دەستپێشخەریی عێراقی بۆ ئازادیی ئۆجالان لە ڕۆژی ئاشتی جیهانیدا: بانگەوازی ئاشتی دەرفەتێکی مێژووییە
لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا، دەستپێشخەریی عێراقی بۆ ئازادیی ئۆجالان جەختی لەوە کردەوە کە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە لەلایەن بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانەوە پێشنیار کراوە، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناوەندی هەواڵ
دەستپێشخەریی عێراقی بۆ ئازادیی ئۆجالان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتییەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی بەیاننامە بەمشێوەیەیە:
“دەستپێشخەری ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کە لەلایەن بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانەوە پێشنیارکراوە، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە یەکێک لە ململانێ درێژخایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەگەر بە شێوەیەکی درووست جێبەجێ بکرێت، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی درووستدەکات و ئاشتی و سەقامگیریی دەهێنێت بۆ تورکیا و عێراق و دواتر بۆ تەواوی ناوچەکە.
بە بۆنەی ڕۆژی ئاشتی جیهانییەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتییانە تاکە ڕێگایە بۆ بنیاتنانی دواڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
پێمان وایە دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز ئۆجالان بە ناوی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی چۆنییەتی دەکات لە چارەسەرکردنی پرسی کورد و ناکۆکییەکانی دیکەی ناوچەکە.
ئەم بانگەوازییە ئاشتییخوازانەیە کە نوێنەرایەتی گۆڕانێکی جەوهەریی دەکات و خەباتی چەکداریی دەگۆڕێت بۆ خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی، لەسەر بنەمای ڕامانێکی فەلسەفی قووڵ دامەزراوە، کە ئامانجەکەی بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی هەمیشەییە لە تەواوی ناوچەکەدایە.
ڕەهەندەکانی دەستپێشخەریی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی لە گۆڕانکاریی خەباتی چەکداری بۆ خەباتی سیاسیدا بەرجەستە دەبێت، لە ئێستاشدا ئەم قۆناغە پێویستی بە ئامرازی سیاسی و یاسایی هەیە بۆ ڕەوایدان بە مافەکان.
ئەم گۆڕانکارییە نوێنەرایەتی سەرکەوتنێکی مێژوویی دەکات کە کۆتایی بە چوار دەیە لە شەڕی چەکداریی دەهێنێت.
لە دیدگایەکەوە کە کۆمەڵگەی دیموکراتی وەک ئەڵتەرناتیڤێک دەبینێت بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوە.
ئەو خاڵەی ئەم دەستپێشخەرییەش جیادەکاتەوە، مۆدێلی چەسپاندنی ئەنتیگراسیۆنە لە کۆمەڵگەی دیموکراتی، کە زەمینەسازی بۆ پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکات.
ئەم مۆدێلە تیشک دەخاتە سەر بەشداری و فرەڕەنگیی لەسەر بنەمای تیۆری نەتەوەی دیموکراتیک، نەک بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوەیەکی نوێ، ئەوەش وادەکات کە بۆ کۆمەڵگەیەکی هەمەچەشنی وەک کەمەڵگەی عێراقی یان وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبار و گونجاو بێت.”