پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد: ژن، ژیان، ئازادی و خەباتمان تا سەرکەوتن بەردەوامە
پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد دژی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆسەر باشووری کوردستان دەڵێت: وەڵامی ڕاستەقینە بۆ خوێنی پاکی شەهیدان، تەنها و تەنها لە ڕێگەی داڕشتنی وتارێکی یەکگرتووی نەتەوەیی و بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی پیرۆزی ئەوان دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕژێمی ئێران دەیان موشەک و درۆنی ئاڕاستەی باشووری کوردستان کردو زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، لە راگەیانراوێکدا دژی ئەم هێرشانە پلاتفۆرمی نەتەوەیی ژنی کورد نیگەرانی بەرامبەر هێڕشەکان دەربڕی.
راگەیاندراوی پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد بەم شێوەیەیە:
جارێکی تر، دەستی ڕەشی داگیرکەران و دوژمنانی ئازادی، پۆلێک لە ڕۆڵە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشی ڕژێمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پێشمەرگەی قارەمان و ڕێبواری ڕێگای ڕزگاری شەهیدبوون، هێرشی داگیرکەران و شەهیدکردنی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر درێژەدان بەو سیاسەتە سەرکوتکارانەیەی کە دەیەوێت ئیرادەی گەلەکەمان بۆ ئازادی و سەرفرازی بشکێنێت.
ئێمە لە پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد، لە کاتێکدا بە توندی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە شەرمەزار دەکەین، لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە خۆمان، خێزانی سەربەرزی شەهیدان، هاوسەنگەرانیان و سەرجەم خەڵکی ڕاپەڕیو و تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان سەلماندوویەتی کە خاوەنی ئەم خاکە لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی و چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانیدا، ئامادەی قوربانیدان بووە. ژنانی کورد، وەک هێزێکی پێشەنگ لەم خەباتە نەتەوەیی و دیموکراتییەدا، هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی قوربانیدان و بەرگریدا بوون و ئازاری هەر تنۆکە خوێنێکی پێشمەرگەیەک بە ئازاری خۆیان و بەشێک لە کاروانی بێوچانی خۆیان بەرەو ڕزگاری دەزانن. ئەم باجە قورسانەی کە گەلەکەمان لە هەر چوارچێوەی کوردستاندا دەیدات، دەبێت ببێتە هەوێنی پتەوکردنی یەکڕیزی و تەبایی نێوان تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، وەڵامی ڕاستەقینە بۆ خوێنی پاکی ئەم شەهیدانە، تەنها و تەنها لە ڕێگەی داڕشتنی وتارێکی یەکگرتووی نەتەوەیی و بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی پیرۆزی ئەوان دەبێت.
پەیامی ئێمە بۆ داگیرکەران ڕوونە: چەک و توندوتیژی و شەهیدکردنی ڕۆڵەکانمان، ناتوانێت گڕی شۆڕش و داخوازی ئازادی لە دڵی تاکی کورددا خامۆش بکات، خوێنی ئەم شەهیدانە ورەی تێکۆشەران بەرزتر دەکات و باوەڕمان بە سەرکەوتن قووڵتر دەکاتەوە. سەری ڕێز لەبەردەم گۆڕی پیرۆزی شەرەفمەندانی ڕێگای ڕزگاری کوردستاندا دادەنەوێنین. ژن، ژیان، ئازادی و خەباتمان تا سەرکەوتن بەردەوامە، نەمر و شەکاوە بێت ناوی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان سەرشۆڕی بۆ داگیرکەران و دوژمنانی گەلی کورد.