عەریفە بەکر : ڕێککەوتنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەروازەیە بۆ ڕێککەوتنی دیکە

هیوایەکی زۆر لەنێو سووریاکاندا هەیە، ڕێککەوتنی نێوان ئەنجومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسعود و ئەشرەفیە لەلایەک، حکومەتی کاتی لەلایەکی دیکەوە هەنگاوێکی ئەرێنی بێت، بۆ بونیادنانی سووریایەکی خۆبەڕێوەبەر کە مافی هەموو هاولاتیانی مسۆگەر بکات.

ئەسما محەمەد 

 

قامیشلۆ- عەریفە بەکر، ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخستنی ئەنجومەنی ژنانی سووریا جەختی کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنەی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئەنجامدراوە سەرەتای لێک تێگەیشتنەکانی داهاتووە بۆ سووریایەکی نوێ، گەڕانەوەی ئاوارەکانە بەزۆر لە شارەکانی عەفرین، ڕەئس عەین، سەرێ کانیە و تل ئەبیض، کری سپی بۆ خاکەکانیان.

 

عەریفە بەکر داوای لە حکومەتی کاتی کرد کە پێداچوونەوە بە نووسینی دەستووری نوێ بکاتەوە و بیکاتە دەستوورێکی دادپەروەر، مافەکانی هەموو هاوڵاتیان مسۆگەر بکات، گەڕانەوەی سەلامەتی هەموو هاولاتیانی ناوچە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مسۆگەر بکات، ڕێککەوتنەکە لەنێوان ئەنجومەنی گەڕەکەکانی شێخ مقصود و ئەشرەفیەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبردن دیموکراتی واژۆ کراوە، یەکەم ڕێککەوتنی نێوان دەسەڵاتدارانی دیمەشق و ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبردن و لە ١٤ ماددە پێکهاتووە، بڕگەی شەشەمیش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا جێبەجێ کراوە، بڕیاری دەرچوونی هێزە سەربازییەکان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و مانەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

 

ئاماژەی بەوەکرد،  ڕێککەوتنەکە زۆر ئەرێنییە، پاش ئەو نەهامەتییانەی هاولاتیانی ئەم دوو گەڕەکە  چەشتویانە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە وڵاتەدا وتی: ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکە کە ڕەنگە دەرگا بۆ دامەزراندنی سووریایەکی لامەرکەزی بکاتەوە، ئێمە هەوڵدەدەین هەنگاوی نوێ بخەینە سەر سەرجەم ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شارەکانی تر.

 

عەریفە بەکر دانیشتووی شاری عەفرینە کە لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە ڕووی لە شاری قامیشلۆ کردووە ، هاولاتیانی شاری عەفرین لەوەتەی شارەکەیان داگیر کراوە، بەدەست ئاوارەیی و پەلاماردان و پێشێلکارییەکانی چەتەی تورکیای داگیرکەرەوە دەناڵێنن، ئاوارە بوون بۆ شەهبا و پاشان بۆ ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کاتی گەڕانەوەی هاولاتیانی ڕەسەنی شاری عەفرینە، بۆ خاکی خۆیان و گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی سووریا، بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان کە لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا لێی بێبەش بوون.

 

داوای گەڕانەوەی پارێزراوی کرد ، جەختی کردەوە کە عەفرین سەلامەت نییە و تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی هێشتا وێرانکاری تێدا دەکەن ،دەڵێت: ئێمە داوای گەڕانەوە بۆ ماڵەکانمان دەکەین کە لێیان بێبەش بووین ،ڕێککەوتن بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان لە سووریا ئەنجام بدرێت، هەوڵ دەدەین بگەینە چارەسەرێک کە هەردوولا ڕازی بکات، بۆ وەستاندنی شەڕ لە سووریا، دەبێت تورکیای داگیرکەر پابەند بێت بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجامیداون.

 

عەریفە بەکر، ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخستنی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی کاتی پێداچوونەوە بە نوسینی دەستووری نوێ بکات، بیکاتە دەستوورێکی دادپەروەرانە کە مافی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر بکات و داواکارییەکانی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەی سەلامەت جێبەجێ بکات.