تاژێ: بە یەکگرتنی ژنان کۆتایی بە فەرمانەکان دەهێنین

لە دەیەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لەگەڵ ژنانی دەزگا و ڕێکخراو و حزبەکان لە سلێمانی کۆبووەوە.

شیلان شەنگال

 

شەنگال- بە نزیکبوونەوە لە ساڵیادی فەرمانی ٧٤ کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ کرایە سەر ئێزدییەکان، تەڤگەری ژنانی ئێزدی لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتی ژنان، بزووتنەوەی گۆڕان، ڕێکخراوی میترای کاکەیی، کۆنگرەی ستار و ژمارەیەک لە پێکهاتە هەرێمییەکانی وەک کوردی فەیلی، کریستییانی، زەردەشتی کۆبوونەوە.

 

"دەبێت ژنان خاوەنداری شەنگال بن"

ئەو بابەتانەی کە لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆیان لەسەر کرا، بارودۆخی ژنانی ئێزدی و بارودۆخی بەدیلگیراوانی ژێردەستی چەتەکانی داعش، ناساندنی جینۆسایدی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە جیهاندا و دادگاییکردنی چەتەکانی داعش بوون.

 

لە کۆبوونەوەکاندا ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕێکخراوی میترای کاکەی، کوردانی فەیلی، کریستیانی، زەردەشتی و کۆنگرەی ستار دەربارەی یەکگرتوویی ژنان وتیان: دەبێت ژنان لە جیهاندا خاوەنداری لە ژنانی ئێزدی بکەن، ئێش و ئازاری ژنان و کۆمەڵگەی ئێزدی وەک ئازاری خۆیان ببینن و فەرمانی ٧٤، کە لەسەر خەڵکی شەنگال ئەنجام دراوە وەک فەرمانێک لەسەر خۆمان دەبینین.

 

"ناساندنی جینۆساید پرسێکی ئەخلاقی و ویژدانیە"

لە کۆبوونەوەکەدا ژنان ئاماژەیان بەوەکرد، ناساندنی جینۆسایدی شەنگال کە لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی کرا بابەتێکی ویژدانی و ئەخلاقی و مرۆڤایەتییە، پێویستە هەموو ژنانی ناوچەکە و جیهان لە پێش هەموو شتێکەوە خاوەنداری لە کۆمەڵگەی ئێزدی بکەن و بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش دەبێت هەموو کەسێک خاوەن هەڵوێست بێت.