بۆ کەمکردنەوەی فشارە دەروونییەکانیان ژنان بەشداری ڕاهێنانی بەیسبۆڵ دەکەن

ژنانی غەززە بۆ دەربازبوون لە ڕاستی کارەسات و کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و ئەو توندوتیژیانەی ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە یاری بەیسبۆڵ دەکەن.

نەغم کەراجە

 

غەززە- لە کەرتی غەززە هاوڵاتیان ڕۆژانە ڕووبەڕووی شەڕێکی بەردەوام دەبنەوە، ئەمەش بارودۆخێکی سەختی مرۆیی بۆ ژنان و منداڵان دروستکردووە و فشارێکی دەروونی و جەستەیی لە ئەنجامی ململانێی بەردەوام و گەمارۆ سەپێنراوەکاندا بۆ دروستکردوون، هەر بۆیە وەرزش وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، ئازارەکان و دابینکردنی هیوا ئەنجام دەدەن.

 

دانیشتوانی غەززە ساڵانێکی زۆرە بەدەست گەمارۆیەکی بەردەوامەوە دەناڵێنن، کە لەگەڵ شەڕی ئێستادا خراپتر بووە و ماوەی نۆ مانگە بەردەوامە، ئەم ململانێ توندوتیژە زیانێکی زۆری بە ژێرخانی غەززە گەیاندووە و بووەتە هۆی تێکچوونی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیانی غەززە، بەو پێیەی تاکەکان لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا دەژین، کەمیی پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بووەتە هۆکار بۆ خراپبوونی ژیانیان، ژنان و منداڵان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە.

 

"بۆ کەمکردنەوەی فشارە دەروونییەکانم بەیسبۆڵم هەڵبژارد"

سەنا تافش، ژنێکی فەڵەستینییە هەر لە منداڵییەوە لە شەڕی بەردەوامی غەززەدا بووە، ئەمەش وایلێکرد، بڕیار بدات خولیای وەرزشکردن وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی فشارە و دەروونییەکانی سەری بەکاربهێنێت، بیسبۆڵی هەڵبژارد.

 

سەنا تافش، تەنیا بە یاری بیسبۆڵ ڕازی نەبوو، سەرەڕای تەمەنی گەنجی بڕیاریدا ئەزموون و خولیای خۆی بۆ ژنانی دیکە بگوازێتەوە، ژنانی ناو کامپەکان بەدەست بارودۆخی سەختی ژیان و نەبوونی توانای کات بەسەربردن لە ڕووی پەروەردەییەوە دەناڵێنن، هەر بۆیە وەکو ژنێک دەستی کرد بە دەستپێکردنی بیرۆکەکەی و ڕێکخستنی ڕاهێنانی بەردەوام.

 

"بەربەستەکان لە بەردەم سەنا زۆربوون"

لەگەڵ بەردەوامبوونی بۆردوومانەکان، سەنا زیاتر لە ڕاهێنان بەردەوام دەبوو، ئەم ڕاهێنانە بە دەرفەتێک دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژی فشارە دەروونییەکان کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، وتی: یاریکردنی بەیسبۆڵ لەلایەن بیروباوەڕە کۆنەپەرستەکانەوە بۆ ژنان ڕەت دەکرێتەوە.

 

چەندین بەربەست و ڕێگری لە بەردەم سەنادا دروستبوون لەوانە، نەبوونی ئامێری وەرزشی گونجاو، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە شوێنێک ئەنجامدانی ڕاهێنان قورس بوو، بارودۆخی خراپی کەشوهەوا، بەتایبەت لە دوای پیسبوونی ژینگە بەهۆی ململانێی بەردەوام و شەڕەوە، سەنا تافش، ئامانجی ئەوەیە هەوڵی زیاتر بدات ڕاهێنان بە خۆی و ژنانی دیکەی کەرتی غەززە بکات، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یارییەوە ئازارەکانی ژنان کەمببێتەوە.

 

"لە ڕێگەی بەیسبۆلەوە توانیم ئیرادە و هێزم زیاد بکەم"

سندوس ساڵح، یەکێکە لە ڕاهێنراوەکان، پێش ئەوەی بەشداری لە ڕاهێنانی بەیسبۆڵدا بکات، لە بارودۆخێکی سەختدا دەژیا، پێشتریش هیچ ئەزموونێکی لەم وەرزشەدا نەبووە، وتی: لە ڕاهێنانی بیسبۆڵدا دەرفەتێکم دۆزیەوە کە خۆم بەرەوپێش ببەم و لە ڕێگەی یارییەوە ئیرادە و هێزی خۆم زیاد بکەم و بتوانم هاوکاری ژنانی دیکەش بکەم بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان.

 

سندوس ساڵح دەڵێت: ئەم ئەزموونە گۆڕانکارییەکی گەورە بوو بۆ من، بەیسبۆڵ هەستێکی سەربەخۆیی پێبەخشیم و دەرفەتێکی پێدام بۆ ئەوەی لێهاتووییەکانم بە شێوەیەکی تەواو دەرببڕم و ئەو فشارانەی کە ڕۆژانە تیایدا دەژیم کەمبکاتەوە.