ڕۆژنامەنووس نەشە تۆپراک: گۆشەگیری جددی لە زینداندا هەیە

ڕۆژنامەنووس نەشە تۆپراک دوای ئازادکردنی ڕایگەیاند، زیندانییەکان بە شێوەی گۆشەگیری لە زیندان ڕاگیراون و تووشی پێشێلکاری توندی مافەکان دەبنەوە، بۆ کۆتایی هێنان بەو پێشێلکارییانە دەبێت بە شێوەیەکی بەهێز لە خەباتمان بەردەوام بین.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە کارە پیشەییەکانیان بە تاوان هەژمار دەکرا و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی ئامەد لە باکووری کوردستان لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ دەستگیر کران، لە یەکەم دانیشتنی دۆسیەکەدا لە ١٢ی تەمموزدا ئازاد کران، ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە بەرگرییەکانیان لە دانیشتنەکەدا، ئەو تۆمەتە ٧٠٠ لاپەڕەیەی کە ئامادە کرابوو لەسەریان، ڕەتکردەوە.

 

یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە ئازادکراوەکان بە ناوی "نەشە تۆپراک" سەبارەت بە پرۆسەی دەستگیرکردن و پێشێلکردنی مافەکان لە زیندان وتی: چاوەڕێی دانیشتنەکە بووین تا تێبگەین چی ڕوویداوە، هەموو ئەو کارانەی لەم پرۆسەیەدا کران نایاسایی بوون، گەورەترین نادادپەروەری ئەوە بوو کە تۆمەتەکە دوای ١٠ مانگ دەرچوو، چەند مانگێک چاوەڕێیان کرد، چونکە هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیبووەوە، تۆمەتێکی ٧٠٠ لاپەڕەیی لەبەردەمماندا دەرکەوت و بە پێکەنینەوە تۆمەتەکەمان خوێندەوە، کاتێک دەزانیت چی دەکەیت و شەڕی چی دەکەیت و بۆچی دەستگیرکرایت، هەمیشە دڵت ئارامە، ١٣ مانگ چاوەڕێی دادگا بووین و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر کراین، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێتی و تاوان.

 

"لە زینداندا گۆشەگیری هەیە"

نەشە تۆپراک باسی لەوەکرد، زیندانی ژنانی ئامەد کە بۆ ماوەی ١٣ مانگ تیایدا زیندانی کراون، ڕووبەڕووی پێشێلکاریی توندی مافەکانیان بوونەتەوە، وتیشی: گەورەترین کێشە گۆشەگیرییە لە زینداندا، ڕێگەمان پێنەدرا چاومان بە زیندانییەکانی دیکە بکەوێت، دۆخی چوونە ناوچەی هاوبەش یان پێکەوە چوونە دەرەوە بۆ وەرزش بابەتی گفتوگۆ نەبوو، جگە لەوەش لەناو قاوشیشدا کامێرا هەبوو، کە ٢٤/٧ سەیری ناو زیندانەکە دەکرا، بەم شێوەیە ئێمە لە زیندانێکی تردا بووین لە ناو زینداندا، ئێمە نەماندەتوانی بە ئازادی لە ناوەوە بجوڵێین، هەروەها ئەو زیندانیانەی چوونەتە نەخۆشخانە کەلەپچەیان کردوون، داواکارییەکانمان لەم بارەیەوە وەرنەگیرا، ئێمە لە دژی ئەم پێشێلکاریانە مانگرتنمان لە خواردن ڕاگەیاند، هەموو شتێک لە خواردنەوە تا ڕۆژنامە لە زینداندا سنووردار بوو.

 

نەشە تۆپراک، جگە لە ناسنامەی ڕۆژنامەنووس، نیگارکێشیشە و باسی لەوەکرد، لە زینداندا نەیتوانیوە وێنە بکێشێت، چونکە نەیتوانیوە ئەو کەرەستانە بەدەستبهێنێت کە ویستویەتی لە زینداندا، وتیشی: لە کاتی شۆڕشی ڕۆژئاوا ویستم تابلۆیەک بۆ ٨ی ئادار بکەم، بەڵام داواکەم ڕەتکرایەوە و نەمتوانی وێنە بکێشم، بۆیە لەسەر حیجابێکی سپی ژنێکی قژ درێژم بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان بە دەرزی چنی، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی ویستم بینێرمە دەرەوە، دەستگیرنامەکەم نێردرا و دەست بەسەر کارەکانمدا گیرا، ئێمە ناڕەزایەتیمان بەرامبەر ئەمە بوو، بەڵام ناڕەزایەتییەکانمان لە هەموو شوێنێک ڕەتکرانەوە و دەستی بەسەردا گیرا، زۆر سەیرە کە فیگەرێکی ژن، فیگەرێک کە بەرخۆدانی ژنێک نیشان دەدات، بەم هۆیەوە دەستی بەسەردا بگیرێت.

 

نەشە تۆپراک ڕایگەیاند کە ئەوان بە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاری مافەکان و دەستبەسەرکردنی نایاسایی سەرنجیان لەسەر کارەکانیان دەبێت و وتی: لە هەموو شوێنێک دۆخی ڕێگریکردن لە دژی ژنان بابەتی گفتوگۆیە، ژنان هەمیشە لە دژی ئەوان خەبات دەکەن و بەدوای مافەکانیاندا دەگەڕێن، ڕۆژنامەگەری و هونەر یەکێکن لە ئامڕازەکانی تێکۆشان، ئەو نادادپەروەرییانەی کە تووشی دەبین، بەهێزترمان دەکەن. لەم خاڵەدا باوەڕم وایە ئەو پرۆسەیەی کە پێیدا تێدەپەڕم، هێزم پێدەبەخشێت و وا دەکات زیاتر بەشداری خەبات بکەم، لەو کاتەدا نەمانتوانی پیشەکەمان بەجێ بێنین، لە مافەکانمان زەوت کراین، بەڵام لە پرۆسەکانی داهاتوودا بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە لێرە دەبین و بە ئیرادەوە درێژە بە خەباتمان دەدەین.