گەشتی ئیرشاد بۆ شەقامەکانی سنە گەڕایەوە

گەشتی ئیرشاد لە شاری سنە گەڕاوەتەوە و لەبارەی جلوبەرگی ژنانەوە هۆشداری دەدات، بەڵام ژنان سوورن لەسەر نافەرمانی مەدەنی.

سنە

 

دوێنێ، ١٧ی تەمموز، خەڵکی شاری سنە جارێکی دیکە لە شەقامەکاندا ڕووبەڕووی گەشتی ئیرشاد-پۆلیسی ڕەوشت بوونەوە، ئەو ژنانەی سەر بە ڕژێمن و دژی ئازادی ژنانن، بە چارشێوی ڕەشەوە لە گۆڕەپانی ئازادی شارەکە بینران.

 

پۆلیس و ژنانی چارشێو ڕەشی سەر بە ڕژێم لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەکانی دەوریەی ئیرشاد وەستابوون و چاودێری ژنەکانیان دەکرد، ژنانی بێ حیجاب بەلایابدا تێدەپەڕین و پۆلیسەکان هۆشدارییان دەدا لەوەی کە حیجاب بپۆشن، ئەگەرچی ئەمجارە تەنها ئاگادارییان دەدا، بەڵام دیارە هەنگاوی داهاتوو، دەستگیرکردنی ژنانی بێ حیجابە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، کە نزیکەی ٢ مانگ ماوە بۆ ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی، ئەم هەنگاوەش تەنها دەبێتە هۆی توڕەیی زیاتری خەڵک و ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە، ئەو ژنانەی پێشتر هاتووچۆیان لە نزیک گۆڕەپانی ئازادی دەکرد، دەڵێب: پاشەکشە ناکەین چونکە ئەگەر شکستمان هێنا تا کۆتایی سەرکوت دەکرێین.