کەشوهەوای گەرم، کارکردنی ئاگادارکردنەوە نوێیەکانی تەندروستی گەرما

بەهۆی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، سیستمێکی ئاگارکردنەوە لەلایەن دەزگای ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا و فەرمانگەی کەشناسی بەڕێوەدەبرێت، کە خەڵک لە کاریگەرییەکانی پلەی گەرما ئاگادار دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەم سیستەمە لەلایەن دەزگای ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا UKHSA و فەرمانگەی کەشناسی بەڕێوەدەبرێت، ئاگادارکردنەوە بۆ خەڵک دەردەکات و ڕێنمایی ڕاستەوخۆ بۆ حکومەت و پیشەییەکانی دیکەی چاودێری تەندروستی دەنێرێت.

 

ئاگادارکردنەوەکان بەپێی توندی پۆلێن دەکرێن و بریتین لە سەردێڕی کەشوهەوا کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێشبینی دەکرێت، وردەکارییەکانی ئەوەی کە چۆن بارودۆخی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر هەر ناوچەیەک دەبێت، لینکی زانیاری و ئامۆژگاری و ڕێنمایی زیاتر.

 

ساڵی ڕابردوو گەرمترین ساڵی بەریتانیا بوو، کۆنینگسبی لە لینکۆڵنشایر لە ١٩ی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٢ پلەی پێوانەیی گەیشتە ٤٠.٣ پلەی سیلیزی، گەرمترین ١٠ ساڵ کە تۆمارکراوە هەموویان لە دوو دەیەی ڕابردوودا ڕوویانداوە و فەرمانگەی کەشناسی پێشبینی دەکات ساڵی ٢٠٢٣ لە ساڵی ٢٠٢٢ گەرمتر بێت.

 

دکتۆر مات پاتەرسۆن لە زانکۆی ئۆکسفۆرد ڕایگەیاندووە، "لە بەریتانیا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەردەوامی هەیە لەگەڵ بەردەوامبوونی جیهان لە سووتاندنی سووتەمەنی بەردینی، پێویستە ژێرخانی خۆمان نوێ بکەینەوە بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵک بدەین لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەواماندا."

 

ئاستی ئاگادارکردنەوە لەسەر بنەمای پێشبینی و داتاکانی فەرمانگەی کەشناسییە، چوار ئاست هەیە لە سەوزەوە دەست پێدەکات، کەمترین توندی پلەکانی گەرما تا ڕەنگی سوور کە توندترین پلەکانی گەرمایە.

 

سەوز ئاستی ئاساییە، لەو کاتەدا ئامۆژگاری دەکرێت کە چۆن دەبێت خەڵک خۆیان ئامادە بکەن بۆ وەڵامدانەوەی ئەگەر پلەکانی گەرما بەرزببنەوە.

 

ئاگادارکردنەوەی زەرد لە ماوەی کەشوهەوای گەرمدا دەردەچێت کە تەنها ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە هەبێت کە بە تایبەتی لاوازن، بۆ نموونە بەساڵاچووان یان ئەوانەی کە بارودۆخی تەندروستییان هەیە.

 

ئاگادارکردنەوەی سوور توندترینە، ئەمەش لەو بارودۆخانەدا دەردەچێت کە کەشوهەوای گەرم مەترسییەکی بەرچاو بۆ سەر ژیان تەنانەت بۆ دانیشتوانی تەندروستیش دەبێت.

 

هەروەها ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی شکستی ژێرخانی نیشتمانی گرنگ، وەک پچڕانی کارەبا یان داخستنی ڕێگاوبان و هێڵەکانی شەمەندەفەر بەهۆی گەرمبوونی زۆرەوە.

 

ئەگەر سیستەمی ئاگادارکردنەوە لە شوێنی خۆیدا بووایە کاتێک بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ پلەی گەرمی ٤٠ پلەی سەدی بەدەستهێنا، پێدەچێت ئاگادارکردنەوەیەک لەم پۆلەدا هەبووایە.