ژنان و منداڵانی ناو کەمپەکان پێویستیان بە پاراستن هەیە

لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا سێ منداڵ و ژنێک لە ناوەندەکانی کەمپی شاری سەمسور دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، ژنان و منداڵانی ناو کەمپەکان پێویستیان بە دابینکردنی سەلامەتی و تەندروستی هەیە.

مەدینە مامەدئۆغلۆ

 

سەمسور- وێرانکاری و زیانەکانی بوومەلەرزەکەی ٦ ی شوبات لە تورکیا و سووریا، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تا ئێستا کاریگەری لەسەر خەڵکی ناوچەکە بەجێهێشتووە.

 

هەرچەندە پێنج مانگ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیووە، بەڵام کێشەی نەبوونی خانووبەرە و دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکان و ئاسایش بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە هێشتا بەردەوامن.

 

پەنابەرانی سووری دانیشتووی شاری سەمسور لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو شارە لەناو چادرەکان جێگیر کراون، لە ناوچەی کەمپەکان، زۆرجار کارەبا دەبڕدرێت و تەوالێتە گشتیەکانیش بەکاردەهێنرێن، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەسپێ و ڕشک لەناو کەمپەکان، چوونە ژوورەوەی کەسانی بێگانە قەدەغەکراوە.

 

لە کەمپەکان هیچ ئاسایشێک نییە

دانانی کەمپەکان لە مەودایەکی کورتدا مەترسی بۆ سەر ئاسایش و ژیانی کەسی قوربانیانی بوومەلەرزەکە دروستکردووە، لە ماوەی پێنج مانگی دوای بوومەلەرزەکە سێ منداڵ و ژنێک دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، لە ناوەندی ئەو کەمپانەی کە ئافاد دایاننابوو دەرکەوت ژنێک دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و دەستدرێژیکارەکەش لەگەڵ خێزانەکەی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە.

 

سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند کە سێ خێزان لەگەڵ ڕوودانی دەستدرێژی سێکسیدا ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن، هەروەها کەمپەکان کۆدەکرێنەوە.

 

یەکشەممەی ڕابردوو، منداڵێک لەلایەن باوکی ھاوسەرەکەیەوە دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر لە سەنتەری چادرەکانی ئافاد، دوای زانینی ڕووداوەکە، خێزانی منداڵەکە بە پۆلیسیان ڕاگەیاند و دەستدرێژیکارەکە دەستگیرکرا.

 

"شاهیدی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانین"

گۆکچە کۆرکەماز پسپۆڕی دەروونناس بە ئاماژەدان بە کێشەی دانیشتوانی کەمپەکان سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان هەڵسەنگاندنێکی کرد، وتی: " دوای پێنج مانگ لە بوومەلەرزەکە، هێشتا سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک شوێنی حەوانەوە و خۆراک دابین نەکراوە و دەرئەنجامی زۆری هەیە، ئێمە شاهیدی زیادبوونی حاڵەتەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانین لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، چونکە ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین " پیاوسالاری" هەوڵی دروستکردنی بارودۆخێک دەدات کە بمێنێتەوە."

 

هیچ ئامێرێک بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی نییە

گۆکچە کورکەماز ڕایگەیاند، " ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان بەس نین، لەبری ئەوەی ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەربەستن لەسەر ڕێگای ئەو ژنانەی کە دەیانویست ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن، لە ڕاستیدا سەرەڕای هەلومەرجێکی فاشیستی لەو جۆرە دەسەڵاتی "پیاوسالاری" گەشە پێدەدات و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا خۆش دەکات."

 

پێویستە لە زووترین کاتدا سەلامەتی ژنان و منداڵان دەستبەر بکرێت

 گۆکچە کۆرکماز وتی: " پێویستە دڵنیایی سەلامەتی منداڵان و ژنان و میکانیزمەکانی ڕێگریکردن لە توندوتیژی بە شێوەیەکی کاریگەرتر لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکان و کەمپەکان دابمەزرێنرێت، هەروەها پێویستە زانیاری لەو بارەیەوە پێشکەش بکرێت."

 

گۆکچە کۆرکماز درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: " پێویستە سەرجەم فەرمانبەران لە توندوتیژی پیاوان ئاگادار بکرێنەوە، لەم قۆناغەدا پێویستە وۆرک شۆپی ڕاهێنانی بەرگری لە خۆ لە ناوەندەکانی کەمپکردندا ئەنجام بدرێت، جگە لەوەش پێویستە هاودەنگی لەنێوان ژنان زیادبکرێت، بێگومان ئێمە چاوەڕوانییەکی وامان لە حکومەت نییە، بەڵام حکومەت بەرپرسیارە لە خەڵکەکەی."