ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان: دەستکەوتەکانی شۆڕش بەرهەمی خەباتێکی دوورودرێژن و مسۆگریان لە دەستوورەوە دەست پێدەکات
بەرپرسانی ژنانی ئەرمەنستان و سووریا دەڵێن دەستکەوتەکانی ژنان بەرهەمی خەباتی درێژخایەنن و دەبێت لە دەستووری داهاتووی سووریادا بچەسپێنرێن.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە-شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ١٩ی تەمووزدا سەریهەڵدا، وێستگەیەکی گرنگ بوو لە ڕەوتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناوچەکەدا، چونکە دیدگایەکی نوێی بۆ ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا دامەزراند.
دوای ئەوەی ژنان تا ڕادەیەکی زۆر لە چوارچێوەی ڕۆڵە نەریتییەکاندا قەتیس کرابوون، شۆڕش دەرفەتی پێدان کە بە شێوەیەکی کاریگەر لە کایە جیاوازەکاندا بەشدار بن، لە سیاسەت و ئابوورییەوە تا ڕۆشنبیری و بواری سەربازی، بەمەش بوونە هاوبەش لە پرۆسەی گۆڕانکاری و بونیادنانی دامەزراوەکاندا، ئەم گۆڕانکارییانە تەنها لە بەهێزکردنی ئامادەیی ژناندا قەتیس نەبوون، بەڵکو بەشداربوون لە گۆڕینی ڕوانگەی کۆمەڵگە بەرامبەر بە پرسەکانی یەکسانی و ئازادی، بە شێوەیەک کە ژنان بوونە هاوبەش لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا.
شۆڕشی ١٩ی تەمووز بنەمایەک بوو بۆ پڕۆژەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ژینگەیی و ئازاد کە ژن لە ناخیدا بێت، کە جەختی لەوە دەکردەوە ئازادی کۆمەڵگە بەستراوەتەوە بە ئازادی ژن و بەشداریکردنیەوە، هەروەها خاڵی وەرچەرخان بوو لە ژیانی ژنانی پێکهاتە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە دوای ساڵانێک لە پەراوێزخستن، دەرگای ڕێکخستن، کاری هاوبەش و بەشداریکردنی لە کایە جیاوازەکاندا کرایەوە.
ژنانی ئەرمەنی...درێژکراوەی پرۆسەیەکی مێژوویی بەرخۆدان
سەبارەت بە ڕۆڵی ژنانی ئەرمەن، هەنا حەمادە، سەرۆکی یەکێتی ژنانی ئەرمەن، ڕوونیکردەوە، کە بەشداریکردنی ژنانی ئەرمەن لە شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا، درێژکراوەی ڕەوتێکی مێژوویی درێژی خەبات بوو لە دژی چەوسانەوە و ستەمکاری.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی ئەرمەن لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩هەمەوە لە زۆرێک لە تەڤگەریەکانی ئازادیدا بەشداربوون و ئامادەییان لە ڕەوتی بەرخۆدان و بەرگریکردن لە ناسنامەدا هەبووە، هەروەها کەسایەتیەکانی ژنانی شۆڕشگێری وەک "سۆفی ڤارتینیان" لە یادەوەری مێژووییدا وەک نموونەی خەبات و بەرخۆدان بە زیندوویی ماونەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێگەی بۆ ژنانی ئەرمەن خۆشکرد کە لەگەڵ ژنانی پێکهاتە جیاوازەکانی تری سووریا ببنە بەشێک لە پڕۆژەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، کە تێیدا کاریان کرد بۆ دامەزراندنی یەکێتی ژنانی ئەرمەن بە ئامانجی ڕێکخستنی ژنان، پاراستنی ناسنامە و زمانی ئەرمەنی و گواستنەوەی ئەم میراسە کولتوورییە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ژنانی سریانی و بەهێزکردنی بەشداریکردن لە کایەکانی ژیاندا
نەوال سەلوم، ئەندامی یەکێتی ژنانی سریانی، جەختی لەوە کردەوە، کە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی خەباتی بەردەوامیانەوە، توانیویانە چەندین دەستکەوت بەدەستبهێنن کە پێگەی ئەوانی لە ناو کۆمەڵگەدا بەهێزتر کردووە.
ڕوونیکردەوە، کە ڕێکخراوەکانی ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لەسەر هەردوو ئاستی هزری و پراکتیکی، وتی: ژنی ئەمڕۆ لە مەیدانە جیاوازەکانی ژیاندا ئامادەیی هەیە، چ لە بواری سەربازی، کۆمەڵایەتی، لەناو دامەزراوەکان و بواری دیپلۆماسیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی "هاوسەرۆکایەتی" یەکێکە لە دیارترین ئەو ئەزموونانەی کە بەشداریکردنی ژنانی لە بەڕێوەبردن و بڕیارداندا چەسپاندووە، وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوی کوردستانی لە پێنوسدا، بەهۆی ئەو میکانیزمانەی کە دابینی دەکات بۆ مسۆگەریکردنی ئامادەیی ژنان لە پێگەکانی بەرپرسیارێتی و سەرکردایەتیدا.
دووپاتیکردەوە، کە یەکێتی ژنانی سریانی لە ڕێگەی چالاکییە جیاوازەکان و پڕۆژە و بەرنامەکانیەوە، بەشداربووە لە پاڵپشتیکردنی ژنانی سریانی و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە هەموو بوارەکاندا، وتی: ژنانی سریانی لەگەڵ ژنانی پێکهاتەکانی دیکە خەباتیان کردووە و توانیویانە ئامادەیی خۆیان لەسەر ئاستە جیاوازەکان بسەلمێنن.
دابینکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووری داهاتووی سووریادا
نەوال سەلوم دووپاتیکردەوە، کە ئەو بەرخۆدانانەی ژنان لە ساڵانی خەباتدا پێشکەشیان کردووە، پێویستە لە دەقە یاساییەکان و دەستووردا ڕەنگ بداتەوە، بە شێوەیەک کە پاراستنی مافەکانیان و بەشداریکردنی کارایان لە بونیادنانی سووریای داهاتوودا مسۆگەر بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دوورخستنەوەی ژنان لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی یان دەستووری، بەواتای پەراوێزخستنی نیوەی کۆمەڵگەیە، بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و سەردەمی بەبێ بەشداریکردنی ژنان لە پرۆسەکانی بڕیارداندا ئەستەم دەبێت.
نەوال سەلوم لە کۆتایی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە، کە شۆڕشی ١٩ی تەمووز تەنها ڕووداوێکی سیاسی کاتی نەبوو، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە ڕێگەی بە ژنانی پێکهاتە جیاوازەکان دا ببنە هاوبەشی سەرەکی لە بونیادنانی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە بەهاکانی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی.