سەپاندنی فێرکاری ئایینی لە ئەفغانستان

دایکانی ئەفغانی دەڵێن نایانەوێت کچەکانیان لەنێو ئەو ژنانەدا بن کە لە ژێر فکری تاڵیبان بچەوسێنرێنەوە.

بەهاران لەهیب

 

کابول- نزیکەی دوو ساڵ بەسەر حوکمڕانی تاڵیبان ئەفغانستاندا تێپەڕیوە و لەم ماوەیەدا هەموو ئەو سنووردارکردنانەیان بەسەر چالاکییەکانی ژناندا سەپاندووە، لەوانەش ڕێگەنەدان بە کچان  بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن لە دوای پۆلی شەشەم.

 

شەبانە شەبنەم، لە پارێزگای غزنی کچێک کە دوای تەواوکردنی پۆلی شەشەم ئیتر ڕێگەی پێنەدرا بچێتە قوتابخانە و ناچار بوو لە ماڵەوە بمێنێتەوە و لەگەڵ دایکیدا کارەکانی ماڵەوە ئەنجام بدات.

 

شەبانە دەڵێت: "کاتێک دەچوومە قوتابخانە، ناچاریان کردین حیجاب لەبەر بکەین و نەیانهێشت بە جلەکانی پێشوومانەوە بچینە ناو قوتابخانەکە، هەندێک کچ ئەم یاسایەیان قبوڵکردووە و هەندێکی دیکەش ڕەتیانکردووەتەوە".

 

قوتابخانەکانی گوندە دوورەدەستەکان دۆخێکی جیاوازیان هەیە لە قوتابخانەکانی شار و بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی شیاوەوە ئەو کەسانەی ئەرکیان سەپەناندی "فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە"ن ناچنە ئەوێ.

 

شەبانە ئاماژەی بەوەدا: " ئێمەی کچان ئارەزووی خوێندنمان هەیە، بەڵام لە تاڵیبانەوە ڕێگەمان پێنادرێت لە قوتابخانە بخوێنین، دەمانەوێت بچینە قوتابخانە ئاینییەکانی ناوچەکەمان، بەڵام دایک و باوکمان ڕێگەیان پێنادەن".

 

لە دایکی شەبانەمان پرسی، بۆ ناهێڵی شەبانە بچێتە قوتابخانە ئاینیەکان؟

 

وەڵامی دایکی ئەوە بوو: "نامەوێت کچەکەم یەکێک بێت لەو ژنانەی بیر لە تاڵیبان دەکەنەوە و سەرکوتدەکرێن بیرۆکەی تاڵیبان و گروپە ئاینییە توندڕەوەکانی دیکە پەسەند دەکەن".