مامۆستایەکی ئەفغانی: ترس لە ناو ئێمەدا جێگەی نییە و بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان

 مامۆستایەک لە پارێزگای باغلان لە باکووری ئەفغانستان ڕایگەیاند، تاڵیبان لەو کاتەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١ دەسەڵاتیان وەرگرتەوە، خەریکی سوکایەتیکردنن و وتی: باشترە لە شەڕی دژایەتیدا ئازایانە بمرین.

بەهاران لاهیب

 

باغلان- شاری باغلان دەکەوێتە باکووری ئەفغانستان و هاوشێوەی پارێزگاکانی تری ئەفغانستان مینی تێدایە و زۆربەی کەرەستەی خەڵوز و چیمەنتۆی تێدایە، کە بەناوبانگترین و کوالێتی بەرزی ئەو وڵاتەیە، وەک چۆن لە هەموو پارێزگاکانی ئەفغانستاندا هەیە، لە دوای کودەتاکەی ٢٧ی نیسانی ١٩٧٨ەوە، حکومەت چەوساندنەوەی خەڵک، دوورخستنەوەی لە پەروەردە و زانیاری، وروژاندنی ململانێی نەتەوەیی، سەرکوتکردن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، هێشتنەوەی خەڵک لەناوخۆدا هەژاری و بێکاری، بڵاوکردنەوەی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و هەزاران تاوانی دیکە و باغلانیش لەم دۆخە بێبەری نەبوو لەم تاوانانە.

 

ڕێگای سالانغ کە زیاتر لە ١١ پارێزگای باکووری ئەفغانستان بە کابولەوە دەبەستێتەوە، ساڵی ڕابردوو تاڵیبان ئەم ڕێگایەی بەڕووی ڕێبواراندا داخست بۆ ماوەی ٩ مانگ و ڕیکلامی بەرفراوانی سەبارەت بەو تونێلە کرد کە دەکەوێتە شاری سالانغ، دوای چەند مانگێک لە نۆژەنکردنەوە کرایەوە لە هەوڵێکدا بۆ فڕێدانی خۆڵەمێش لە چاوەکان و سەرقاڵکردنی سەرنجەکان لەو تاوانانەی کە دژی ژنان و خەڵکی ئەفغانستان ئەنجامدراون.

 

هەموو شۆفێرانی ئەم ڕێگایە گلەیی لە بارودۆخی ڕێگاکە دەکەن و ئاماژەیان بەوەکرد، زۆرینەی ڕێگاکانی ئەفغانستان چاڵو چۆڵن و ئەو پارەیەی مانگانە بە ناوی باجەوە لێیان کۆدەکەنەوە زیاترە لە ٢٠ ملیۆن، ئەگەر ئەوەی دەستیان دەکەوێت تەنها لە ماوەی سێ مانگدا بەکاربهێندرایە، ئەوا ڕێگای وێرانبووی سالانغ دەبووە نایابترین ڕێگا.

 

"ژنان لە باغلان لە کارو خوێندن بێبەش کران"

بەدەر لە ڕێاکاگان و خزمەتگوزاری، لەو شارە کێشەی ژنان وەک ملیۆنان ژنی دیکەی ئەفغانستان دیار بوو، ژنانی ئەو پارێزگایە بە دەستی تاڵیبان لە کار و خوێندن بێبەش کران، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی تاڵیبان گەمارۆی شارەکەیان دا.

 

لە هەموو پارێزگاکاندا یاساکانی تاڵیبان دژ بە خەڵک بە تایبەت ژنان توندترن، بەڵام ژنان لەبەرامبەر یاسا ژنکوژەکانی تاڵیبان بێدەنگ نەبوون و هەمیشە دژی ئەوان وەستانەوە و ڕووبەڕووی سەرکوتکردن، زیندانیکردن، بێسەروشوێنبوون دەستدرێژی، و ئازاردانی زایەندی بوونەتەوە.

 

فەریدە.و، مامۆستایەکەو دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتەوە دەست، هاوژینەکەی دیار نەما، و لەگەڵ چوار منداڵەکەیدا لە خانوویەکی کرێدا دەژی، وتی: هاوژینەکەم یەکێک بووە لە فەرمانبەرە سەربازییەکانی حکومەتی پێشوو، دوای ٦ مانگ لە کۆنترۆڵکردنی تاڵیبان، شەوانە دەچوونە ناو ماڵەکەمانەوە، لە کاتێکدا هەموومان خەوتبووین، ئێمەیان دەستەبەر کردو هاوسەرەکەمیان بردووە، تەنانەت هەندێکجاریش تۆمەتباریان دەکردم بە دیارنەمانی، کاتێک چوومە زیندان بۆ ئەوەی بزانم چی بەسەر هاوژینەکەمدا هاتووە، وەک هەمیشە سووکایەتیم پێدەکرا، بەڵام ئەمجارەیان ئازاریان دام و دەیانوت هاوژینەکەم جێی هێشتم، وتیان دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ یەکێک لە ئەندامەکانیان بکەم، بۆیە بە ڕقەوە سەیری ئەوانم کرد و ئەو شوێنەم بەجێهێشت.

 

لە کۆتاییدا وتی؛ دوای دیارنەمانی هاوژینەکەم، ناچار بووم بچمە سەر شەقامەکان و لەگەڵ ژنانی دیکەدا کاربکەم، هەرچەندە لەسەر ڕێگا لێیانداین، ڕۆژانە بەدەست قامچیی ئەوانەوە دەناڵێنین ، بۆیە ترس لە ئێمەدا نییەو بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان، ئەوان هەموو ڕۆژێک دەمانکوژن، باشترە لە شەڕی دژایەتیدا ئازایانە بمرین.