سپێدە قالیان: لە دادگای کراوەدا ڕاستییەکان دەگێڕمەوە

بڕیارە سبەینێ دانیشتنی دادگای سکاڵاکەی ئامینە سادات زەبیحپوور لە دژی چالاکوانی مەدەنی سپێدە قالیان "بە ئاشکرا" بەڕێوەبچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ سێشەممە، مەهدی قالیان، برای سپێدە قالیان، چالاکوانی مەدەنی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، نامەیەکی خوشکەکەی بڵاوکردەوە و نووسیبووی "بەشداری دانیشتنی گشتی دادگا دەکەم و لە وتنی ڕاستییەکان ناترسم".

 

دەقی نامەکەی سپێدە قالیان بەم شێوەیەیە:

"خەڵکی بەشەرەفی ئێران، وەک دەزانن، لە دوای سکاڵای ڕۆژنامەنووس ئامینە سادات زەبیحپوور، ڕامگەیاندبوو کە بەشداری دادگای کۆماری ئیسلامی ناکەم، ئەمڕۆ ئاگاداریان کردمەوە کە سبەی دادگاییکردنەکەم بە ئاشکرا بەڕێوەدەچێت، بەو پێیەی هیچ ترسێکم نییە لە وتنی ڕاستییەکان لەبەردەم خەڵک بڕیارمدا بەشداری ئەم دادگاییکردنە بکەم و بەرگری لە خۆم بکەم، هیوادارم لە نێو ئەو کارمەندە زۆرانەی هەواڵ و ئاسایشی فەرهەنگیدا ڕۆژنامەنووس و چالاکوان هەبن، دەمەوێت بزانم لەم دادگا بێ دادگایە گەیشتوونەتە ڕاستییەکان، سبەینێ کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی بەیانی دادگاییکردنەکەم لە کۆمەڵگەی دادوەری شەهید کەچۆی بەڕێوەدەچێت".

 

پێویستە بوترێت کە سپێدە قالیان نووسیویەتی "من هیچ شەرعیەتێک بۆ دادگای نمایشکاری کۆماری ئیسلامی دانانێم".

 

سپێدە قالیان لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا دوای تێپەڕاندنی ٥ ساڵ زیندان ئازاد کرابوو، دوای چەند کاتژمێرێک لە ئازادکردنی جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە و دواتر سزای ٢ ساڵ زیندانی و سزای زیادەی وەک قەدەغەکردنی ئەندامێتی لە گرووپە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان و مانەوەی لە تاران و پارێزگاکانی دراوسێی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەردا سەپێندرا.