کابول: گرژی لە گردبوونەوەی ژنانی ئارایشتگەر دروستبوو

 ژنانی ئارایشتگەر لە کابول، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕیارێکی نوێی تاڵیبان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست، بەهۆی هێرشی هێزەکانی تاڵیبان توندوتیژیی لێکەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئارایشتگەر لە کابول گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕیارێکی نوێی تاڵیبان بۆ داخستنی ئارایشتگاکانی ژنان لە ئەفغانستان.

 

ژنانی ناڕازی بە هەڵگرتنی دروشم، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە بوون لەلایەن تاڵیبانەوە.

 

بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هێزەکانی تاڵیبان هێرشیان کردووەتە سەر گردبوونەوەی ژنان و بە بەکارهێنانی تەقەی ئاسمانی، گازی فرمێسکڕێژ، تۆپی ئاو و  لێدانی ژنان، بڵاوەیان بە گردبوونەوەکە کردووە.

 

پێشتر وەزارەتی کاروباری گشتی تاڵیبان ڕایگەیاندبوو، پێویستە سەرجەم ئارایشتگاکانی جوانکاری و ئارایشتگاکانی ئەفغانستان دابخرێن.

 

ئەم بڕیارەی تاڵیبان دوایین بەرتەسککردنەوەی مافەکانی ژنانە، ئەم گرووپە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان، زیاتر سنووردارکردنی بەسەر ژنان و کچاندا سەپاندووە.