دەفەگە: لە مانگی ئابدا ٣٣ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات "دەفەگە" ڕاپۆرتی پێشێلکاری مافەکانی مانگی ئابی ئاشکرا کردو ئاماژەی بەوەدا تا ئێستا ٣٣ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات "دەفەگە" ڕاپۆرتی پێشێلکاری مافەکانی مانگی ئابی ئاشکرا کرد. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە مانگی ئاب بە لێپرسینەوە لە ڕۆژنامەنووس، سنووردارکردنی ڕووماڵکردنی هەواڵەکان و درووستکردنی بەربەست بۆ ماڵپەڕەکان تێپەڕیووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە سەرەڕای ئەوەی مانگی ئاب پشووی دادوەری بووە، بەڵام بەرانبەر بە ڕۆژنامەانان لێپرسینەوە دەستیپێکردووە و گوترا: "لە مانگی ئابدا دوو ڕۆژنامەوان ڕووبەڕووی هێرشبوونەوە، کەسێک هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ئۆفیسی ڕۆژنامەی ئەڤرەنسەلی ئیزمیر ئەنجامدا. دەبێت پشت پەردەی هێرشەکان ڕوون بکرێتەوە. لە مانگی ئابدا ڕووماڵی کردنی هەواڵەکانی دوو ڕۆژنامەوان ڕێگری لێکراوە و هەڕەشەیان لێکراوە. هەروەها لەم مانگەدا دانیشتنی دۆزی حەوت ڕۆژنامەوان ئەنجام درا.
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا دەفەگە ئاماژەی بەوەدا یەکێک لەو بابەتانەی کە سەریهەڵداوە ڕێگریکردنە لە دەستگەیشتن بە هەواڵەکان و گوتی: "دامەزراوەی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان (BTK) لە مانگی ئابدا هەژمارەکانی ئینستاگرامی ئاژانسی وڵات و ڕۆژنامەی خۆبوون کە بە زمانی کوردی بڵاودەکرێنەوە، هەژماری ئینستاگرامی ڕۆژنامەی یەنی یاشام و KAOS GL ی بلۆک کرد. هەروەها لە مانگی ڕابردوودا چوونە ناو ماڵپەڕی ڕۆژنامەی یەنی دیموکراسیش ڕێگری لێکرا. لە مانگی ئابدا ٣٢ ماڵپەڕی ئینتەرنێت، URLـی حەوت هەواڵ و ٤٣ هەژماری دیجیتاڵ میدیا ڕاگیراون. RTUK سزای پێنج ڕۆژ ڕاگرتنی پەخشی بۆ تەلەفیزیۆنی TELE1 بڕیەوە و پێنج جاریش سزای وەستاندنی بەرنامەی بۆ بڕیەوە.
لە ڕۆژی ئاشتییدا پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەوانان بەردەوامە
لەم ڕۆژانەدا کە ئێمە ڕۆژی جیهانیی ئاشتی پیرۆزدەکەین، بێ وەستان و بێسەروبەرانە هێرشەکان دژی ڕۆژنامەوانان و پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژناگەری بەردەوامییان هەیە. بەو بۆنەیەوە جارێکی تر رۆژی جیهانیی ئاشتی پیرۆز دەکەین و داوادەکەین ڕۆژی ئاشتی لە هەموو جیهان ببێتە هۆکاری یەکسانیی گەلان، تاوەکو بەیەکەوە بژین. لەو چوارچێوەیەدا ئێمەی ڕۆژنامەوان، ڕێپێوانی ئاشتی و ئازادی وەک ئەرکێک دەبینین و بانگەواز بۆ فراوانکردنی ئەم ڕێپێوانە دەکەین.
لە ڕاپۆرتەکەدا فشار و پێشێلکارییەکان دژی ڕۆژنامەوانان بەم شێوەیە خرانەڕوو: "دوو ڕۆژنامەوان و باڵەخانەیەکی ڕۆژنامەیەک ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە. هەڕەشە لە دوو ڕۆژنامەوان کراوە و دوو ڕۆژنامەوان لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵ ڕێگرییان لێ کراوە. لێپرسینەوە بەرامبەر چوار ڕۆژنامەوان ئەنجام دراوە. دادگاییکردنی حەوت ڕۆژناوان لە پێنج دۆسیەدا بەردەوام بوو. لە ئێستادا لە زیندانەکان ٣٣ ڕۆژنامەوان هەن و کۆتایی بە کاری ١٣ ڕۆژنامەوان هێنرا. پەخشی هەشت دەزگا ڕاگیرا. کەناڵی TELE1 پێنج جار سزای وەستاندنی بەرنامە و پێنج ڕۆژ ڕاگرتنی پەخشی بۆ بڕدرایەوە. ٣٢ ماڵپەڕی ئینتەرنێت ڕاگیران و گەیاندنی حەوت هەواڵ ڕێگری لێ کرا. ٤٣ هەژماری دیجیتاڵ میدیا و بڵاوکردنەوە ڕاگیران.