داخستنی ٢ ناوەندی داڵدەدانی ژنان و ئاوارەبوونی ٤٠٠ ژن

دوابەدوای داخستنی دوو ناوەندی داڵدەدانی ژنان لە ناوچەی ١٢ی تاران، لانیکەم ٤٠٠ ژن بێ ماڵ و حاڵ و ئاوارە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوابەدوای دانانی حەمید زاکانی وەک سەرۆکی نوێی شارەوانی تاران، ٢ ناوەندی داڵدەدانی ژنان داخران و لانیکەم ٤٠٠ ژن بە فەرمانی ئەم سەرۆک شارەوانییە ئاوارە بوون، باس لەوەش کراوە کە ئەم ناوەندە، بۆ مانەوەی ژنانی بێ جێگەیە و بە داخستنیشی تا ئێستا بیر لە جێگرەوەیەک نەکراوەتەوە بۆ ناوەندەکان.

 

بە پێی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی ئێران، شارەوانی تاران کە بە داخستنی ناوەندەکە ژنانی ئاوارە کرد، ٤٨ قۆناغی پڕۆژەیەکی بۆ کۆکردنەوەی ئەو کەسانەی لە کوچە و لەناو کارتۆندا دەخەون، جێبەجێ کردووە.

 

جێی ئاماژەیە، شارەوانی ناوچەکە بە زۆر ئەو کەسانەی بێ لانەن و لە ناوەندەکانی شارەوانیدا دەمێننەوە، بۆ کامپی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان گواستووەتەوە و هەڕەشەیان لێکردوون، چونکە دەسەڵاتیان پێنەدراوە بە پێی ڕێنماییەکانی مادەی ١٦ و هیچ خێزانێکیشیان نییە پاش چارەسەری ڕادەستیان بکەنەوە.

 

لەگەڵ داخستنی ئەو ناوەندانە، ژنانی بێ ماڵ و حاڵ لەسەر شەقامەکان ئاوارە بوون و ڕووبەڕووی مەترسی و زیانی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، لەوانە؛ دەستدرێژی و نەخواردنی خۆراکی دروست و ئالوودەبوون و هەموو جۆرە نەخۆشییەکیش هەڕەشەیان لێدەکات.