ڕووسیا بە ئاسایشی خۆراک هەڕەشەی جیهان دەکات

کشانەوەی ڕووسیا لە ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش، هەڕەشی برسێتی لە سەدان ملیۆن خەڵک دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی دووشەممە، نرخی دانەوێڵە لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، پاش ئەوەی ڕووسیا کشانەوەی لە ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش ڕاگەیاند.

 

ڤڵادیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە هەڕەشەی ئاسایشی خۆراکی هیچ نەتەوەیەک بکات، ئێستا کاتی ئەوەیە جیهان نیشانی ڕووسیا بدات کە مافی هەڕەشەی برسیکردنی جیهانی نیە.

 

ڕۆژی دووشەممە، پاش ساڵێک لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش مۆسکۆ کشایەوە، هاوکات سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی لەوەکردەوە، دەبێت هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی دەریایی ئۆکرانیا بەردەوام بێت بە بەشداری یان بەبێ بەشداریکردنی ڕووسیا.

 

ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن ڕووسیا، ئۆکرانیا، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە واژۆکرا، دووجار درێژکراوەتەوە، ئەم ڕێککەوتنە هەوڵێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراک، ڕێگەی هەناردەکردنی خۆراک لە دەریای ڕەشی ئۆکرانیا دەدات.

 

هەناردەکردنی دانەوێڵە لەلایەن ئۆکرانیا ئاسایشی خۆراکی بۆ ٤٠٠ ملیۆن کەس دابینکردووە، لە کاتێکدا نرخی دانەوێڵەی گەنم کاریگەری لەسەر سەقامگیری جیهان هەیە، وڵاتانی جیهان دەبێت فشاری نێودەوڵەتی لەسەر ڕووسیا دروستبکەن بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەیرانی برسێتی بەتایبەتی لە وڵاتانی هەژارنشینی وەک ئەفریقا.

 

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، "ڕووسیا بەشداریی خۆی ڕادەگرێت و تەنیا کاتێک دەگەڕێتەوە کە ڕۆژئاوا سزاکانی لەسەر ڕووسیا هەڵبگرێت."

 

جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەی دانەوێڵە بۆ دەرەوەی ئۆکرانیا."

 

ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی نرخی دانەوێڵە هەبوو، دوای لەشکرکێشییەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا، لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی سەدان ملیۆن کەس لە وڵاتانی گەشەسەندوو ڕووبەڕووی قەیرانی خۆراک دەبنەوە.

 

پاش واژۆکردنی ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش نرخی گەنم بە ڕێژەی ٪٥٤ دابەزیوە کاتێک لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢ دوای هێرشيکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا گەیشتە بەرزترین نرخ، لە کاتێکدا نرخی گەنمەشامی بە ڕێژەی ٪٣٧ کەمتر بووە لە چاو مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢، کاتێک بەرزترین ئاستی لە ماوەی ١٠ ساڵدا تۆمارکرد.