نەتەوە یەکگرتووەکان: ٧٣٠ هەزار کەس لە دەرەوەی سودان ئاوارە بوون

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە ٧٣٠ هەزار کەس سنووریان بەزاندووە بۆ وڵاتانی دراوسێ، لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕایگەیاند، لەم دواییانەدا نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس لە سودان ئاوارە بوون لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان، بەمەش ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی سودان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە سودان، گەیشتووەتە زیاتر لە ٢.٦ ملیۆن کەس.

 

شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، لەگەڵ هەوڵی زیاتر لەلایەن هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ هێوربوونەوە و داوای گفتوگۆکردن، لە ئۆمدورمان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیەوە ئارامی لە سەرتاسەری شارەکەدا زاڵ دەبێت، ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە پێکدادانی توندوتیژ و هێرشی ئاسمانی، بەڵام هاوڵاتیانی مەدەنی ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە لە دەستکەوتنی خۆراک و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان.

 

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە ٧٣٠ هەزار کەس سنووریان بەزاندووە بۆ وڵاتانی دراوسێ، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، "لە ماوەی سێ مانگ لە شەڕەکە، پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پاڵپشتی خێرا بە هەمان خێرایی بەردەوام بووە، هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەگەری چارەسەری ململانێکان یان ئاگربەستێکی سەرکەوتوو نەبووە".

 

لە بەیاننامەیەکدا نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پابەندە بە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان لە سەرانسەری وڵاتدا، چونکە دۆخی سودان بەرەو خراپتر دەڕوات.