١٩ی تەمووز... لە لوولەی تفەنگەکانەوە بەرەو مێزی دیالۆگ
شۆڕشی ١٩ی تەمووز ناسنامەی کوردی لە چەند دەیەیەک لە پەراوێزخستن و نکۆڵیکردن دەرهێنا، تاوەکو نموونەیەکی ناوازەی پێکەوەژیان و دانپێدانانی یەکتر بەرهەم بهێنێت، لە ناو ناخی قەدەغەکردنی زمان و ستەم و زۆردا، هاوبەشێکی سیاسیی کاریگەر لەدایک بوو.
سیلڤا ئیبراهیم
ناوەندی هەواڵ - لە ساتەوەختێکدا کە سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا لە نێوان دووانەی ڕژێم و ئۆپۆزسیۆندا دابەش بوو، کورد ڕێگەیەکی جیاوازی هەڵبژارد، کە بە "هێڵی سێیەم" ناسرا، ئەم هەڵبژاردنە تەنها هەڵوێستێکی سیاسیی بێلایەن نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی یەکگرتوو بوو کە لە دیدگایەکەوە دەستی پێکرد بۆ بونیادنانی نموونەیەکی دیموکراتیکی بەشداریکردن کە هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە لەخۆ دەگرێت، بەدوور لە جەمسەرگیری و ململانێی سەربازی.
ئەم ئاراستەیە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە شاری کۆبانێوە بەرجەستە بوو، پاشان بۆ ناوچەکانی دیکەی وەک عەفرین و قامیشلۆ فراوان بوو، کە تێیدا قۆناغێکی نوێ دەستی پێکرد، کە بریتی بوو لە دامەزراندنی دامەزراوەی کارگێڕیی و سیاسیی جێگرەوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، لە ئەزموونێکی بەرگریی خۆجێییەوە گۆڕا بۆ پڕۆژەی خۆبەڕێوبەری، کە خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی و هاوکێشەیەک سەپاند کە ناکرێت لە هیچ ڕێڕەوێکی چارەسەریی سیاسیی سووریادا پشتگوێ بخرێت.
وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە
لە ساتەوەختێکی جیاکەرەوەی مێژووی شاری کۆبانێدا، دەنگگەلێک کە هەمیشە لە ژێر باری سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و سەرکوتکردندا پەراوێزخرابوون، هاتنە دەرەوە بۆ ئەوەی ئامادەیی خۆیان لە دیمەنی گشتیدا ڕابگەیەنن و لاپەڕەیەکی نوێ لەو گۆڕانکارییانە بکەنەوە کە ناوچەکە بەخۆیەوە بینی، لەیلا ئەحمەد یەکێک بوو لەو ژنانەی کە بەشداریی لەو ساتە سیمبولییانەدا کرد، کاتێک خەڵک بەرەو دامەزراوە حکومییەکان چوون و ئاڵای پێشووی ڕژێمی سووریایان لابرد، کە ئەمەش وەک دەربڕینێک لە ڕەتکردنەوەی قۆناغێکی درێژخایەنی پەراوێزخستن، ئاڵاکەی خۆیانیان بە ڕەنگەکانی سەوز و سوور و زەردەوە وەک سیمبولێک بۆ ناسنامە و بوون بەرز کردەوە.
لەیلا ئەحمەد ئەو ساتانە دەهێنێتەوە یاد و وتی: گەلی کورد بۆ ماوەیەکی زۆر بە دەست سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن و نکۆڵیکردن لە ناسنامە کە ڕژێمی بەعس پەیڕەوی کرد، ناڵاندیان، بەجۆرێک کە تەنها قسەکردن بە کوردی یان دەربڕینی ناسنامە هۆکارێک بوو بۆ دەستگیرکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، ئەم ستەمە لە ناخی خەڵکدا کۆببووەوە تا گۆڕا بۆ شۆڕش و ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ بۆ گۆڕانکاری.
وتیشی: بەو ڕۆحە شۆڕشگێڕ و تووڕەیەوە بەرەو دامەزراوە حکومییەکان ڕۆیشتین، ئاڵای سووریامان لابرد و کۆتاییهاتنی سەردەمی ستەممان ڕاگەیاند، ئەو هەنگاوە سەلماندی کە ستەم و نکۆڵیکردن کۆتاییان هەیە، بینیمان چۆن هەستی ڕزگاری لە چاوی هەموو بەشداربووانی ئەو شۆڕشەدا دەدرەوشایەوە".
نەتەوەی دیموکراتیک... و ئاڵنگارییەکانی ئەزموونی یەکەم
سەرەڕای ئەو ڕۆڵە سەرەکییەی کورد لە دەستپێکردنی "شۆڕشی ١٩ی تەمووز"دا گێڕای، بەڵام ڕێڕەوی هزری و سیاسییەکەی بەرەو بونیادنانی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی داخراو نەچوو، بەڵکو پشتی بە فەلسەفەی "هێڵی سێیەم" بەست کە نموونەیەکی پێشنیار کرد لەسەر بنەمای فرەچەشنی و هاوبەشیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە.
لەرێگەی پڕۆژەی "نەتەوەی دیموکراتیک"ەوە، شۆڕشەکە دیدگایەکی جێگرەوەی لەبری نموونەی دەوڵەتی نەتەوەیی نەریتی پێشکەش کرد، کە لەسەر بنەمای بەڕێوەبەرییەکی هاوبەشە کە دانی بە ناسنامە و مافەکانی گەلانی پێکەوەژیاندا دەنێت، دەستکەوتەکانی شۆڕش و دامەزراوەکانی دەکاتە مەیدانێکی هاوبەش کە کورد، عەرەب، سریان، ئاشووری، ئەرمەن، تورکمان و چەرکەس کۆدەکاتەوە، لەیلا ئەحمەد ڕوونیکردەوە، کە دەستکەوتەکانی "شۆڕشی ١٩ی تەمووز" تەنها بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو نەبووە، بەڵکو بووەتە ئەزموونێک کە گەلانی جیاوازی ناوچەکە بەشدارییان تێدا کردووە، چونکە لەسەر بنەمای چەمکەکانی برایەتی و پێکەوەژیانی هاوبەش دامەزراوە.
ئەم ڕێبازە لەرێگەی بونیادنانی دامەزراوەی هاوبەش لە بوارە سیاسی، سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکاندا بەرجەستە بوو، لەپاڵ جوڵەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوان کە ژنان سەرکردایەتییان دەکرد، ئەوەش تایبەتمەندیی بە ئەزموونەکە بەخشی و ڕۆڵی ژنی تێدا بەرجەستە کرد، تاوەکو بە شێوەیەکی بەرفراوان بە "شۆڕشی ژن" ناسرا.
لەیلا ئەحمەد وتی: کورد پێشتر ئەزموونێکی لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا نەبوو، بۆیە ئەم قۆناغە ئەزموونێکی یەکەم و جیاواز بوو، سەرەڕای سنوورداریی تواناکان و بارودۆخی سەخت، ئەو هزرە ڕزگاریخوازەی پشتی پێمان بەستبوو توانای ئەوەی پێبەخشین کە دامەزراوەکانمان دابمەزرێنین و ناوچەکانمان بپارێزین، چونکە جەختی لەسەر ڕزگاریی کۆمەڵایەتی، هزری، ئابووری و سەربازی دەکردەوە، ڕزگارکردنی ژنی خستە پێشینەی کارەکانی.
ئاماژە بەوەش کرد، کە ئەم ئەزموونە، سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی بووەوە، توانی سەرنجی نێودەوڵەتی ڕابکێشێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بووە ئامانج بۆ ئەو هێزانەی دژایەتیی بونیادنانی نموونەیەکی سیاسیی لەسەر بنەمای ئیرادەی گەلان دەکەن، لە پێش هەمووشیانەوە داعش و تورکیا، کە هێرشیان کردە سەر ئەزموونەکە و دەستکەوتەکانی.
داستانی کۆبانێ و باجی بەرخۆدان
لەگەڵ فراوانبوونی هەژموونی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی ڕووبەرێکی بەرفراوانی سووریا و عێراق، شاری کۆبانێ لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤دا ڕووبەڕووی یەکێک لە توندترین هێرشەکان لە مێژووی خۆیدا بووەوە، بەڵام شارەکە، کە بە ئەزموونە کۆمەڵایەتی و سەرکردایەتییە ناوازەکەی ناسرابوو، بووە سیمبولی بەرخۆدان و خۆڕاگری، دوای ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ١٣٤ ڕۆژەی لە دژی هێرشەکانی ئەو ڕێکخراوە ئەنجام دا، تاوەکو ببێتە یەکێک لە دیارترین وێستگەکانی جەنگی دژی داعش، هاوسۆزییەکی بەرفراوانی گەلانی جیهانی بەدەست بهێنێت.
لەو کاتەوەی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاروباری خۆیان لە چوارچێوەی نموونەی خۆبەڕێوەبەریەوە بەڕێوە دەبەن، ئەم پڕۆژەیە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و فشاری هەرێمی بەردەوام بووەتەوە، تورکیا ئەم نموونەیەی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییە دەسەڵاتخوازەکانی خۆی بینی، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی بوو، ئەمەش وایکرد ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دووبارە ببنەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ناوچەکە دەستێوەردانی سەربازیی تورکیای بەخۆیەوە بینی کە ناوچەیەکی بەرفراوانی گرتەوە، لەوانە عەفرین، سەرێکانی، گریرێ سپی، شەهبا و دەوروبەری مەنبەج.
لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دوای کەوتنی ڕژێمی بەعس، و سەرەڕای بوونی ڕێڕەوگەلێک کە بانگەوازی چارەسەریی سیاسی و دیالۆگیان دەکرد، دەستێوەردانە سەربازییە بەردەوامەکان بوونە هۆی پەرەسەندنێکی نوێ لە نێوان قەسەدە و ئەو هێزانەی لەگەڵیدا هاوپەیمان بوون لە لایەک، هەتەشە لە لایەکی ترەوە.
ئەم قۆناغە بە ئامانجگرتنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەستی پێکرد، لە ناوەڕاستی پێشێلکارییەکانی چەکدارانی هەتەشەدا کە بە تاوانی جەنگ پێناسە کران، پێش ئەوەی پێکدادانەکان بۆ ناوچەکانی دیکە درێژ ببنەوە کە ڕەققە، تەبقا و دێرەزوور و تا دەگاتە دەوروبەری کۆبانێ دەگرێتەوە، لە سایەی هەرەسهێنانی ژمارەیەک لە تێگەیشتن و ڕێککەوتنە پێشووەکان، لەوانە تێگەیشتنەکانی دێر حافر..
لە کۆتاییدا، گەیشتن بە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم، کە ڕێڕەوێکی بۆ ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک لە نێوان دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دیاری کرد لە ئاستی سەربازی و مەدەنیدا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان و تایبەتمەندیی پێکهاتەی کارگێڕیی ئێستای تێیاندا.
لە خەندەقەکانی جەنگەوە بۆ مەیدانەکانی سیاسەت
لەیلا ئەحمەد پێیوایە کە بەردەوامیی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان سەرەڕای ئەو هێرش و فشارانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، لێی کردووەتە ڕاستیەکی سیاسی کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت، ئامادەیی خۆی وەک لایەنێکی کاریگەر لە هەر دیالۆگێکدا کە پەیوەندی بە داهاتووی سووریاوە هەبێت، سەپاندووە، وتی: کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە خەندەقەکانی بەرگریکردن لە بوونەوە چوونەتە ناو مەیدانەکانی کاری سیاسی، ئەو گەلەی کە پێشتر لە مافی زمان و دەربڕینی ناسنامەکەی بێبەش کرابوو، ئەمڕۆ بووەتە هاوبەشێکی سەرەکی لە داڕشتنی داهاتووی سووریا.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم گۆڕانکارییانە ئەنجامی بارودۆخێکی کاتی نەبوون، بەڵکو بەرهەمی ساڵانێکی درێژی خەبات و بەرخۆدان و ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ بوون کە دەستیان بە مافەکانیانەوە گرت سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، هەروەها ئەوەی بەدیهاتووە ئەنجامی خۆڕاگریی بەردەوام و بەرخۆدانی گەورەیە کە ڕۆڵەکانی ناوچەکە پێشکەشیان کردووە.
سەبارەت بە قۆناغی ئێستا و ئەوەی لە گفتوگۆ و هەوڵە سیاسییەکاندا دەیبینین، لەیلا ئەحمەد ڕوونی دەکاتەوە: "ئێمەی کورد بانگەشەکاری جەنگ نین، بەڵکو بانگەشەکاری ئازادین. ئێمە باجێکی گەورەمان داوە بۆ گەیشتن بەم قۆناغە، و ئەمڕۆ لە ڕێگەی ڕێڕەوە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە کار دەکەین بۆ مسۆگەرکردنی مافە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە سووریای داهاتوودا، وەک مافێکی سروشتی بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵات.
ئاماژەی بەوەشکرد،کە نموونە دیموکراتییەکە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە فرەچەشنی و هاوبەشی دەتوانێت چوارچێوەیەک پێک بهێنێت کە توانای لەخۆگرتنی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریای هەبێت، بەدوور لە پەراوێزخستن و جیاکاری، بەو جۆرەی لەگەڵ قەبارەی ئەو بەرخۆدانانەدا بگونجێت کە گەلانی ناوچەکە لە ماوەی ساڵانی ململانێکاندا پێشکەشیان کردووە.
لە نێوان مەیدانەکانی ڕووبەڕووبوونەوە و مێزەکانی دیالۆگدا، "شۆڕشی ١٩ی تەمووز" سەلماندی کە ئیرادەی گەلان توانای ئەوەی هەیە ڕاستیەکی دابڕێژێتەوە و ئامادەیی خۆی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا بسەپێنێت، ئەو ئەزموونەی کە بە بەرگریکردن لە بوون دەستی پێکرد، گۆڕا بۆ پڕۆژەیەک کە دیدگای سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێی هەڵگرتووە، ڕۆژئاوای کوردستان بەوەی کە لە ئەزموون و دەستکەوتەکاندا کۆیکردووەتەوە، بووەتە بەشێک کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت لە هەر وێناکردنێک بۆ داهاتووی سووریا.
ڕێگەی ئەم ئەزموونە لەرێگەی ساڵانێک لە کار و بەرخۆدانەوە بڕاوە، دیدگایەکی هەڵگرتووە کە لەسەر بنەمای فرەچەشنی، پێکەوەژیان و هاوبەشیی نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە دامەزراوە، تاوەکو بە شاهیدی بمێنێتەوە لەسەر توانای کۆمەڵگە خۆجێییەکان بۆ بونیادنانی نموونەی نوێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکاندا.