"ژنکوژان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ تاوانی دیکە بەکاردەهێنرێن"

کەژاڵ عەبدولقادر، داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، وتی: چالاکوانانی ژنان لەلایەن دەسەڵاتەوە تواناکانیان سنوردار دەکرێت، بەڵام چالاکوانێک بۆ مافی ژنان کار بکات نابێت لەژێر سێبەری حزبێکدابێت ".

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنان ڕووبەڕووی ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەبنەوە، بەهۆی ئەو ئەقڵیەتەوە ژنان دەکوژرێن یان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، ڕاگرتنی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ساڵی ٢٠٢١ەوە هۆکارێکی دیکەیە بۆ زیادبوونی کوشتنی ژنان، هەروەها بەشێک لە چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی ژنان لەژێر سێبەری حزبدا کارەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەمەش بووەتە هۆکاری بێدەنگکردنی چالاکوانان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بەشێک لە چالاکوانان چالاکییەکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە لاوازیدایە و بەشداریکردنیان لە کەیسەکانی کوشتندا لاوازتر دەبێت.

 

"بە نەخستنەڕووی ئامارەکانی کوشتنی ژنان دەیانەوێت ژیانی ژنان بە خۆشگوزەرانی نیشان بدەن"

کەژاڵ عەبدولقادر، داکۆکیکاری مافەکانی ژنان، باس لەوەدەکات، ئەو تاوانانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت، لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهاندا بەرامبەر ژنان دەکرێت، سیستمی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا هۆکاری سەرەکیە بۆ توندوتیژیەکان و خراپبوونی باروگوزەرانی ژنان، پەروەردەی هەڵە و خراپی باری ئابووری هاوڵاتیان بە شێوازێکی دیکە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی توندوتیژی و کوشتنەکانن.

 

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشدا، ژنان ڕوبەڕووی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتن دەکرێنەوە، هەروەها نەبوونی ئامارەکانی کوشتنی ژنان هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی کوشتنی ژنانە، وتیشی: کاتێک بە دوای ئامارەکانی کوشتنی ژناندا دەچین ئامارێکمان پێ نادرێت، دەیانەوێت بارودۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کپ بکرێتەوە، لەڕێگەی نەدانی ئامارەکانەوە بانگەشەی خۆشگوزەرانی و باشی ئابووری و ژنانێکی ئازاد لە باشووری کوردستاندا دەکەن، بەڵام نە ژنان ئەو ئازادیەیان هەیە، نە باری ئابووری هاوڵاتیان باشە، شاردنەوەی ئەو ڕاستییانە مەرامی درێژکردنەوەی حکومڕانیانی لە پشتەوەیە.

 

"دادگایەکی بێلایەن نییە و کەیسەکانی کوشتنی ژنان دوادەخرێن"

کەژاڵ عەبدولقادر، ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان وەک پردێکی پەڕینەوەی کۆمەڵگە و دەسەڵات بن، بەڵام لە باشووری کوردستاندا و لە سنورەکانی حکومڕانیدا دەسەڵاتی ڕێکخراو و چالاکوانانی بواری ژنان و مافەکانی مرۆڤ سنوردار دەکرێن، دەشڵێت: چالاکوانان لەلایەن دەسەڵاتەوە تواناکانیان سنوردار دەکرێت، دەسەڵاتداران دەیانەوێت هەموو لایەن و کەسێک لەژێر فرمانیاندا بێت، بەڵام کاتێک چالاکوانێک بڕیار دەدات کار بۆ بەدەستهێنانی مافی تاک بکات، دەبێت بێباک بێت لەو ڕێگریانەی بەرەوڕووی دەبێتەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان بە ئاستێکی دیاریکراو توانیویانە بەشێک لە شێوازی ژیانکردنی ژنان بەرەوپێش ببەن، بەڵام دەکرا باشتر هەوڵبدرێت و دەستی حزب و لایەنێک لە کارەکانیاندا ڕەنگ نەداتەوە، ڕێکخراوێک بوونی نەبێت باشترە لەوەی لەلایەن حزبێکی دەسەڵاتدارەوە پشتگیری بکرێت و کار و چالاکییەکانیان ڕەنگدانەوەی حزبی بدات.

 

ئەو داکۆکیکارەی مافەکانی ژنان تیشكی خستەسەر زیادبوونی بکوژی ژنان و نەبوونی یاسایەکی تۆکمە بۆ وەستاندن و کەمکردنەوەی کوشتنی ژنان و هۆکاری زیادبوونی تاوانەکانن، وتی: نەبوونی دادگایەکی سەربەخۆ و دواخستنی کەیسەکانی کوشتنی ژنان لە دادگاکاندا و هەبوونی سوڵحی عەشایەری دووبارە هۆکارێکی دیکەی ئاسانکاریە بۆ کوشتنی ژنان، بە هەبوونی ئەم ژنکوژانە لە کۆمەڵگەدا، دووبارە لەلایەن دەسەڵاتداران و حزبەکانەوە تاوانی دیکەیان پێ دووبارە دەکەنەوە.

 

"بۆ بنبڕکردنی کوشتنی ژنان دەبێت پەروەردەی گەنجانمان بکەین"

کەژاڵ عەبدولقادر، باسی لەوەشکرد، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێت پێویستی بە گۆڕینی ڕیشەی کۆمەڵگە هەیە، لەڕێگەی گۆڕینی پەروەردەی کۆمەڵگە و پەروەردەکردنی گەنجان و هەروەها خۆڕێکخستنی ژنانەوە دەتوانین گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەنجام بدەین، لەو بارەیەوە وتی: بۆ بنبڕکردنی کوشتنی ژنان دەبێت پەروەردەی گەنجانمان بکەین، بەڵام چۆن بتوانین گەنجانمان پەروەردە بکەین لە کاتێکدا گەنجانیان برسی کردووە، نەبوونی کار بۆ گەنجان و برسیکردنی هاوڵاتیان بووەتە هۆکاری وەلانانی بابەتە سەرەکیەکانی ژنان و مافەکانیان.

 

کەژاڵ عەبدولقادر، باس لەو ئاستەنگیانە دەکات لە کەیسی سێوان قادردا ڕووبەڕووی چالاکوانی ژنان بووەتەوە، کە  سێوان قادر لەگەڵ سێ منداڵەکەی لە شەوی ١٦ کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێدرا، دەڵێت: کاتێک چالاکوانان بەشداری کەیسی سێوان قادرمان دەکرد بەردەوام ڕێگریمان لێدەکرا، من لەبەر ئەوەی کارمەندی تەندروستی بووم دەمتوانی سێوان ببینم، بەڵام چالاکوانانی دیکە نەیاندەتوانی بەشداری کەیسەکان بکەن، لەم ڕێگایانەوە چالاکوانان سنوردار دەکرێن و ڕێگەنادەن یان چالاکوانان دەکشێنەوە لە بەشێک لە ڕووداوەکاندا.

 

"لە ڕێگەی پارێزەرەکانمانەوە مافی ژنان بەدەستدەهێنین"

ئەو داکۆکیکارەی مافەکانی ژنان، باس لە کاتی سوتاندنی ئاڤان جەزای تەمەن ١٧ ساڵ دەکات، کە شەوی ٦ی ئایاری ٢٠٢٤دا لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێندرا، بەڵام چالاکوانانی ژنان بەشداری مەراسیمی ناشتنەکەیان نەکرد، لەو بارەیەوە دەڵێت: کاتێک ئاڤان بە خاک سپێردرا بەداخەوە چالاکوانان بەشداری بە خاک سپاردنیان نەکرد، ئەمەش دەبێتە جێی داخ، بەشداری چالاکوانان هاوخەمی بوو، بەڵام ڕێکخراوەکان پلانیانە بەشداری کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکانی دادگایەکانیان بکەن و پلانیان بۆ بردنەوەی کەیسەکە دەبێت لە دادگادا.

 

لە کۆتایدا کەژاڵ عەبدولقادر، ئاماژەی بەوەدا، لە کەیسی ئاڤان جەزادا هەڵوێستی تایبەتیان دەبێت، لەلایەن پڕۆژەی "ژن ژیانە"وە هەوڵدەدەن پارێزەری خۆبەخش بۆ کەیسەکەی ئامادە بکەن و لەگەڵ خانەوادەکەیدا مافی ئاڤان بەدەستبهێنن، ڕێگە نادەن مەیدان بۆ تاوانباران خۆشبکرێت و تاوانەکانیان بە ئازادانە ئەنجام بدەن، وتیشی: ئەرکی هەموو چالاکوان و میدیاکارانە کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە، هەموارکرنەوەی یاساکان بۆ ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری پێشوەختە پێویستییەکە و دەبێت لە ڕێگەی میدیاکانەوە چالاکوانان یاساکان بە کۆمەڵگە ئاشنا بکەن، هەروەها دەبێت چالاکوانان لە ژێر سایەی حزبەکاندا بێنە دەرەوە.