ڕۆژهەڵاتی کوردستان: پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی شاری ڕەبەت

بەهۆی دروستکردنی بەنداو و تێکەڵبوونی ئاوی بەنداوی سەردەشت لەگەڵ ئاوەڕۆی شارەکە، ئەو ئاوەی بۆ ماڵان لە ڕەبەت دابیندەکرێت پیسبووە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە.

سەحەر موستەفاپور

 

سەردەشت- دوێنێ، ئاوی خواردنەوە لە شاری ڕەبەت پیس بووە، ئەو ئاوەی لەڕێگەی تۆڕی ئاوەوە بۆ ماڵان چووە ڕەنگێکی قوڕاوی و بۆنێکی ناخۆشی هەبووە، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لێ دەکرێت و ناتوانرێت بۆ خواردنەوە بەکاربهێندرێت، لەکاتێکدا ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندە بە ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی.

 

فاتیمە.م، یەکێک لە چالاکوانی ژینگەپارێزی شاری سەردەشت سەبارەت بە کێشەی بڕینی ئاوی شاری ڕەبەت وتی: "هۆکاری سەرەکی کەمی ئاوی خواردنەوە لە شاری ڕەبەت، کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی کۆگاکانی بەنداوی سەردەشتە، بەهۆی دروستکردنی بەنداوی کانی سیو لە سەرەوەی ڕووباری زابی بچوک "دەکەوێتە شاری پیرانشار" کە لە ڕێگەی تونێلێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەریاچەی ورمێ، لە ئێستادا بەهۆی وەستانی ئاوی بەنداوی سەردەشت و کەمبوونەوەی قەبارەی ئاوی هاتوو، ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییان لە شاری ڕەبەت پیس بووە."

 

هەروەها سەبارەت بە پسیبوونی ئاو و ئەگەری توشبوونی هاووڵاتیان بە نەخۆشی، وتی: " ئاوەڕۆی چەند شار و گوندێک دەچێتە ناو ئاوی دەریاچەی بەنداوی سەردەشت، هەر ئەم ئاوەش دەچێتە ناو وێستگەیەکی پاککەرەوە کە بە باشی کارناکات، پاشان دەنێردرێت بۆ ماڵان، ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوونی هاووڵاتیان بە چەندین نەخۆشی".

 

هەروەها دەربارەی تۆڕی ئاو و ئەو گرفتانەی کە هاتوونەتە ئاراوە فاتیمە وتی: "شاری ڕەبەت دەکەوێتە تەنیش ڕووباری زابی بچووک، بەڵام کێشەی ئاوی خواردنەوە هەیە، لە کاتێکدا ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندە بە ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی، بەڵام حکومەت کەمتەرخەمە و ژێرخانی ئاوی پێویستی دروست نەکردووە."