سودان، بەهۆی پەرەسەندنی هێرشەکانەوە ٣ ملیۆن کەس ئاوارەبوون

هێرشەکان لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان پەرەی سەند و ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان لە دارفور.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی ململانێکان لە سودان زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس ئاوارە بوون ئەمڕۆش میدیاکانی سودان بڵاویانکردەوە، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان لە شارۆچکەی کاس لە باشووری دارفور، بووەتە هۆی هەڵاتنی نزیکەی پێنج هەزار خێزان کە بەشێکیان لە کەمپەکانی ئاوارەکان بوون، سەندیکای پارێزەرانی دارفور کە چاودێری ڕەوتی ململانێکان دەکات، هێرشەکەی سەر شارۆچکەی کاسی ئیدانە کرد کە بووەتە هۆی حاڵەتی تاڵانکردن و دزیکردن.

 

شەڕی بەردەوام بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان، کە نزیکەی ٣ ملیۆن کەس بوو، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەسیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون، ئەمە جگە لە زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی بە هۆکاری نەتەوەیی لە ناوچەی دارفور، ڕەوتی ئەو خەڵکەی کە لە ململانێکان هەڵدێن بۆ وڵاتی چادی دراوسێ بەردەوامە، ژمارەی پەنابەرانی سودان تەنیا لە شاری ئادرێی چاد گەیشتووەتە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس.

 

دەسەڵاتدارانی چاد کۆی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سودانەوە گەیشتوونەتە وڵاتەکەیان بە نزیکەی ٢٥٠ هەزار مەزەندە کردووە، جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئەو پەنابەرانە پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە وەک خۆراک و دەرمان و چادر.