بزووتنەوەی “خۆری ئازادی”: تاڵیبان جیاکاریی ڕەگەزی چەسپاندووە و داهاتووی ژنان لە ئەفغانستان هەراسان دەکات

بزووتنەوەی "خۆری ئازادی"ی ژنانی ئەفغانستان بێبەشکردنی پێنج ساڵەی ژنان لە خوێندن و کار شەرمەزار دەکات و ڕادەگەیەنێت کە جیاکاریی ڕەگەزیی تاڵیبان، مەترسییەکی قووڵی لەسەر تەواوی پەیکەری کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکە دروستکردووە.

ناوەندی هەواڵ 
کاردانەوەکانی ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراون لە ئەفغانستان لە زیادبووندایە، بەو پێیەی سیاسەتە سنووردارەکان بەشداری کۆمەڵگە لاواز دەکەن، ڕێژەی هەژاری زیاد دەکەن و دەرفەتی خوێندن و هەلی کار کەم دەکەنەوە، کە مەترسی لەسەر سەقامگیری کۆمەڵایەتی و قووڵکردنەوەی کەلێنەکان و زیادکردنی گۆشەگیری وڵاتەکە دروست دەکات.

لە ڕۆشنایی بەردەوامبوونی سیاسەتە سنووردارکەرەکانی تاڵیبان دژی ژنانی ئەفغانی، بزووتنەوەی ژنانی ناڕازیی ئەفغانی "خۆری ئازادی" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بزووتنەوەکە (تاڵیبان) تۆمەتبار دەکات بە چەسپاندنی "جیاکاریی ڕەگەزی" و پێشێلکاریی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ.

داواشی کرد تاڵیبان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت لەسەر داگیرکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژنان بۆ ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ، لەوانەش مافی خوێندن و کارکردن و بەشداری گشتی، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە شەرمەزارکردنی زارەکی تێپەڕێت و ڕێوشوێنی کردەیی و کاریگەر بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵاواردنی سیستماتیکی دژ بە ژنان.

ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو سنووردارکردنانەی سەپێنراون، سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانی ژنانیان هەڵوەشاندووەتەوە و ڕاستیەکیان بەرهەمهێناوە کە لەسەر بنەمای پەراوێزخستنی ڕەگەزی دامزراوە، هۆشداریشی دا کە بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتانە هەڕەشەیەکی قووڵە بۆ سەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری لە ئەفغانستان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، شەرمەزارکردنی بەردەوامی قەدەغەکردنی خوێندنی منداڵانی کچان لە دوای پۆلی شەشەم و ڕێگریکردن لە چوونە ناو زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و بێبەشکردنیان لە بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆ، جەختی لەوە کردەوە، کە بێبەشکردنی منداڵانی کچان لە خوێندن بەشێکە لە سیاسەتێکی ڕێکخراو بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە کایەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و گشتی، سیاسەتێک کە دەڵێن پێشێلکردنی ڕوونی بەڵگەنامە و ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە.

ڕاگەیاندراوەکە سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە تاقیکردنەوەی وەرگرتن، کە دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ دەرفەتی یەکسانی خوێندن، لە بارودۆخی ئێستادا بووەتە ئاماژەی جیاکاریی ڕەگەزی و بێبەشکردنی سیستماتیکی نیوەی دانیشتووانی ئەفغانستان لە مافی خوێندن، پێشکەوتن و داهاتوو،  هۆشداریشی دا کە بەردەوامبوونی ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراون، دەرئەنجامگەلێکی دەبێت کە لە پێشێلکردنی مافە تاکەکەسییەکان تێدەپەڕێت، دەبێتە هۆی لاوازکردنی سەرمایەی مرۆیی، زیادبوونی هەژاری، چڕبوونەوەی کۆچکردنی زۆرەملێ، فراوانبوونی نایەکسانی، زیادبوونی گۆشەگیریی ئەفغانستان لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

بەپێی وتەی بزووتنەوەکە، دوورخستنەوەی ژنان لە سیستمی خوێندن، بازاڕی کار و بوارە گشتییەکان، پرۆسەی گەشەپێدان لە وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی قەیرانی قووڵتر دەکاتەوە و شوێنەوارەکانی بۆ نەوەکانی داهاتووش دەمێنێتەوە، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە لە دەرکردنی ڕاگەیاندراوی سەرکۆنەکردن تێپەڕن و ڕێوشوێنی پراکتیکی، کاریگەر و هەماهەنگ بگرنەبەر بۆ کۆتایهێنان بەوەی کە پێی دەڵێن "جیاکاری ڕەگەزی".

هەروەها ئەندامانی بزووتنەوەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا، جەختیان لەوە کردەوە، کە خەباتی ژنانی ئەفغانی لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانیدا بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی جیاکاری لەناودەچێت و مافەکانی ژنان دەستەبەر دەکرێن.

بزووتنەوەی تاڵیبان کۆمەڵێک بەربەستی بەرفراوانی بەسەر ژنان و منداڵانی کچانی ئەفغانیدا سەپاندووە لەو کاتەوەی کە لە ئابی ٢٠٢١دا گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، لەم ماوەیەدا، منداڵانی کچان ڕێگرییان لێکراوە لە بەردەوامبوون لە خوێندنیان لە دوای پۆلی شەشەمەوە و لە چوونە ناو زانکۆکان، هەروەها سنووردارکردنی توند بەسەر کارکردنی ژنان، چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیان، هاتوچۆ و ئامادەییان لە بواری گشتیدا سەپێنراوە.

ئەم سیاسەتانە تا ئێستا ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرفراوانی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە، کە زۆربەیان ڕەفتارەکانی تاڵیبانیان بە نموونەی جیاکاریی سیستماتیک و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان داناوە، کە ئەمەش بابەتێکە لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا بە ناونیشانی "جیاکاری ڕەگەزی"دا خراوەتە ڕوو.