ئاهەنگێک بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو

لە سلێمانی ئاهەنگێک بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو، پەیامی بەردەوامی خەبات، تێکۆشان و وەستانەوە بەڕووی داگیرکاری دووپاتکرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ئاهەنگێک بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە هەرچوارپارچەی کوردستان و نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لە شاری سلێمانی بەشدارییان تێداکرد.

 

دەستپێکی ئاهەنگەکە بە ساتێک ڕاوەستان بۆ ڕۆحی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان و سروودی ئەیڕەقیب دەستی پێکرد، پاشان ١١ مۆم لەلایەن ئامادەبووانەوە داگیرسێندرا وەک هێمایەک بۆ یازدەهەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا.

 

پاشان وتاری دەستپێک لەلایەن ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، پێشکەشکرا، پاش پیرۆزبایی یادی شۆڕشی لە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەلی کوردستان، ژنان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کرد.

 

دەستپێکی وتەکانی ئاماژەی بەوەکرد، " ئەمڕۆ شۆڕش لە یازدەهەمین ساڵیادی بووەتە هیوای ژیانێکی پێکەوەیی بە ئازادیی و دیموکراتی بۆ گەلی کوردستان و سووریا و جیهان، لە ماوەی ئەم ١١ ساڵە بە ڕۆحی بەرخۆدان بەرامبەر هێرش و داگیرکاری پیلانگێڕییەکان وەستاوینەتەوە."

 

ئەڤین سوێد جەختی لەوەکردەوە، شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرهەمی تێکۆشان و خەباتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو تێکۆشەران و خەباتکارانی ڕێگای ئازادی کوردستانە کە درێژە پێدەری هەمان ڕێبازن.

 

ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنانی لە شۆڕش خستەڕوو، شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکی نێودەوڵەتییە، یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەوەیە لە تەواوی جیهان بەشۆڕشی ناسراوە، چونکە لەسەر بنەمای ئازادی ژن  دامەزراوە و ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان تێیدا گێڕاوە، ئەوەش شۆڕشی ڕۆژئاوا لە شۆڕشەکانی دیکە جیادەکاتەوە.

 

"ژنانی ڕۆژئاوا بوون بە سیمبول بۆ ژنانی جیهان"

بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، دوای پیرۆزبایی کردنی خۆی بۆ ژنانی رۆژئاوا و ژنانی چوار پارچەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، گەلی کورد سەربەرزە بەو خەبات و قوربانیدانەی گەلی ڕۆژئاوا دایان، ئێستا ژن پێشەنگایەتی شۆڕش دەکات و ئەوەیان سەلماند، کە ژنیش دەتوانێت بەسەر گەورەترین دوژمندا سەربکەوێت، ژنانی ڕۆژئاوا کارێکی وایان کردووە ببن بە سیمبول بۆ ژنانی جیهان و لەسەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان کار دەکەن بۆ ئەوەی مافەکانی ژن بەدەستبهێنن.

 

لە کۆتایی ئاهەنگەکە هونەرمەندانی بەشداربوو هامنۆ، فەرمان هەورامی، ژولیا گۆرانیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد، هەروەها بەدەهۆڵ و زوڕنا، ئامادەبووان بە ئاهەنگ گێڕان و هەڵپەڕکێ شادی و خۆشیان دەربڕی.

 

https://youtu.be/sXuGIKBjZSE