ژن لە دووڕیانی تاڵاوی توندوتیژی ژیان و جیابوونەوەدا

سەمیرە کازم دەڵێت: ئەگەر وەک پڕۆژەیەکی سیاسی سەیری هاوسەرگیری بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە لە کۆمەڵگەی ئێراندا سەرەڕای زەوتکردن و نەبوونی یاسای دادپەروەرانە بۆ ژنان و زیادبوونی هۆشیاری جیهانی بۆ مافەکانی ژنان، زۆرێک لە هاوسەرگیرییەکان شکست دەهێنن.

لارا گەوهەری

 

ورمێ- دیاردەی جیابوونەوەی هاوژینان یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا ڕوودەدات، بەڵام لەگەڵ گۆڕانکارییە فەرهەنگی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک، تێچووی جیاوازە.

 

بەراورد بە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی جیابوونەوە لە ئێران لە هەڵکشاندایە. ڕێژەی هاوسەرگیری لەگەڵ جیابوونەوە لە ئێران ٣ بە ١ تۆمار کراوە، زۆربەی ئەو جیابوونەوانە ئەو هاوژینانەن، کە لە نێوان ساڵێک بۆ پێنج ساڵ هاوسەرگیریان کردووە.

 

هۆکارە ئابوورییەکان

بەرزی نرخی خانووبەرە و کرێ، گرانی نرخی خۆراک، نەبوونی ئەمنیەتی کار و ناهاوسەنگی داهات و ناسەقامگیری ئابووری لە ئێراندا بەشێکە لە هۆکارەکانی تێکچوونی شیرازەی خێزانەکان، هەرچەندە ژنان لە هەندێک خێزاندا بەهەمان شێوەی پیاوان کاردەکەن، بەڵام هەندێکجار داهاتی دوو کەس بەشی بژێوی ژیانی خۆیان ناکات و لە زۆر حاڵەتدا کە هەم ژن و هەم پیاوەکە کاردەکەن، ژنان جیاکارییان لەگەڵ دەکرێت، لە ڕاستیدا بابەتی ئابووری و هەڵاواردن لە دژی ژنان هۆکارێکن بۆ داڕمانی هاوسەرگیری.

 

کێشەی کولتووری و کۆمەڵایەتی

زۆربەی جیابوونەوەکان لە ئێران پەیوەندییان بە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەم یان هاوسەرگیری منداڵانەوە هەیە، هەڵبژاردنی هاوژین لە کۆمەڵگەی ئێراندا دەتوانێ لە ژێر کاریگەری فاکتەری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا بێت. لە زۆر شوێنی ئێران، هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە چوارچێوەی یاسا و کولتوورەکانی دژە ژن بەردەوامە، بەڵام زۆرێک لە ژنان وەک ڕابردوو ئامادە نین چەوساندنەوە و زۆرەملێ قبوڵ بکەن.

 

بە وتەی خوراسان ڕەزەوی، بەڕێوەبەری گشتیی خۆشگوزەرانی، ٪٥٨ی داواکارانی جیابوونەوە لە ئێران ژنانن، ئەم ئامارە ئاماژە بەوە ناکات کە ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا جیابوونەوەیان دەوێت، چونکە بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران بۆ ئەو ژنانەی کە لە مێردەکانیان جیا دەبنەوە زۆر سەختترە، لە چاو ئەو ژنانەی کە بە تەنیا دەژین و هێشتا هاوسەرگیریان نەکردووە. بەڵام ئەو فشارەی کە ڕەنگە ژنان ڕووبەڕووی ببنەوە لە پێکەوە ژیان لە ژێر سێبەری پیاوسالاریدا، زیاترە لەو فشارەی کە دوای جیابوونەوە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە و ژنان قبوڵی پێکەوە ژیان لەگەڵ پیاوێک نەکەن و درێژە بە ژیانی تەنیای بدەن.

 

کاریگەرییە سیاسی و حوکمڕانییەکان

هاوسەرگیری لە ئێراندا بووەتە پڕۆژەیەکی سیاسی لەلایەن ڕژێمەوە، تاکە ئامانجی ڕژێم هاندانی گەنجانە بۆ هاوسەرگیری و زاوزێ و منداڵبوون، لەم ڕووەوە سەرەڕای نەبوونی هەیکەلێک بۆ دابینکردن و پەروەردەکردنی منداڵ، هێشتا پێداگری حکومەت لەسەر هاوسەرگیری و منداڵبوون هەیە. ئەمەش هەڵبژاردنی هاوژین قورستر دەکات و مەترسی زیاتری تێکچوونی خێزان دروست دەکات.

 

سەمیرە کازمی، چالاکوانی مافی ژنان لە ورمێ دەڵێ لە تاقیکردنەوەکانی دامەزراندن یان تەنانەت لە بەرزکردنەوەی مووچە و پلەبەندی لە شوێنی کارەکانیان، ئیمتیازی تایبەت بە کەسانی خێزاندار دەدرێن. هەر بۆیە دەکرێ بوترێت کە هاوسەرگیری لە ئێران لە پێگەیەکی باشدا نییە و حکومەت کە لەم دواییانەدا ئەو سوودانەی بۆ کەسانی هاوژیندار لەبەرچاو گرتووە، بەمەش هەوڵی هاندانی هاوسەرگیری دەدات و تەنانەت لە ژینگە پەروەردەییەکان و بە تایبەت زانکۆکاندا ژینگەیەکی لەو شێوەیە بەرەوپێش دەبات. ئەگەر وەک پڕۆژەیەکی سیاسی سەیری هاوسەرگیری بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە لە کۆمەڵگەی ئێراندا سەرەڕای زەوتکردن و نەبوونی یاسای دادپەروەرانە بۆ ژنان، هەروەها زیادبوونی هۆشیاری جیهانی بۆ مافەکانی ژنان، هێشتا زۆرێک لە هاوسەرگیرییەکان شکست دەهێنن.

 

دەشڵێت: بەپێی ئامارەکان زۆربەی ژنان بەدوای جیابوونەوەدا دەگەڕێن و بەرگەی ژیانی توندوتیژی ناگرن بۆ بەردەوامبوون لە ژیان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەڵاواردن و دەستدرێژی خێزانی. توندوتیژی خێزانی لە ئێران بووەتە بابەتی تایبەت، لە هەندێک لە هاوسەرگیرییەکاندا مافی خوێندن و کارکردنیان لێ زەوت دەکرێت و پیاوانیش دەڵێن نابێت بە بیانووی بارودۆخی کولتووری و ژینگەیی کار بکەن و ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، هەر بۆیە ئەم ژنانە سووڕی توندوتیژی دەشکێنن و داوای جیابوونەوە دەکەن.

 

"ئاستی توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە"

نەشمیل.م چالاکوان و پارێزەری مافی ژنانە لە شاری خوی، سەبارەت بە دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەڵێت: ئاستی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە دۆسیەکانی جیابوونەوەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و یاساکانیش دژی ژنانن و پیاوان سوودمەندن لەم دۆخەی ئێستادا، ژنان دەبێت زۆر کاربکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە کاروباری دارایی ژیاندا بکەن، زۆرینەی ئەو ژنانەی داوای جیابوونەوە دەکەن، بە توندی هەراسان کراون و مافی خوێندن و کارکردنیان لێ زەوت کراوە، بەڵام ئەوان بڕیاریانداوە هەوڵبدەن بۆ ژیانێکی باشتر، بۆیە بڕیار دەدەن جیاببنەوە.

 

ناوبراو دەشڵێت: زۆربەی ئەو ژنانەی لە پرۆسەی جیابوونەوەدان لە کاتی داواکردنی جیابوونەوەدا هەڕەشەیان لێدەکرێت و چەند ژنێک لە ورمێ لە کاتی داواکردنی جیابوونەوەدا لەلایەن مێردەکانیانەوە کوژراون یان دوای جیابوونەوە دەکوژرێن، دەستدرێژی سێکسی لە کاتی پرۆسەی جیابوونەوەدا زیاد دەکات. تەنانەت دوای جیابوونەوەش، پیاوانی نزیک لەم ژنانە هەست دەکەن خاوەنی خۆیانن و دەیانخەنە ژێر توندوتیژی. بۆیە پێویستە لەڕووی فیکرییەوە هەوڵەکانمان زیاتر بکەین بۆئەوەی بتوانین پارێزگاری لەو دیاردانە بکەین کە ڕۆژانە دەبنە هۆی ئەوەی ئێمەی ژنان و کۆمەڵگە تووشی خەسار و چەوسانەوەی دەروونی و جەستەیی ببین و ڕێوشوێنی پێویست بگرینەبەر بۆ ڕزگاربوون لێی.