یەکێک لە ژنانی شۆڕش گوڵستان عەلی: شۆڕشی ژنان بووە نمونە

گوڵستان عەلی، ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، یەکێک لە پێشەنگانی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باسی بەشداریکردنی لە شۆڕشدا کردو وتی: شۆڕشی ژنان بووە نمونە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ-هەمووان باس لە شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بونیادنانی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی ژنان دەکەن، ژنان ئەرکی گۆڕینی هۆشیاری پیاوان و بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و یەکسان و جیهانێکیان بینی کە تێیدا مافەکانی ژنان لە ئەرکە بنەڕەتییەکانیان نەچەوسێندرێنەوەو بەو پرەنسیپەوە دەستیان کرد بە گەشتکردن بۆ ئازادی.

 

گوڵستان عەلی، ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یەکێک لە ژنانی پێشەنگی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باسی بەشداریکردنی لە شۆڕشی ژنان و ئەو دەستکەوتانەی ژنان لە ڕێگەی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکەوە بەدەستیان هێناوە کردو وتی: بە هێزی پێشەنگایەتی ژنان و کۆمەڵگە، دەتوانین پێکەوە چەندین دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنین.

 

ئەو ڕێپێوانەی کە بە شۆڕش دەستی پێکرد

گوڵستان عەلی، تەمەن ٣٤ ساڵ، دایکی منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵە. خەڵکی باکوری کوردستانە و ئێستا لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری قامیشلۆ لە هەرێمی جزیرە دەژین، لە ساڵی ٢٠٠٦، بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی حەلەب تەواو کردووەو لە ئێستادا لەگەل کاری ڕێکخراوەیی و کارگێڕی خۆیدا بۆ ساڵی سێیەم لە زانکۆی ڕۆژئاوا بۆ یاسا دەخوێنێت، لە ساڵی ۲۰۱۳، یەکەم کەس بوو کە بەشداری لە شۆڕشدا کرد، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک TEV-DEM دروست بووم دواتر وەک بەڕێوەبەر و دواتر هاوسەرۆکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی SCS دەستنیشان کرا، پێشەنگ بووە لە شارەوانییەکانی خەڵک، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ژنان، گوڵستان عەلی هەشت مانگ لەمەوبەر وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک دەستنیشانکرا.

 

"بە پرسیاری دەمەوێت چی بکەم بۆ کۆمەڵگە؟ دەستم کرد بە کارکردن"

گوڵستان عەلی بە قسەکانی گەڕایەوە بۆ 11 ساڵ لەمەوبەرو وتی کشانەوەی حکومەتی شام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا باری پاراستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی بۆ خۆیان بەجێهێشتووە و وتی: قەیران لە سوریا دەستی پێکرد، حکومەتی شام لە هەرێمەکان کشایەوەو کۆمەڵگە بەتەنها بۆ پاراستن و بەڕێوەبەریی مایەوە، سیاسەتێکی لەو شێوەیە لە سوریا بەردەوام بوو کە کۆمەڵگە وەک جەستەیەکی بێ ڕۆح بەجێهێڵراو بە مەبەست ئیفلیج کرا، لەم بۆشاییەدا، یەکینەکانی پاراستن، ڕێکخراو و دەزگا ڕێخستنەکان دامەزران کە ژنان پێشەنگ بوون، کاتێک تەڤگەرو خەباتی ژنانی پێشەنگم بینی، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەسایەتیم هەبوو، پێشەنگایەتی ئێمە بۆ شۆڕش بە خۆشەویستییەکی گەورەوە بوو، خۆشەویستییەکی بێ سنوور و ئامانجی ستراتیژی، بە پرسیاری "دەمەوێت چی بکەم بۆ کۆمەڵگە" دەستم کرد بە کارکردن لە ماوەی ئەم ساڵانەی شۆڕشدا، من چەندین ئەرکی ڕێکخراوەیی و کارگێڕیم گرتووەتە ئەستۆ.

 

بیرۆکەی "ئازادی کوردستان"

گوڵستان عەلی لە سەردەمێکدا دەژی کە ڕێگری لە ژنان دەکرێت، بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوەو باسی خەباتی دژ بە هۆشیاری پیاوسالاری دەکات و وتی: زۆر قورس بوو بۆم کە لە خێزانەکەمەوە بفڕم، داپیرم دژی باوکم بوو، کۆسپی زۆر هەبوو، بەڵام دایکم و باوکم هەمیشە دەیانویست هەر حەوت کچەکەیان زیرەکترین و شارەزاترین و پێشکەوتوو بن، کاتێک دەرفەتەکان هاتەپێش ئێمە هەوڵمان دا ئەم دەرفەتە بەکاربهێنین، لە کەسایەتی خێزان و بنەماڵەدا، ئەوەی کە ئەم شێوازەی شکاند من بووم، دەستم پێکرد و ئێستا ڕێگاکە کراوەتەوە،بە دڵنیاییەوە، ئێستا ئاسانە بڵێین، بەڵام کێشەکانیشی زۆرن،بەهۆی پشتیوانی دایک و باوکم و دانپێدانانیان بە بیرۆکەکانی تەڤگەری ئازادی کوردستان، چیتر سەیری دواوەم نەکرد و ئاوڕم لە هیچ شتێک نەدایەوە، بەردەوام بووم لە گەشتەکەم و ئامادە بووم بۆ هەر کارێک کە داوای دەکرا.

 

سیستمی هاوسەرۆکایەتی

گوڵستان عەلی تیشکی خستەسەر پەرەپێدانی سیستمی هاوسەرۆکایەتی وەک مۆدێلێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی: ژنان وەک ئاستی دووەم و سێیەم سەیر دەکران، بەڵام کاتێک سیستمی هاوسەرۆکی گەشەی پێدرا، ژنان بڕیار و دەستپێشخەرییان هەبوو، ئەمە شتێکی نوێ بوو، من یەکێک بووم لەو کەسانەی کە زەحمەتی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمەیان هەبوو. تا ئێستا، هەندێک پیاو هەن کە سیستمی هاوسەرۆکی وەک سیستمێک قبوڵ دەکەن، بەڵام لە کرداردا بوونی نییە، بۆ ئەوەی ژنێک لەگەڵ خۆیان ببینن کە بڕیار دەدات و دەستپێشخەرییەکان قبوڵ ناکات، ئەوان خۆیان قایل نەکرد و لە زۆر ڕووەوە دەیانویست ئەو کارە نیشان بدەن کە ئێمە بە تەواوی پێشەنگایەتیان دەکەین، ئەوان هەموو هەوڵێکیان دەدا بۆ ئەوەی بڕیاری پیاوێک بدەن، تا ئێستا ژنان ئەم کارە دەکەن بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و تێکۆشان بۆ گۆڕینی هۆشیاری و یەکسانی لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا.

 

بونیادنانی کەسایەتی لە شۆڕشدا

گوڵستان عەلی لە دروستکردنی کەسایەتی و پێگەی خۆیدا وتی: باشترین شت لە شۆڕشدا بونیادنانی کەسایەتییە. هەستم دەکرد وزەی زیاترم هەیە، بەڵام نەمدەزانی چۆن بەکاریبهینم، ژیانی ئێمە یارمەتیدەر نەبوو بۆ ئەوەی بیرکردنەوەکانم بڵاو بکەمەوە یان تێبگەم، ئەوەی لەوێ بوو داب و نەریتی کۆمەڵایەتی بوو، ئێمە لەو بازنەیەدا بووین، وەک قەفەسێکی ئاسمانی کراوە، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانکرد سنووردار بوو، شۆڕشەکە ئەو دەرفەتەی پێدام کە ئەوە بکەم کە دەمویست، من کردم و ئەوەم کرد کە وتم، دەتوانم بیرۆکەکانم لەگەڵ خوشکەکەم و کۆمەڵگەکەمدا هاوبەش بکەم و مانا بە هەندێک لە هەست و بیرکردنەوەکانم بدەم، ئەو شتانەی کە دەمەوێت گەشەیان پێ بدەم زۆر گەورەیە و دەتوانین دەرفەتی بۆ دروست بکەین، بە هێزی پێشەنگایەتی ژنان و کۆمەڵگە پێکەوە دەتوانین چەندین دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنین.

 

نموونەیەکی مێژوویی لە سەدەی ٢١دا: شۆڕشی ژنان

گوڵستان عەلی باسی لەوە کرد کە ئەو شۆڕشانەی لە سەدەی ٢١دا ڕوویاندا لەوانەیە گرنگترین شۆڕشی ژنان بن و وتی: نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا، شۆڕش و پرۆژەکەمان بوونەتە نموونەیەک و بە شێوەیەکی نائاسایی لە دەرەوە دەنگیان داوە، گەیشتنی ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەران لە دەرەوە بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دروستکردنی دۆکیومێنتاری و دۆکیومێنتکردنی بەرخۆدانی ژنان و ئەم کۆمەڵگەیە، ڕاستی ڕاکێشان و کاریگەری شۆڕشەکەمان ئاشکرا دەکات، ئەو تیرۆرەی کە لەم سەدەیەدا هەڕەشەی لە هەموو جیهان کردووە و لەسەر ئەم خاکە شکاندویەتی، سەرکەوتنێکی مێژووییە کە هیچ هێزێک نەیتوانیووە بەو شێوەیە ئەنجامی بدات.

 

سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک

گوڵستان عەلی تیشکی خستەسەر ئەو دەستکەوتانەی کە بە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لەژێر چەتری خۆبەڕێوەبەریدا دامەزراون و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە کاتێکدا کە حکومەتی شام و ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگاکانی سوریا شەڕ دەکەن، ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوەبردن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرکەوتنی پڕۆژەکەمان ئاشکرا دەکات، ئەمە هەروەها لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا دەرکەوتووە، شۆڕشی سەدەی ۲۱ لەگەڵ خۆبەخشانی ئازادی و دیموکراسی کە دەبێتە مێژوو، شۆڕشی ژنانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. من گومانم لەمە نییە، شۆڕشی ئێمە نموونەی هەموو سەدەکانی داهاتوو دەبێت، زیاتر لەو شۆڕشانەی کە تا ئێستا ڕوویانداوە، نموونەیەک دەبێت و نەوەی نوێ دوای دەکەون و لێکۆڵینەوە دەربارەی ژنان و گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن.

 

"دەتوانین بیگۆڕین"

گوڵستان عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەبێت خەڵکی ئازاد و دیموکراتیک پشتیوانی لەو شۆڕشە بکەن کە ژنان پێشەنگی ئەو شۆڕشەن، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و کاریگەر بێت لە گۆڕینی هۆشیاری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و بونیادنانی سیستمێکی دیموکراسی، با دەستی دەسەڵاتداران و خاوەن هۆشیاری پیاوسالاریی له خوێنی ژنان دەربهێنین و ژنان هەناسە بدەن، دەتوانین بە یەکگرتوویی ژنان بیگۆڕین، دەتوانین داهاتوویەکی ئازاد بۆ ژنان بونیاد بنێین.