بانگەوازی بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی غەززە کرا
بانگەوازی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور "RSF" و تەڤگەری مەدەنی جیهانی ئاڤاز لە سەرانسەری جیهان زیاتر لە ١٥٠ ڕێکخراوی میدیایی بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسانی غەززە بپارێزرێن، پشتگیری کەمپینێکی هاوبەشیان کرد.

ناوەندی هەواڵ
Mediapart و L’Humanité ("فەرەنسا"، Le Soir و La Libre "بەلجیکا"، Frankfurter Rundschau "ئەڵمانیا"، The Independent "ئینگلتەرا"، L’Orient-Le Jour "لوبنان" و پەخشی کۆمەڵایەتی ئیسپانی RTVE، چەندین دامەزراوەی دیکە لە نێو ئەو میدیایانەدا جێ دەگرن کە واژۆیان کردووە. دامەزراوە میدیاییەکان بۆ پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان و بۆ شکاندنی بێدەنگی، پەڕەی یەکەمی خۆیان ڕەش کردووەتەوە.
بە پێی RSF، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە غەززە زیاتر لە ٢١٠ ڕۆژنامەوان کوژراون، کە لانی کەم ٥٦ ڕۆژنامەوانیان ڕاستەوخۆ لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج یان لە کاتی ئەرکی خۆیاندا گیانیان لەدەستداوە.
تەنها لە مانگی ئابدا لە سێ هێرشی ئیسرائیلدا ١١ ڕۆژنامەوان کوژراون. لە نێو کوژراوەکاندا پێنج ڕۆژنامەوانی ئاژانسە نێونەتەوەییەکانی وەک ڕۆیتەرز و ئەسۆشێتد پرێس هەبوون.
RSF و ئاڤاز بانگەوازییان لە ڕای گشتی نێونەتەوەیی کرد و جەختیان لەوەکردەوە پاراستنی ڕۆژنامەوانان هەم بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری هەم بۆ ئەوەی دۆخی خەڵکی مەدەنی بە جیهان ڕابگەیەنرێت، گرنگە.
سێ داواکاری
ئەو ڕێکخراوە میدیاییانەی کە بەشداری ئەم کەمپینە بوون، کە لە مانگی حوزەیران لەلایەن RSF و کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان "CPJ" دەستیپێکردووە، سێ داواکاری پێشکەش دەکەن:
-هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژنامەوانان و کوشتنیان لە غەززە شەرمەزار دەکەین و بانگەواز دەکەین ئەم تاوانانە بێ سزا نەمێننەوە.
-داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو ڕۆژنامەوانە فەلەستینیانە دەکەین کە دەیانەوێت ئازاد بکرێن.
-داوا دەکەین دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕێگە بە میدیا نێونەتەوەییەکان بدەن بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان بگەیەننە غەززە.
تەنها چەند ڕۆژێک ماوە بۆ ٨٠هەمین دانیشتنی لیژنەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە میدیاییەکان بانگەوازییان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە بە شێوەیەکی بە هێز هەڵوێست وەربگرن و بانگەوازیان لە کۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بەرپرسیارێتی کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژنامەوانانی فەلەستینی لە ئەستۆ بگرێت.