کەمی ئاو کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ لە عێراق دەبێت

عێراق بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنێت، هەرچەندە ئەو بارانەی لە زستاندا باری بووە هۆی ڕزگارکردنی بەرهەمی گەنمی وڵاتەکە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی ناوخۆیی لەم وەرزەدا بگاتە نێوان ٤ بۆ ٤.٥ ملیۆن تۆن.

ناوەندی هەواڵ

 

نەبوونی ئاو لە عێراق ڕەنگە ببێتە هۆی پەکخستنی بەشێک لەو پلانە گەشەپێدانانەی کە لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە هەوڵی بۆ دەدات، سەرەڕای ئەو بارانە بەخوڕانەی ئەمساڵ بەسەر عێراقدا باری، بەڵام زەوییە وشکەکان ئەم هەموو بارانەیان هەڵمژی و بارانەکە بەرهەمی گەنمی ئەم زستانەی ڕزگار کرد.

 

بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی پێنجشەممە کە عێراق تا ئێستا سێ ملیۆن تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕیوە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی ناوخۆیی لەم وەرزەدا بگاتە نێوان ٤ بۆ ٤.٥ ملیۆن تۆن.

 

بەڵام کەمی ئاو مەترسی لەسەر چاندنی برنج دروست دەکات، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی عێراقی لە وەزارەتی کشتوکاڵ پێنجشەممە ڕایگەیاندووە، کە چاندنی برنج لەم وەرزەدا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵات سنووردار کراوە بەهۆی کەمی ئاو.

 

سەرەتای مانگی ڕابردوو بەرپرسانی عێراق دووپاتیان کردەوە کە دەبێت بەغدا کۆتایی بەو شێوازە کۆنانەی ئاودێری بهێنێت کە ئاو بەفیڕۆ دەدەن، هەروەها چاندنی برنج ڕابگرێت، کە دەبێت بەدرێژایی مانگەکانی هاوین لە ئاودا بمێنێتەوە.

 

چاندنی برنج لە ساڵی ڕابردووەوە نزیکەی ٪٩٠ کەمیکردووە و نزیکە لە بازاڕەکانی عێراق نەمێنێت، سەرەڕای خواستێکی زۆر لەسەر ئاستی ناوخۆ و وڵاتانی کەنداو.

 

لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە بە چیا بەپیتەکانی ناسراوە، ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بیرە ئاوە نوێیەکان دەگەنە قووڵایی ٨٠٠ مەتر، لە کاتێکدا قووڵایی ٣٠٠ مەتر بەس بووە بۆ دۆزینەوەی ئاو تا چەند ساڵێک لەمەوبەر.

 

لە هەرێمی کوردستانی عێراق سنووردارکردن بۆ هەڵکەندنی بیری ئاوی نوێ دانراوە.

 

مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هۆشداریدا لەوەی کە یەدەگی ئاوی وڵاتەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، چونکە وڵاتانی دراوسێ ڕێگە نادەن کە پشکی ئاوی عێراق بێت، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.