ژنانی خۆبەخش سەختی ژیانی مرۆڤەکان کەم دەکەنەوە

کاتێک مرۆڤ هیچ ئامرازێکی نییە بۆ ژیانکردن دەگەنە ئەو بیروباوەڕەی جەنگ هەموو شتێک لەناو دەبات، ئەمەش ئەو دۆخەیە کە خەڵکی سودان پێیدا تێدەپەڕن.

ئایە ئیبراهیم

 

سودان- ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سودان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هەموو پێویستییەکانی ژیان، ئەمەش وایکردووە ژنانی سودان بەشداری بکەن لە کاری خۆبەخشانە لە بوارە جیاجیاکاندا بە دابینکردنی پاڵپشتی خۆراک و دەرمان.

 

"کاری خۆبەخشی هەرچەند قورس بێت بەڵام ناموەستێنێت"

دوعا عەبدولڕەحمان، خوێندکاری فاکەڵتی دەرمانسازی لە زانکۆی ئۆمدورمان، لە بواری کاری خۆبەخشی دوای شەڕ لە ژووری فریاکەوتنی بەحری کاری کردووە، کە تێیدا پێداویستی خۆراکی دەگەیەنێتە کەسانی کەمدەرامەت، دەڵێت: جگە لە دابینکردنی پێداویستی خۆراک، کاردەکەم بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییە جیاوازەکان، ئەمە جگە لەوەی هاوکاری هاوڵاتیان دەکەم بۆ دەرچوون لە ناوچەکانی شەڕ بۆ شوێنە سەلامەتەکان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دوعا عەبدولڕەحمان باسی لە دیارترین ڕێگرییەکانی دەکرد وەک گەیاندنی پێداویستییەکان و دەڵێت: ئێمە کارمان کرد بۆ پاککردنەوەی پاشماوەی شەڕ و تەرمی ناو شەقامەکان، کە زۆربەیان سەرباز بوون، پێویستمان بە کەسێکی تایبەتمەند بوو بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدات، چونکە سەربازەکان ئامێری سەربازییان هەیە کە مامەڵەکردنیان قورسە، سەرەڕای ئەو مەترسیانەی کە دەکرێت لە کاری خۆبەخشیدا ڕووبەڕووی ببینەوە، بەڵام بە پێداگرییەوە بەردەوامبووم و کار دەکەم بۆ یارمەتیدانی کەسانی دیکە و قوربانیدانی ژیانی خۆی دەکات.

 

 

ژیانی خۆبەخشان هەمیشە لە مەترسییایە، مانگی ڕابردوو ساجیدە عەبدولمەولا لە شاری فاشر لە ویلایەتی دارفۆری باکوور لە ڕۆژئاوای سودان، لە ئەنجامی لێدانی فیشەکێک لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی لە نەخۆشخانەی باشوور، گیانی لەدەستدا.

 

"توانیم لە ڕێگەی کاری خۆبەخشییەوە هاوکاری بۆ هاوڵاتیان دابین بکەم"

مامۆستا نەدا محەمەد عەبدولقادر، مامۆستای قوتابخانەی بنەڕەتی، ڕایگەیاند، دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە خەرتومی پایتەختەوە ئاوارە بووە بۆ شاری پۆرت  لە سودان، لەوێش بە هاوکاری ژنانی دیکەی ئەو گەڕەکە، گروپێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە بە مەبەستی پشتگیریکردنی هاتنی ئاوارەکان و بەدواداچوون بۆ مافەکانیان.

 

ڕوونیشیکردەوە، دوای ئەم ئەزموونە، ڕێکخراوی "هەموومان بەهاین" دامەزرا، کە ڕێکخراوێکی خۆبەخشییە، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەو ڕێگریی و سەختییانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، زۆر حەزی لە کاری خۆبەخشی بووە، چونکە هیوازی خزمەتکردنە بە مرۆڤایەتی.

 

"کاری پارێزەری و خۆبەخشیم لە یەک کاتدا دەکەم"

سوهندا عەبدولوەهاب، پارێزەرێکە و لە شاری ئوم دورمان لە خەرتومی پایتەخت دەژی، بە یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی کاری خۆبەخشی لە سودان پێش شەڕ دادەنرێت، لە دوای شەڕیش چالاکییەکانی زیاتر زیادی کردووە.

 

ئەو چالاکوانە دوای شەڕیش شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە شاری ئۆم دورمان بەجێنەهێشت، بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی کارە خۆبەخشییەکانی، بە دابینکردنی ژەمەکان هەموو هەینییەک بۆ هەژاران و کەمدەرامەتان هاوکاری هاوڵاتیانی دەکرد، ئەمە جگە لە پێداچوونەوە بە حاڵەتە فریاگوزاریەکان بۆ نەخۆشەکان، جگە لەوەش هەموو وەرزێکی ڕەمەزان و جەژن، پێداویستییەکانی ڕەمەزان بۆ ئەو دوو بۆنەیە و بەرخی قوربانی دابین دەکات.