سەختی ژیان منداڵانی ڕووبەڕووی کارکردنی سەخت کردووەتەوە

بارودۆخی سەختی ژیان منداڵانی ئیدلب لە باکووری سووریا رەووبەڕووی کاری قورس دەکات و بە ناچاری لە نەمامگەکاندا کار دەکەن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- نەمامگەکان کە لە ئیدلب ژمارەیان زیادی کردووە، دەرفەتی کار بۆ زۆرێک لەو منداڵانە دەڕەخسێنن کە بژێوی خێزانەکانیان دابین دەکەن و ئاستی ئابووریان لاواز و نزیکە لە هەژارییەوە، تەنانەت ئەم شێوازی کار کردنە کاریگەری لەسەر تەندروستی و دەروونی منداڵان دروستکردووە.

 

"قورسی ژیان وایکرد دەست بکەم بە کارکردن"

بارودۆخی سەختی دارایی وایکرد مەهاب یونسی تەمەن ١١ ساڵان خوێندنگە بەجێبهێڵێت و دەست بە کار بکات لە یەکێک لە نەمامگەکانی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی لە کامپەکانی بەرداقلی لە باکووری ئیدلب، لەگەڵ کارەکە خۆی گونجاندووە و هەرچەندە موچەکەی کەمە، بەڵام بەردەوامە لە کارەکەی.

 

مەهاب یونس لەگەڵ پشکنینی ڕووەکە بچووکەکاندا وتی: برسێتی گەدەی منی لەناو دەبرد، کاتێک بەڕێکەوتم بۆ گەڕان بەدوای ئەوەی کە دەتوانێت برسێتیم تێر بکات نەمامگەم بینی، دەستم کرد بە گەڕان بە زەویەکەدا بۆ هەر شتێکی خواردن، کاتێک خاوەنی نەمامگەکە منی بینی، هاوسۆز بوو لەگەڵم و ڕێگەی پێدام لەگەڵیدا کاربکەم بە ژەمێکی ڕۆژانە و مووچەیەکی کەمی هەفتانە.

 

کارەکانی مەهاب یونس لە نەمامگەدا لە سەرەتای وەرزی بڕینی دارەکانەوە دەست پێدەکات، کاتێک خاوەنی نەمامگە کە نەمامەکان دەهێنێت بەمەبەستی چاندنیان ئەم منداڵە لەگەڵ کۆمەڵێک منداڵی تردا، دەست دەکەن بە کارەکانیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو جۆرە گوڵ و تۆوێک لەناو ئەو کیسانەدا دادەنێن، دوای ماوەیەک لە ئاودا تەڕیان دەکەن، تا گوڵی نوێ دەردەکەون و گەشە دەکەن و ئامادە دەبن بۆ فرۆشتن، هەروەها لەسەر شەقامەکان و ڕێگا جیاوازەکان نمایشیان دەکەن، مەهاب یونس، جەختی لەسەر پێویستی هەبوونی ئەزموونی پێویست بۆ چاندنی نەمامەکان کردەوە، ئەمەش بەپێی قەبارە و جۆری نەمامەکان و وەرزی چاندنەکەیان دەگۆڕدرێت، ئەوان کار لەسەر نەمامە جیاوازەکانی وەک ڕووەکی هەنجیر، زەیتون و جۆرە جیاوازەکانی میوە دەکەن.

 

"کارەکەم ئارامیم پێدەبەخشێت و ئازاری ناو ئۆردووگاکانم بیردەباتەوە"

بەرائە محەمەد، منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵانە و هەمان کار دەکات، دەڵێت: کارەکەم داهاتێکی باشم بۆ دابین دەکات بۆ ئەوەی هاوکاری خێزانەکەم لە کامپەکاندا لە شاری ئیدلب بکەم، بۆیە بە نیاز نیم دەستبەرداری کارەکەم ببم.

 

هەرچەندە بەرائە محەمەد بە کاتی کارکردنی زۆر و ماندووبوونێکی زۆر سەرقاڵە، بەڵام لە نێوان پڕکردنی پیسی ناو کیسەکان و پاککردنەوەی ڕووەکەکان لە گژوگیا زیانبەخشەکان و ئاودانیان بەشێوەیەکی گونجاو ئەزموونێکی باشی پەیدا کردووە، وتیشی: گوڵی یاسمین، قەنەفەس، گوڵەبەڕۆژە، ڕەزێل، ڕۆزماری و درەختە ڕازاوەییەکان خۆشی و ئارامیم پێدەبەخشن، وا لە من دەکەن هەموو ئەو کارەساتانەی لە کامپەکاندا بەسەرمدا تێپەڕیون، لەبیرم بچێتەوە.

 

"پێویستە بەرنامەی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەبێت"

سەفا مەندیل، ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، زۆرێک لە خێزانەکانی ئیدلب بەتایبەتی ئاوارەبووەکان بەهۆی لەدەستدانی ژیان و کارەکانیان دابینکردنی بژێوی ژیانیان سەخت بووە، ئەم هۆکارەیە بووەتە هۆی ئەوەی منداڵان کار بکەن، وتیشی: ئەم کار کردنە کاریگەری لەسەر دەروون و جەستەی منداڵان دروست دەکات، مافی خوێندنیان لێوەردەگرێتەوە، جگە لەوەش تەمەنی منداڵیان و بەسەربردنی هەستی منداڵیان نامێنێت، هۆکاریشە بۆ تێکچوونی دۆخی تەندروستیان بەتایبەت کە لە کەرتی کشتوکاڵیدا دەرمانە کیمیاییەکان بۆ قڕکردنی مێرووەکان بەکاردەهێندرێن، هەر بۆیە داوای پەرەپێدانی بەرنامەی هۆشیاری و پاراستنی کۆمەڵایەتی دەکەین، کە یارمەتی خێزانەکان بدات لە ڕووی ئابوورییەوە.

 

"نزیکەی ٢.٤ ملیۆن منداڵ لە سووریا بێبەشن لە خوێندن"

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای ١٣ ساڵ لە سەرهەڵدانی شەڕی سووریا، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە سووریا ناچنە خوێندنگە، لە کۆی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ، گەیشتووەتە نزیکەی ٢.٤ ملیۆن منداڵ لە نێوان تەمەنی ٥ بۆ ١٧ ساڵیدا.

 

ئەدێل خزر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یونیسێف وتی: نەوەیەکی منداڵان لە سوریا پێشتر باجێکی گەورەیان داوە بۆ ئەم ململانێیە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا یونیسێف پێویستی بە ٤٠١.٧ ملیۆن دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی ژیانی ئاسایی بۆ ٨.٥ ملیۆن کەس کە ٥.٤ ملیۆن منداڵیشیان تیادایە.