بێریڤان محەمەد: بەرنامەی ستراتیجی بۆ نەمانی هەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیا هەیە

بێریڤان محەمەد، رۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی دەڵێت: لە دوای پڕۆسەی ئاشتیەوە، تورکیا سنوورەکانی باشووری کوردستانی بەزاندووە، شەرت و مەرج بۆ گوندنشیانان لە خاک و زێدی خۆیاندا دادەنێت، ئەم هەڵوێستانەی تورکیا دەریدەخات پرسی ئاشتی لەلایان قبوڵکراو نییە.

هێلین ئەحمەد 

 

سلێمانی_ پرسی داگیرکاری بۆسەر گەل و خاکی کورد پرسێکی لە مێژینەیە بۆ کورد، بە تایبەت داگیرکەری تورک دوژمنێکی سەرسەختی گەلی کوردە، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە پارچەیەکی کوردستانەوە گرێ نادرێت، لە ڕێگەی داگیرکاری و هێرشەکانی لە هەر چواربەشی کوردستان هەوڵی داگیرکاری دەدات، هێرشەکان ڕاستی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەردەخەن، تورک لە دژی خاک و مرۆڤ و ژینگەی کوردستان کاردەکات، خاک لە ڕێگەی بەزاندنی سنوورەکانەوە داگیردەکەن، ژینگە لە ڕێگەی سوتاندن و بڕینەوەی دارەکانەوە لەناو دەبەن، مرۆڤەکان بە هۆکاری کوردبوونیان شەهید دەکەن، بەهەموو جۆرێک هەوڵی لە ناوبردنی گەلی کورد دەدات، هەروەها سەرەڕای هەبوونی پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش و داگیرکارییەکانی بۆسەر پارچەکانی کوردستان نەوەستاندووە، لە پاڵ داگیرکارییەکانی باشووری کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داگیرکارییەکان بۆسەر ناوچەکە بێدەنگ بووە.    

 

"دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان ڕێگە بۆ دەوڵەتی تورکیا خۆشدەکەن تا بینە خاکەکەمانەوە"  

بێریڤان محەمەد، رۆژنامەنووس و چالاکوان لە وڵاتی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەکرد، هێرش و داگیرکارییەکان بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە، سەرەڕای هەبوونی پرسی ئاشتی بەڵام داگیرکارییەکان بۆسەر خاک و ژینگە و مرۆڤەکان بەردەوامە، سەرەڕای هێرشەکان لایەنی پەیوەندیدار لە باشووری کوردستان ڕێگە خۆشکەرە بۆ دەوڵەتی تورکیا و زیادبوونی داگیرکارییەکان، وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بوەتە پارچەیەک لە داگیرکارییەکانی تورکیا، تورکیا دەسەڵاتی لە بێدەنگی حزبەکانی باشووری کوردستان وەردەگرێت، لە هیچ وڵاتیکدا بوونی نییە داگیرکەر خاک و گوندەکانت داگیر بکات، بەڵام بۆ گەڕانەوە گوندنشینان شەرت و مەرج دابنێت، لە پێشوتردا بە هۆکاری هەبوونی گەریلای ئازادی لە چیاکاندا داگیرکارییان دەکرد، بەڵام نزیکەی دوو ساڵە گەریلایانی ئازادی لە پڕۆسەی ئاشتیدان، بەڵام داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆسەر گوندەکان بەردەوامی هەیە، بۆیە دەبێت گەلی کورد دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بکەن، بەوەی لە ساڵانی پێشووتر گەریلا ئازادەکان بۆ پاراستنی خاک و هاوڵاتیان لە چیاکاندا بەرگریان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا لە پڕۆسەی ئاشتیداین، ئەم هەموو داگیرکاریانە لە پێناو چیدایە، وەک بیندرا داگیرکارییەکان لە دەڤەری زاخۆ بەردەوامی هەیە، تەنها بەو داگیرکاریانەشەوە ناوەستن، پێویستە گەلی کورد لە ئەو داگیرکاریانە قبوڵ نەکات و شەرمەزاری بکات. 

 

جەختی لەوەکردەوە، مەترسییەکان تەنها لە داگیرکارییەکاندا نامێنێتەوە، بەڵکو مەترسی لەناوبردن و لە ناوچوونی هەرێمی کوردستان هەیە، وتیشی: دەسەڵاتداران باس لە مەترسی نەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەرنامەی ستراتیجی بۆ نەمانی هەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیا هەیە، واتە ئەو تێکۆشانەی بۆ ئازادی باشووری کوردستان کرا، بە داخەوە وا جارێکی دیکە بە هۆکاری خەمساردی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە لەدەستی دەدەین، داگیرکارییەکان ئاسایی نین، تێکۆشان و پیکەوەی گرنگی لە هەر چوار پارچەی کوردستانی دەوێت، پێویستە لەم قۆناغە گرنگی کە ناوچەکەی پێدا دەڕوات، کە نەخشەی کورد دوبارە دادەڕێژرێتەوە، گەلی کورد بە تایبەت لایەنە سیاسییەکان لە ڕێگەی یەکبوونیانەوە بەر لە داگیرکارییەکان بۆسەر خاکی کوردستان بگرن، هەروەها لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە ڕۆڵ و کاریگەری بۆ ڕێگرییەکان بکەن، وەک جاری یەکەم بەردەوام تێکۆشان بۆ گەیاندنی دەنگی ڕاستی و هۆشیارکردنەوەی تاکی کورد لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە لە داگیرکاری تورکیا هۆشیار بکەنەوە، هەروەها پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی عێراقدا، هەوڵ بۆ یەکدەنگی و پێکەوەیی بدەن، تا بتوانن ڕێگری لە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و خودی عێراق بکەن.         

 

"داگیرکاریی و گۆشەگیرییەکان بۆسەر ڕێبەر ئاپۆ دەری دەخات تورکیا لەگەڵ پڕۆسەی ئاشتیدا نییە"  

وتیشی: زۆرێک لە گوندەکانی باشووری کوردستان  لە لایەن تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە زێدی خۆیان وەدەرنراون، یان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بونەتەوە، ناتوانن لە زێدی خۆیاندا بژین، سەرەڕای داگیرکارییەکان دەبینین دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەندین شەرت و مەرج بۆ گەڕانەوەی گوندنشینان لە ناوچەکەدا دادەنێت، چەندین مەرج کە هیچ کەس ناتوانێت قبوڵی بکات، کورد لە خاکی خۆیدا وەک کۆیلەیەک لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، مەرجەکان بۆ کورد نەبوونی چەکە لە لایەن کوردەکانەوە تا نەتوانن پارێزگاری خۆیان بکەن، نەبوونی خواردنی پێویستە لە ناو ماڵەکانیان تەنها خواردنی یەکڕۆژ هەبێت، پاشان شەو لە ماڵەکانیاندا نەمیننەوە و تەنها بە ڕۆژ بێنە ماڵەکانیان و پاشان دەربچن لە گوندەکاندا، چەندین شەرت و مەرجی دیکە لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆ گوندنشیانانی هەرێمی کوردستان داندراوە، هەروەها ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵی کاریگەریان ل؛ە بانگەشە بۆ داگیرکارییەکان لە ناوچەکەدا نەکردووە، لە کاتێکدا ڕۆژانە هێرش و داگیرکاریەکان بەردەوامی هەیە، کە ئەو بێدەنگییەی ڕاگەیاندنەکان بۆ لایەنە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە لە لایەن زلهێزانەوە سەرکوت دەکرێت، چونکە ڕاگەیاندنەکانیش لەژێر سێبەری دەسەڵاتدا کار دەکەن.  

 

بێریڤان محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: هەبوونی پڕۆسەی ئاشتی لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە زەخت و فشار باسی لێوەکرا، دەسەڵاتدارانی تورکیا مەترسی لە خاکەکەیاندا هەبووە بۆیە هاتنە سەر مێزی گفتووگۆ، ئێمەی کورد بەردەوام لە هەوڵی هەبوونی پرسی ئاشتیدا بووین، دەستپێشخەرییەکان دیاربوون، گەلی کورد هاتە سەر مێزی گفتوگۆکان، بەڵام نزیکایەتی و دانان بە پرسی ئاشتی لە لایەن تورکەوە زۆر لاوازبوون، داگیرکارییەکانی ئەم دواییەش دەبینین زیاتر دەریدەخات کە تورک لەگەڵ پرسی ئاشتیدا نییە، هەروەها گۆشەگیرییەکان بۆسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامی هەیە، لە کاتێکدا تەواوی جیهان چاوەڕێی هەبوونی بەیاننامەیەکیەتی تا بتوانێت لە بارەی پرسی ئاشتییەوە بدوێت، بەڵام گۆشەگیرییەکان توندتر دەکێنەوە، هەروەها داگیرکارییەکان بەردەوامە، بۆیە ئەمانە دەری دەخات دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەگەڵ هەبوونی پرسی ئاشتیدا نییە.