ژنانی جوتیار پێشەنگایەتی کشتوکاڵ دەکەن

کێڵگە کشتوکاڵییەکانی هیندستان شاهیدی ڕەنجی ژنانن، لەگەڵ سەپاندنی بڕیارەکان بەهۆی هزری پیاوسالاری، ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی جوتیار پێشەنگایەتی کشتوکاڵ دەکەن لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما لە ناوچەی زاهیرابادی هیندستان، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمی بارانبارین زەوییەکان وشکبوون، ژنان لە یەکەم وەرزی چاندنی دانەوێڵە بێهیوابوون.

 

زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ چاندنی نیسک، لۆبیا و چەند دانەوێڵەیەکی دیکە سوودی لێدەبینرێت، ژنانی جوتیاری ناوچەکە سیستەمی فرە بەرهەمهێنانیان پێ باشترە چونکە بەرگری لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکات و لە ڕێگەی شێوازی ئۆرگانیکەوە سوود بە زەوی دەگەیەنێت.

 

سیستمی فرە- بەرهەم بریتییە لە چاندنی دوو بەرهەم یان زیاتر لە یەک پارچە زەوی لە ماوەی ساڵێکدا، لە جیاتی تەنها یەک بەرهەم، ئەمەش وادەکات زەوییەکان زیاتر بەپیت ببن، جگە لەوەش جگە لەوەش سەرچاوەکانی داهاتی کشتوکاڵی بۆ ژنان زیاد دەکات و ئاسایشی خۆراکی دەپارێزێت، بەشێک لە جوتیارانی ناوچەکە بەتایبەتی پیاوان ڕوویان لە کشتوکاڵ لەسەر سیستمی تاک- بەرهەم کردووە بۆ بەرهەمهێنانی برنج و پەتاتە.

 

تی مهایسما ژنێکی جوتیارە لە گوندی مەلکاپور لە خێزانەکەیەوە فێری پاراستنی تۆو، کاتە گونجاوەکانی چاندن، گرنگی بەرهەمی تایبەت بۆ دەوڵەمەندکردنی خاک و تایبەتمەندییەکانی تری سیستەمی فرە- بەرهەم بووە، سەربارەی ئەوەی چەندین جار پیاوەکانی خێزانەکانیان لە زیانەکانی ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام لەلایەن ئەندامانی باڵای پیاوی خێزانەکەیەوە بڕیاری لەسەر دراوە کە دەبێت کار لەسەر سیستمی تاک- بەرهەم بکەن، لە کاتی شکستی کشتوکاڵیش ژنان لەگەڵ ئەوەی زۆرترین ڕەنجدەدەن تاوانباردەکرێن.

 

ئەنجامی ڕاپرسییەک دەریخستووە، ژنان لە بواری کشتوکاڵدا ڕووبەڕووی بارگرانییەکی زیاتر دەبنەوە بەهۆی گۆڕانە لە ناکاوەکانی کەشوهەوا، زۆرجار پێویستی بە گۆڕینی بەردەوامی شێوازی بەرهەمهێنان هەیە، پیاوان بە زۆری ئامێرەکان بۆ کارەکانیان بەکاردەهێنن، لەکاتێکدا ئەرکی چاندن کە کاری زۆری دەوێت لە ئەستۆی ژناندایە.

 

ژنان بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە پێداویستییەکانی خاک و هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشت بەشداری کشتوکاڵ دەکەن، ژنان نەک تەنها تۆو بەڵکو کولتوورێکی گوندنشینی گەشەسەندوو دەچێنن، کە بەرهەمی زیادە لە نێوان ماڵەکاندا دابەش دەکرێت، ئەمەش دڵنیای دەدات کە هەموو کەسێک خۆراکێکی باشی هەیە بۆ خواردن.

 

لە بەرامبەردا مەیلی پیاوسالاری پیاوان پاڵدەنێت بۆ ئەوەی هەموو ئینجێک لە خاکەکە بقۆزنەوە، لە بەرامبەر مەترسییە پەرەسەندووەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کشتوکاڵی فرە بەرهەمی ژنان دەتوانێت کاریگەری کەمکردنەوەی زیانەکانی هەبێت، ژنان پێیان وایە هەر میهرەبانی و خەمخۆرییەک بە خاکەکە ببەخشن، بە ڕێژەیەکی زۆر بۆیان دەگەڕێتەوە.