"هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکانمان سەرەڕای ڕێکەوتنەکان بەردەوامن"

ژنانی شاری تل تەمر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا توڕەی و ناڕەزای خۆیان لە هەوڵی چەتەکانی تورکیای داگیرکەر بۆ دزەکردنە ناو شارەکەیان دەربڕی، ئەوان ڕەتکردنەوەی ئەو پێشێلکارییانەیان دووپاتکردەوە و داوای جێبەجێکردنی خێرای ڕێکەوتنی ١٠ی ئاداریان کرد.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

تل تەمر- تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرایە بۆ ڕێکەوتنی ١٠ی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سووریا لە دیمەشق، و ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخەکە و دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکەیە.

 

لە هەڵکشانی نوێی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چەتەکانی تورکیای داگیرکەر لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا هەوڵیان دا شەوانە دزە بکەنە ناو گوندی تل لابان لە شاری تل تەمر، بەڵام ڕووبەڕوویان بوونەوە و ناچاریان کردنکە پاشەکشە بکەن، کە ئەمەش شەپۆلێکی توڕەی و ناڕەزای لەنێو ژنانی تل تەمردا لێکەوتەوە، کە ڕەتکردنەوەی یەکجارەکی خۆیان بۆ ئەم پێشێلکارییە بەردەوامانەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی.

 

" تورکیای داگیرکەر هەوڵدەدات ڕێکەوتنەکە پووچەڵ بکاتەوە و هەوڵەکانی ئاشتی تێکبدات"

ئیسرار نیعمەت، ژنێکی ئاوارە و هاوڵاتی شاری داگیرکراوی ڕاس ئەلعەین-ی سەر بە ساری کانییە، دووپاتیکردەوە، کە تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە بەکارهێنانی شێوازی جۆراوجۆر، بە ئامانجی هێشتنەوەی دانیشتوان لە دۆخێکی بەردەوامی ترس و گرژیدا.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە ئەو هێرشانە لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنی "ئاسایشی هەمیشەی گەلان" دێت کە لە شاری حەسەکە دەستیپێکردوە و لە ئەنجامدا ٥١ ئەندامی داعش دەستگیرکراون، کە ئەمەش بووە هۆی تووڕەی چەتەکانی تورکیای داگیرکەر و ئۆپەراسیۆنەکەیان بە گورزێکی ڕاستەوخۆ بۆسەر خۆیان زانی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە تورکیای داگیرکەر لەڕێگەی ئەم هەڵکشانەوە هەوڵدەدات هەوڵەکانی ئاشتی تێکبدات و ڕێکەوتنی ١٠ی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سووریا لە دیمەشق پووچەڵ بکاتەوە، تورکیا فشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر دانوستانەکان بۆ ئەوەی بەربەست بخاتە بەردەم هەر دەرفەتێکی چارەسەری سیاسی.

 

ئیسرار نیعمەت لە سەر پێویستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنی ١٠ی ئادار بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە شارە ئاوارە و داگیرکراوەکانەوە هەیە، جەختی لەوە کردەوە، کە درێژەدان بە خەبات تاکە ڕێگایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سیاسەتە سیستماتیکییانە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

 

"کۆمەڵکوژی دژی ژنان و ئاوارەبوونی دانیشتوان"

عەبیر یونس هەوڵی دزەکردنی شەوانە بۆ ناو گوندی تل لابان بە "هەوڵێکی نهێنی و نائاسای"پێناسە کرد و پاڵنەرەکانی تەنها سەربازی نەبوون، بەڵکو هەستی ڕق و کینە و ئارەزووی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لەناو خۆیاندا هەڵگرتوە، بە تایبەتی ژنانی کردۆتە ئامانج، و ئامانجی ئەم هێرشانە ئەنجامدانی تاوانە بەرامبەر بە ژنان، لەوانە کوشتن و دەستدرێژی و ڕفاندن، جگە لە هەوڵدان بۆ داگیرکردنی زەوی و زار و ئاوارەبوونی دانیشتوان.

 

عەبیر یونس لە چوارچێوەی قسەکانیدا، ئەو قوربانییە گەورەیەی هاوڵاتیانی ناوچەکەی لە سەردەمی شۆڕشی ١٩ی تەمووزدا بیرهێنایەوە و داوای پێویستی پاراستنی میراسی شەهیدان و شوێنکەوتنی شوێنپێیان لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا کرد، هەروەها خەبات تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی شکۆمەندی و مافەکانی گەل.

 

" بەهۆی ئەو پێشێلکارییە دووبارەبووانە ژیانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی دەکەوێتە مەترسییەوە"

هەروەها سەمەر خەلیل ڕێکەوتنی ١٠ی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سووریای لە دیمەشق بیرهێنایەوە، بە بەشداری مسۆگەرەکارانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی نێوەندگیری، جەختی لەوە کردەوە کە تورکیای داگیرکەر بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئەم ڕێکەوتنە بە پەرەپێدانی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

سەمەر خەلیل بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و هۆشداریشیدا لەوەی کە بەهۆی ئەو پێشێلکارییە دووبارەبووانە ژیانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی دەکەوێتە مەترسییەوە، هەروەها تورکیا بەڕوونی پلانی نوێ دادەڕێژێت کە گەلی ناوچەکە و خاکەکەیان دەکاتە ئامانج، داوا لە دەوڵەتانی نێوەندگیری دەکەم دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ وەستاندنی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە مەترسی بەردەوامی پەرەسەندنی تورکیا.