یەپەژە: شۆڕشی ژن بە تێکۆشانمان هەمیشەیی و جێگیر دەکەین

یەپەژە ١٤یەمین ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان پیرۆز دەکات و دەڵێت: شۆڕشی ڕۆژئاوا وەڵامی گەلانی ئازادیخوازە لە بەرانبەر سیستمی دەسەڵاتگەرا و هەژموونخواز، تێکۆشانمان شۆڕشی ژن و ئامانجی شەهیدان هەمیشەیی دەکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

 بە بۆنەی ١٤یەمین ساڵیادی بەرپابوونی شۆڕشی ڕۆژئاوا ١٩ی تەمووزەوە  فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

 

پەیامەکەی یەپەژە بەم شێوەیە:

شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ڕێکەوتی ١٩ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٢دا، بە بیر و باوەڕی ژیانی ئازاد بە تەواوی جیهان ڕاگەیەندرا، لەو ساڵانەی کە وەک بەهاری گەلان پێناسە دەکرا، سیستەمی قڕکردن و تواندنەوە بە هەموو ڕێگا و ڕێبازەکانەوە هێرشی کردە سەر بوونی گەلان و هەوڵیدا ئەو دەنگەی بۆ ماف و ئازادی بەرز دەبێتەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان بڕیارداریی گەلانی هەرێمەکە بوو بە هەڵوێستێک کە چارەنووسی گەلانی گۆڕی، هەموو تاقیکردنەوەکانی شۆڕش لە ڕێگەی پێشبەچوونەکانیانەوە ئەنجامەکانی خۆیان دیاری دەکەن. لەبەر ئەوەش شۆڕشەکان لەپڕێکدا دەست پێناکەن و بە ئەنجام ناگەن، شۆڕش چەمکێکی بەردەوام و بێ کۆتاییە، شۆڕشی ڕۆژئاوایش لە بەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتدار و هەژموونخوازدا وەڵامی گەلانی ئازادیخوازە و بە ناوی ئازادیی گەلانەوە لە مێژوودا لاپەڕەیەکی نوێی کردەوە.

 

بەرخۆدانی گەلی هەرێمەکە بە پێشەنگایەتیی گەلی کورد، بە فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکییەوە لەو ڕۆژەی ڕاگەیەندراوە تاوەکو ئەمڕۆ، سەرەڕای هەموو فێڵ و تەڵەکەیەک خۆی پاراست و مانەوەی خۆی نیشانی تەواوی جیهان دا، بێگومان ئەم هزری ژیانە یەکسان و ئازادەی، کە ژنان لە پێشەوەی بەرەکاندا پێشەنگایەتی دەکەن، پشت بە پاشخانێکی زۆر بەهێز دەبەستێت، ڕێبەر ئاپۆ بە فیکر و ڕامانی خۆی لە سەرووی هەموویانەوە گەلی کورد و تەواوی گەلانی هەرێمەکەی لە دەوری پارادایمی مۆدێرنێتەی دیموکراتی کۆکردەوە و ڕێکخستنبوونی گەلانیشی لە ڕێگەی شۆڕشی ژنی ڕۆژئاواوە بەرجەستە کرد.

 

شۆڕشی ڕۆژئاوا ١٤ ساڵی لە دوای خۆی جێدەهێڵێت و پێدەنێتە ساڵی ١٥یەمینی خۆیەوە. ئێمە ١٤یەمین ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەممووز لە سەرەتاوە لە ڕێبەر ئاپۆ، بریندارانی شۆڕش، لە تەواوی ژنان و لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین، ڕاپەڕینی گەلان کە لە دژی ڕژێمی بەعسی سەرکوتکەر و دەسەڵاتدار سه‌ریهه‌ڵدا، بۆ گۆڕینی هەرێمەکە دەستپێکێکی نوێ بوو. گەلی کورد لە هەر سەردەمێکی مێژوودا لە دژی فەلسەفەی دەوڵەت-نەتەوە تێکۆشانی کرد و هیچ کاتێکیش سیاسەتی قڕکردنی ئەوانی پەسەند نەکرد.

 

لەبەرئەوەش لە سەرەتاوە لە بەرامبەر ڕژێمی بەعس و لە دوای ئەویش لە بەرامبەر هەر هێرشێک کە لە ڕێگەی گرووپە چەتەکانەوە کرایە سەر هەرێمەکە، سەری دانەنەواند و سیستمی خۆبەڕێوەبەری خۆی دامەزراند. بە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک، بە پرەنسیپی مافی ژیانێکی یەکسان لە ناو سیستمی خۆیدا جێگەی دایە گەلانی عەرەب، تورکمان، ئەرمەنی، سریانی، ئاشووری و تەواوی ئەو گەلانەی لە هەرێمەکەدا دەژین، لەبەر ئەوەش تەواوی گەلانی هەرێمەکە شۆڕشی ١٩ی تەمووزیان وەک شۆڕشی خۆیان بینی. وەک ڕزگاریی خۆیان بینی. زۆرجار لە لایەن هێزە هەژموونخوازەکانەوە پلان و حیسابات لەسەر هەرێمەکە کرا، بەڵام ئەم پیلانڕێژییانە هیچ کات سەرنەکەوتن، چونکە ژنان و گەلان ئازادی خۆیان لە مۆدێلی شۆڕشی ڕۆژئاوادا بینییەوە. هەر هێرشێک کە کرایە سەر شۆڕشەکە لە لایەن گەلانەوە بە کاردانەوەوە وەڵام درایەوەو گەلانی ئازادیخواز خاوەندارێتییان لە شۆڕشی خۆیان کرد. لەبەر ئەوەش ئەو پلانانەی لەسەر مافی گەلان دادەڕێژرێن، هەمیشە بە بڕیارداریی گەلان پووچەڵ دەکرێنەوە.

 

یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" بۆ هێنانەدی، بەردەوامبوون و مانەوەی شۆڕشی ١٩ـی تەممووز هەمیشە خاوەن هەڵوێستێکی ئازایانە بوون، لە بەرەکانی جەنگەوە تا بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، بە ڕەنج و فیداکارییەکی مەزنەوە پێشەنگایەتیی شۆڕشەکەیان کرد. دیارترین توخم لە ناو لاپەڕەکانی مێژووی شۆڕشی ڕۆژئاوادا بوونی ژنانە، لەبەر ئەوەش ئەمڕۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا بووەتە مۆدێلێک و تەواوی جیهان ئیلهامی لێ وەردەگرێت. ئەم ڕاستییە ناتوانرێت نکۆڵی لێ بکرێت و لە بنەڕەتدا ڕازی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩ی تەممووز پێشەنگایەتیی ژنانە، یەپەژە بە بوون، هەڵوێست و شێوازی ژیانی خۆی لە ناو هێزەکانی پاراستنەوە تا ناو کۆمەڵگە، بووە خاوەن پێگەیەکی باڵاو سەنگین.

 

بێگومان بۆ ئەوەی ئارامی و ئازادی لە وڵاتێکدا باڵادەست بێت، چەندین قوربانیی سەنگین دەبەخشرێت. لەم ١٤ ساڵەی شۆڕشەشدا، هەر ڕۆژێک کە ژیاین بە سایەی ڕەنجی ڕۆڵە قارەمانەکانی ئەم خاکەوە بوو. شەڕڤانانی یەپەژە، یەپەگە و قەسەدە بۆ پاراستنی هەر بستێکی ئەم خاکە ڕەنجێکی بێوێنەیان دا، تێکۆشان و گیانی خۆیان فیدا کرد. گەلی ئێمە ڕۆڵەکانی خۆیان لە ناو بارودۆخێکی سەخت و بێدەرەتانیدا گەورە دەکەن، بەڵام بێ ئەوەی یەک چرکە دوودڵ بن، بۆ پاراستنی وڵات و شکۆی مرۆڤایەتی ڕۆڵەکانیان فیدای دۆزی ئازادی دەکەن.

 

ئێمە خۆشەویستترین ڕۆڵەکانی وڵاتەکەمان کردە قوربانیی ئازادیی گەلەکەمان و مرۆڤایەتی، لەبەر ئەوەش شۆڕشی ١٩ـی تەممووز بێوێنەیە و لە هیچ شۆڕشێکی تری جیهان ناچێت، ئێمە ئەو میراتەی کە شەهیدە نەمرەکانمان بۆیان جێهێشتووین، هەمیشە دەیپارێزین، ئێمە جارێکی تر لە کەسایەتیی بێریڤان، دەڤریم، سلاڤا، گەلهات، ئارین، زیاد، سیدار، شیلان، دەنیز، ڕامان و کۆچەرین‌دا، تەواوی شەهیدانی شۆڕش بەبیر دێنینەوەو بەڵێنی بەردەوامبوونی تێکۆشانی ئازادی نوێ دەکەینەوە. ئێمە بە ڕۆح و جۆشی ڕۆژی یەکەمی شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە، بەرگری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش دەکەین و بە تێکۆشانی خۆمان شۆڕشی ژنان بەردەوام و جێگیر دەکەین.