"بانگەوازەکەی ڕێبەر ئۆجالان ئیلهامبەخشە بۆ خەباتمان لە بونیادنانی ئاشتی"
ژنانی قامیشلۆ، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەختیان لەوە کردەوە، ئاشتی تەنها دروشمێک نییە کە بەرز بکرێتەوە یان ڕۆژێکە کە ئاهەنگ بگێڕدرێت، بەڵکو پێویستییەکی بەپەلەیە کە پێویستی بە ئیرادەی بەکۆمەڵ و خەباتی بەردەوام هەیە.

شیرین محەمەد
قامیشلۆ- لە شاری قامیشلۆوە دەنگی ژنان بەرز دەبێتەوە، نەک بە ئاهەنگگێڕانی دروشم، بەڵکو لە دڵی ئازارەوە داوای ئاشتی دەکەن، لە ناوچەیەکدا کە بەهۆی شەڕەوە ماندو بووە و سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێی خستووە، ژنان لە سێبەرەوە دەچنە ناو ڕوناکی، هەڵگری ئاڵای شکۆ و بەرخۆدانن و داوای ئاشتییەک دەکەن کە لە سەرەوە نەسەپێندرێت، بەڵکو لە زەمینەوە بونیاد بنرێت لە ڕێگەی ڕێکخستن و خەباتی بەردەوامەوە.
یەکەمی ئەیلوول ڕۆژی جیهانی ئاشتیە، هاوکات لەگەڵ ئەم ڕۆژە، ژنانی قامیشلۆ، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، داوا لە هەموو جیهان دەکەن هەڵوێستی ڕاستەقینەیان هەبێت بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمەلایەنە، سەرەڕای ئەوئاڵانگاری و ململانێیانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کە ناوچەکانیان لە ئاسایش و سەقامگیری بێبەش دەکەن، خەونی ئاشتی و دیموکراتییان هێشتا لە ئاسۆدا دەدرەوشێتەوە و بە ڕێکخراو و خەباتی بەردەوامی خۆیان بەردەوامن لە هەنگاونان بۆی.
ئەو ژنانە ئیلهامیان لە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەرگرتوە بۆ ئاشتی و دیموکراتی، کە بەردەوام داوای کۆتای هێنان بە شەڕەکان و بونیادنانی ئایندەیەکی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتنی یەکتر لە نێوان گەلان کردوە.
"دەنگی ژنان دەنگی ئاشتییە"
ژنانی قامیشلۆ هەڵوێستی خۆیان دەربڕی، فەسڵە موسا، ئەندامی تەڤگەری "دایکانی ئاشتی" ڕایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێ لەو دەنگانە بگرێت کە داوای ئاشتی دەکەن، وتی: زیاتر لە چل ساڵە ئەم بانگەوازە بەرز دەکەینەوە، بەڵام کەس وەڵامی نەداوەتەوە، ئەمڕۆ شەڕ گەیشتوەتە هەموو گۆشەکانی جیهان، لە هەر شوێنێک سەیر بکەین کوشتن و ماڵوێرانی دەبینین، لە کاتێکدا جیهان چاوی لە ئازارەکانمان دادەخات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە دەیان ساڵە داوای ئاشتی و دیموکراتی دەکات، ماوەی ٢٦ ساڵە لە ئیمرالی زیندانی کراوە، چونکە بیروبۆچوونەکانی ناکۆکن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە باڵادەستەکان کە لەسەر حسابی خوێنی گەلان گەشە دەکەن، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە هاوڵاتیانی ئازادیخواز گوێ لە بانگەوازەکەی بگرن و دەستیان درێژ بکەن بۆ بونیادنانی ئایندەیەک کە تایبەتمەندی ئاشتی بێت.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئێمە دایک و خوشک و هاوژینی شەهیدین و داوای ئاشتی و دادپەروەری دەکەین، ئێمە خۆشەویستترین شتی خۆمان کردە قوربانی بۆ ئەوەی بە شکۆمەندی بژین، نەک لە ژیانیش بێبەش بین، ئێمە نامانەوێت هیچ هاوڵاتیەک بکوژرێت یان ئاوارە بکرێت، ئێمە ئاشتیمان بۆ هەمووان دەوێت، دەمانەوێت دایکان و منداڵەکانیان بە سەلامەتی و دوور لە خوێنڕشتن بژین و دەبێت هەموومان دژی ئەو پیلانانەشۆڕشبکەین کە ئامانجیان نوقمکردنی جیهانە لە جەنگ و خوێن، دەنگی ژنان دەنگی ژیان و دەنگی ئاشتییە، دەبێت ببیسترێت.
"ئەو وڵاتانەی ئاشتییان ڕاگەیاند هەمان ئەو وڵاتانەن کە شەڕ و وێرانکاریان هەڵدەگیرساند"
وەزحی وانکی جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەمیشە داوای ئاشتی و دیموکراتی دەکات، بەڵام ئەو بانگەوازانە بە بێ بایەخکردن و پێشێلکارییە دووبارەکان لەلایەن وڵاتانی سەرمایەداری، بە پێشەنگایەتی تورکیا بەرەوڕوو دەکرێنەوە، هەروەها جێگەی داخە کە ئەو وڵاتانەی یەکەمی ئەیلوولیان وەک ڕۆژی جیهانی ئاشتی ناساندوە، هەمان ئەو وڵاتانەن کە شەڕ و وێرانکاریان هەڵدەگیرساند بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، سەرەڕای توانای وەستاندنی ململانێکان لە سەرانسەری جیهاندا.
ڕوونیشیکردەوە، لە غەززە منداڵان لە برسێتیدا دەمرن، لە سووریاش ژنان لەلایەن جیهادییەکانەوە دەکوژرێن، لە ئۆکرانیا و ڕووسیاش شەڕەکان هەڵدەگیرسێن و زەوی دەسووتێنن و ژیان دەبەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان لەبەردەم چاوی جیهان، بەبێ ئەوەی هیچ کردەوەیەکی ڕاستەقینەیان هەبێت، کەواتە کوا ئەو ئارامییەی کە گۆرانی لەسەر دەڵێن و ئاهەنگی بۆ دەگێڕن؟
دووپاتی کردەوە، کە هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەبەرامبەر مەترسیدارترین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان وەستانەوە و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لەسەر زەوی کۆبانێ، بەرگریان لە هەموو مرۆڤایەتی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا، قوربانیدانەکانمان ناناسرێتەوە، و ئەوانەی کۆمەڵکوژییان لە دژی گەلەکەمان ئەنجامداوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت، ئێمە گەلێکین کە باوەڕمان بە ئاشتی هەیە، و خاکەکەمان لە هەموو هەڕەشەیەک دەپارێزین، ئەگەر باوەڕمان بە ئاشتی نەبووایە بەو بوێرییە ڕووبەڕووی تیرۆر نەدەبووینەوە.
وەزحی وانکی لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ئێمە داوای مافەکانمان دەکەین و بە ئاشتی لەسەر یەک خاک پێکەوە بژین، لەگەڵ پێکهاتە هەمەچەشنەکانمان کاردەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک سەرکەوتو بێت، کاتی ئەوە هاتوە جیهان دەنگی ئێمە ببیستێت و ڕاستیەکەمان ببینێت و لەگەڵمان بوەستێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکەمان و جیهان، و ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.