح، دوو ژن بوون بە ئاوێنەی ڕاستەقینەی ئازاری ژنانی فەلەستینی.
لە ماڵێکی فرە نهۆمەوە بۆ چادرێک لەسەر قیر
ڕەشیدە مەعروف خەیاڵی ئەوەی نەدەکرد کە بگەڕێتەوە بۆ باکووری غەززە دوای ئاوارەبوونی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، دەبینێت شارەکەی بووە بە تارمایی کۆنکریت و خۆڵ، خەونی گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی خۆی دەبینی لەنێو کەمپی جەبەلیا، کە یادەوەریەکان لەسەر دیوارەکان هەڵواسرابوون و پێکەنین لە سووچەکان نیشتەجێ بوون، بەڵام کاتێک پێی لەوێ ناوە، دارووپەردووی ماڵەکەی بینی کە بێدەنگی باڵی بەسەردا کێشابوو.
وتی: ئەو ساتەی ماڵەکەم بینی بە ڕووخاوی، بە خەیاڵم نەدەهات ئەو هەموو نهۆمانە ببنە تۆز، تەنیا ماڵ نەبوو، بەڵکو پارچەیەک لە ڕۆحی من بوو، لەوێ دوو کوڕەکەم کوژران، لەژێر ئەو بەردانەدا نێژران کە خۆیان دروستیان کردبوو، ماڵەکەم نەماوە وە منداڵەکانیش ڕۆشتوون هەموو شتێک لەدەست چووە، ڕەشیدە مەعروف دەڵێت کاتێک سەیری کۆمەڵە بەردەکە دەکات.
ئەو بۆ ساتێکیش بیری لەوە نەکردۆتەوە کە بگەڕێتەوە بۆ باشوور، بڕیاری دا خێوەتەکەی لە تەنیشت داروپەردووەکان هەڵبدات، هەموو بەیانییەک کورسییەکەی لەبەردەمی دادەنێت، سەیری دەکات، وردەکارییەکانی دروستکردنەکەی بیردهێتەوە، لە بەردی یەکەمەوە تا دوایین پەنجەرە، پاشان بە دەنگێکی لەرزۆکە وتی: هەمووی قوربانی فەلەستینە... هەرچۆنێک بێت خاکەکەمان بەجێ ناهێڵین.
چادر لەسەر شۆستە... ئاوارەبوونی بەردەوام
دوای گەڕانەوەی بۆ باکوور، لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ٢٠٢٥ بۆردومانەکە دووبارە بووەوە و فەرمانی چۆڵکردنی نوێ دەرکرا، سەرەتا پشتگوێی خست، بەڵام کاتێک بینی مووشەک لە هەموو لایەکەوە دەبارێت، ناچار بوو خێمەکەی هەڵبگرێت،بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر بە بەردەوامی لەگەڵ سێ کوڕەکەیدا لەوێ بڕوات.
دەڵێت :ئێمە بەردەوام بووین لە ڕۆشتن سەرەڕای ماندووبونێکی زۆر، فرمێسکەکانم دەشاردەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانم نەڕوخێنن، جگە لە چادر و چەند وێنەیەکی دڕاو هیچمان لەگەڵدا نەبوو، ئێمە گەیشتینە غەززە، نەماندەزانی لە کوێ بمێنینەوە، هەموو کەمپەکان پڕن و هیچ شوێنێک بۆ ئێمە نەمابوو، بۆیە شۆستەکەمان هەڵبژارد وەک پەناگە.
چادرەکەی لە قەراغی شەقامێک هەڵدا، لەوێ لە ژێر دەنگی ئۆتۆمبێل و چاوی ڕێبواراندا، دەستی کرد بە بەشێکی نوێی تراژیدیا.
لەبەردەم چادرەکە دادەنیشێت، سەیری نەزانراوەکانی ژنیانی دەکرد، پاشان وتی: چی بەسەر ئێمەدا هاتووە؟
ئەم دۆزەخە چەندە دەخایەنێت؟
ساڵ و نیوێک لە ئاوارەبوون،برسێتی و سەرما، ژیانمان بووە بە کتێبێکی پڕ لە ئازار، ئێمە تامی ئاسوودەیی و ئارامیمان لەبیرچۆتەووە.
سەبارەت بەو سووکایەتییەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لەکاتی وەرگرتنی یارمەتیەکان، دەڵێت: یارمەتیەکان دەگمەنە و ئەگەر بگات، بە شێوەیەک پێمان دەدرێت کە وامان لێدەکات هەست بکەین مرۆڤ نین. ئێمە لە ڕیزێکی درێژدا دەوەستین، ناوەکانمان لە لینکی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکەین کە کار ناکات، وەک ئەوەی داوای خێرخوازی بکەین، مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت. ئایا ئەمە ئەو ژیانەیە کە ئێمە شایستەی بین؟
ئارامی حەفتا ساڵەی دڵڕەق
لە نزیک چادرەکەی ڕەشیدە مەعروفەوە ئینتیسار سەبح دەژیێت، ژنێکی بەتەمەن کە لە سەرەتای جەنگەوە سێزدە جار ئاوارە بووە، تاوەکو پارچە کاغەزێکی بچووکی ناو جانتاکەی بوو بە تۆماری ئەو پەناگانەی کە پێیدا تێپەڕیوە ،ئەو دەڵێت: هەموو ناوەندێک بەشێک لە ژیانی منی نووسیوە، هەر گەشتێکی ئاوارەیی پارچەیەک لە ڕۆحی منی بردووە، ئایا دەکرێت ژنێکی بەتەمەن ئەو هەموو مەودایە بەبێ ماڵ بەسەر ببات؟
سەری بە خەمبارییەوە ڕاوەشاندووە.
ئەو لەگەڵ دوازدە ئەندامی خێزانەکەیدا لەناو چادرێکی بچووکدا دەژی، لەوێ شوێنێکی نییە پاڵبکەوێت یان بە ئاسوودەیی بخەوێت: هەندێک جار بە دانیشتن دەخەوم و هیچ شوێنێک نییە پاڵبکەوم. چادرەکە دەمانخنکێنێت ، هەوا ناچێتە ژوورەوە ، شێ جەستەمانی خواردووە ... ئەمە چ ژیانێکە ؟
چ شکۆیەکمان ماوە؟"
نەخۆشی شەکرە و بەدخۆراکی
ئینتیسار سەبەح هەندێک جار نەخۆشی شەکرەکەی پشتگوێ دەخات لەناوەڕاستی ترسناییکانی ژیاندا، بەڵام باجەکەی دەدات.
"من پێویستم بە دەرمانی دیاریکراوە، بەڵام بەردەست نین.بە حەبی کەم کاریگەر ڕازی بووم، هەندێک جار لە ماندووبوون و برسێتی بێهۆش دەبم، کێ گرنگی دەدات؟
خواردن و ئاو ئێستا لە سەرەکیەکانی ژیانی ئێمەن، بەڵام تەنانەت خواردنیش بووەتە خۆشگوزەرانی.
هەموو شتەکان گران بووە، دەروازەکان داخراون و بازرگانەکان سوود لە ئێمە وەردەگرن. ئەگەر بمەوێت شتێک بکڕم، هەزار جار بیر دەکەمەوە، ناتوانم بەتەواوی بۆ خێزانەکەم دابینی بکەم، بۆیە خۆم بێبەش دەکەم ،بۆ ئەوەی منداڵەکانم دڵیان تەنگ نەبێت.
ئەو ئاماژەی بەوەدا کە تووشی بەدخۆراکی بووە کە کاریگەری لەسەر بینایی هەیە، پاشان بە گاڵتەوە پێدەکەنێت و دەڵێت: تەنانەت چاوەکانم دەستیان کرد بە خیانەتکردن، بەڵام کاتی گلەیی کردن نییە، ئێمە هەموو ڕۆژێک لە چادردا نێژراوین و کەس گوێی لێ نییە.
ئینتیسار سەبەح و ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی تووشی ئەنفلۆنزای بەردەوام بوون، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەستەیان ماندوو دەکات، بەهۆی سەرمایەکی سەخت کە شەوانە بەسەر چادرەکاندا هەڵیداوە، نەبوونی جیاکەرەوە،داپۆشەری پێویست ونەبوونی توانای گەرمکردنەوەی جەستەی لاوازیان کە لەسەر دۆشەکێکی تەڕ و ئاوی باران لە لایە کۆنەکانی چادرەکەوە دڵۆپە دەکات، ئەو بە سەیرکردنی سەقفی قوماشەکە ڕوونی دەکاتەوە "هەندێک جار دەبێت بە لەرزەوە بخەوین... جێگاکەمان تەڕە، جەستەمان دەلەرزێت و هیچ هەڵبژاردنێکی ترمان نییە.
ئەو ژنانەی کە لەجێی خۆیان ناجوڵێن...ئەگەر گەمارۆکە چڕتر ببێتەوە
سەرەڕای تۆپباران و هەڕەشەکانی ڕۆژانە، ڕەشیدە مەعروف و ئینتیسار سەبەح بیرۆکەی جێهێشتنی غەززە ڕەتدەکەنەوە.
" ئەگەر دەیانەوێت ئێمە بڕۆین، با بۆیان بڕۆن. ئێمەی خاوەن خاکەکەین، لە خاکەکەوە هاتووین و تێیدا دەمرین. خێوەتەکەم لەسەر شۆستەیە، بەڵام لەسەر خاکی خۆمە، من لە دەربەدەری نیم.
وتی: ئێمە لێرە بە پێوە دەمرین، نەک لە دەرگای دەروازەکان کە ناکرێتەوە، نە لە شەقامەکانی پەنابەران، جەنگ هەموو ڕۆژێک بەجێمان دەهێڵێت، بەڵام ئێمە خاکەکەمان بەجێ ناهێڵین.
دوایین هاوار: ئەمە کەی کۆتایی دێت؟
ئەوان دەڵێن: هاواری ژنانی غەززە گەیشتووەتە هەموو شوێنێک، بەڵام کەس گوێی لێ نەبووە. ئێمە تەنها داوای کۆتایی هێنان بە بۆردومانەکان دەکەین، ڕێگەمان پێبدەن بە ئاشتی بژین.
ژنانی غەززە ڕۆڵی دەوڵەت دەگێڕن لە بەخێوکردنی منداڵان و چاودێری نەخۆشەکان و بەرگەگرتن لە تراژیدیا.
ئایا ئەم خۆڕاگرییە شایەنی ڕێزلێنان نییە، نەک بۆمبارانکردن؟!
چادرەکان هەناسەی ژنەکانیان بێدەنگ کردووە، ژیانیانی لەنێویدا ناشتوە، ئێمە ژنین کە ناشکێین... تەنانەت ئەگەر لەسەر شۆستەش بخەوین.