"شۆڕشی ١٩ی تەمموز دیموکراسی و ئازادی گەل و ژنان دەستەبەر دەکات"

سیمپۆزیۆمێک دەربارەی دەستکەوتەکانی ژنان و پاراستنی بە درێژای شۆڕشی ١٩ تەمموز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو، لایەنە بەشداربووەکان جەختیان لە یەکخستنی هەموو ڕیزەکانی ژنان کردەوە.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- ئەمڕۆ، لە ژێر ناونیشانی "بە ڕۆحی خۆڕاگری ژنان و ئیرادەی گەلی شۆڕشگێڕ، لە ١٩ی تەمموزەوە هەنگاو دەنێین"، هاوکات لەگەڵ یادی یازدەهەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک- پەیەدە سیمپۆزیۆمێکی ڕێکخست.

 

سیمپۆزیۆمێک لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە بەشداری دەیان نوێنەری دامودەزگا و ناوەندەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراسی و پارتە سیاسییەکانی ناوچەکە، ڕێکخرا.

 

سیمپۆزیۆمەکە دەربارەی ڕۆڵی ژنان بوو لە شۆڕشی ١٩ی تەمموز و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستیان هێناوە، هەروەها ڕۆڵی پێشەنگایەتی کە مانا و کارەکتەری جیاوازی لە شۆڕشەکانی تری بەخشی، توانی بە ئامێزگرتنی هەموو پێکهاتەکان، کولتوور و زمانەکان جارێکی دیکە ژیان بگەڕێنێتەوە بۆ خەڵکی ناوچەکە و سەرکەوتنی گەورەیان لە هەموو ئاستەکاندا بەدەستهێنا.

 

لە پەراوێزی سیمپۆزیۆمەکەدا، فەریحە ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک عەفرین-شەهبا، وتی: " ئەم سیمپۆزیۆمە هاوکات لەگەڵ یادی یازدەهەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ی تەمموز، بۆ تاوتوێکردنی دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە ڕێکخرابوو، پێویستە سوودی لێ ببینین بە گەشەدان بو خود، کاری ڕێبەرایەتیکردنی کۆمەڵگە، تا دەنگی ئەم شۆڕشە کە بگاتە هەموو جیهان."

 

وە ئاماژەی بەوەدا کە "سیمپۆزیۆمەکە بابەتێک لەخۆدەگرێت، و ناونیشانەکەی ژن و شۆڕشی ١٩ی تەمموزە، باس لە سەرەتای ئەو ڕووداوانە دەکات کە لە سوریا ڕوویانداوە و چۆن توانیمان شۆڕشی ١٩ی تەمموز لە ناوخۆدا ئەنجام بدەین، قەیرانی سووریا و دامەزراندنی ئەم شۆڕشە لەسەر ئەو بنەمایانە بوو کە پێشتر لەلایەن خەڵکەوە ڕێکخرابوو."

 

فەریحە ئەحمەد، بەبیریهێنایەوە ژنان لە شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە و وتی: " ئێمە وەک ژن، پێویستە ڕیزەکانمان یەکبخەین و خەباتمان بەرز بکەینەوە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە ئەم شۆڕشە لە ڕێگەی خەبات و بەرخۆدانەوە بەدەستیهێناوە، لە پێناو گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی."

 

لای خۆیەوە ئامینە مەلا حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ژنانی عەفرین-شەهبا، باسی لە گرنگی ئەم سیمپۆزیۆمە کرد، "دروشمی سیمپۆزیۆمەکە ناوەڕۆک و گرنگی سیمپۆزیۆمەکە نیشاندەدات، ژنان لە چوارچێوەی شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا سەرکەوتنیان بەدەستیان هێنا، پێویستە دەستکەوتەکانیان بپارێزین و بەردەوامبین لە خەبات بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەو هێزانەی کە ئەم شۆڕشە دەکەنە ئامانج."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ژنان لەناو شۆڕشدا داستانی ئەفسانەیییان تۆمارکرد، ئەوان سەرکردە و تێکۆشەر بوون لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەم شۆڕشە، لە بەرامبەر کۆیلایەتی و نادادپەروەریدا وەستابوونەوە کە پێش شۆڕش کەوتبوونە ژێر کاریگەرییەوە و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە پەراوێزخرابوو، شۆڕشی ١٩ تەمموز زنجیرەی ستەمکاری لە دژی ژنان شکاند و لە ژێر سەرکردایەتی کۆمەڵگاکەیاندا پێگەی پێشەنگیان بەدەستهێنا."

 

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ناوچەی عەفرین، موشیرە مەلا ڕەشید، ئاماژەی بەوەدا "شۆڕشی ١٩ی تەمموز وەڵامێک بوو بۆ هەموو ئەو هێزە ستەمکارانەی مافی خەڵکی ناوچەکەیان دزی".

 

وە ئاماژەی بەوەدا کە "ئەم سیمپۆزیۆمە کار لەسەر دیالۆگ و گفتوگۆی بەرفراوان دەکات بۆ شیکردنەوەی ئەوەی لە مێژوودا ڕوویداوە و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمموز کە ١١ ساڵی خایاندووە، وە ئێستاش بە ڕێکخستنێکی گەورەوە بەردەوامە لە لایەن ئەو خەڵکەی کە ئەم شۆڕشە و ئامانجەکانی وەک بنەمای ژیانیان هەڵبژارد، توانی مافەکانیان بپارێزێت و هەموو پێکهاتەکانی کۆکردەوە، برایەتی گەلان و پێکەوەژیان لە نێوانیاندا وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی شۆڕشێکی ڕزگاریخواز و کۆمەڵایەتی و دیموکراسی پەرەیسەند.

 

موشیرە مەلا ڕەشید دووپاتی کردەوە کە " شۆڕشی ١٩ی تەمموز بووەتە پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی دیموکراسی بۆ هەموو کولتوورەکان، ژنانیش ڕۆڵی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا سەلماندووە، بۆیە شۆڕشی ١٩ی تەمموز گرەنتی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەکات و دەبێتە ڕێگای ئازادی و دیموکراسی".