١٩ حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە

لە چەند مانگی ڕابردوودا ١٩ حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی گیراوەتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە چەند مانگی ڕابردوو تا ئێستا ١٩ حاڵەتی توشبوونی نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە.

 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی ڕایگەیاند، لەماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا وەزارەتەکەیان ١٩ حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی تۆمارکردووە و بەهۆی نەخۆشییەکەوە شەش کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

ڕاشیگەیاندووە، سەرجەم ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕووبەڕووبوونەوە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی گیراوەتەبەر، پێویستە ئەو کەسانی گومانی هەبوونی نەخۆشییەکەیان لێدەکرێت، بەمەبەستی  وەرگرتنی چارەسەر سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکەن.

 

سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەدا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئامانجی چارەسەرکردنی ڤایرۆسەکە دابینکردووە لە ئاژەڵان، تا ڕێگری لە بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی بۆ مرۆڤ بکرێت.