ڕاپۆرت: زیاتر لە ٪٩٠ی ژنان بەدەست جیاوازییەکی گەورەی ڕەگەزییەوە دەناڵێنن

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، زۆرینەی ڕەهای ژنان و کچان لە سەرتاسەری جیهان لەو وڵاتانەدا دەژین، کە جیاوازییەکی گەورەی ڕەگەزییان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٨ی تەمموز، ڕێکخراوی ژنان و بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاستیان کردەوە کە ئاستی نزمی هۆشیاری ژنان و بۆشاییە گەورەکانی جیاوازی ڕەگەزی لە زۆر شوێنی جیهاندا باون، لە نێوان ئەو ١١٤ وڵاتەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، هیچ کامیان یەکسانی ڕەگەزی تەواویان بەدەست نەهێناوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا جەختیش لەوە کراوەتەوە، کەمتر لە ٪١ی ژنان و کچان لە جیهاندا لەو وڵاتانە دەژین کە ئاستی بەهێزکردنی ژنانیان بەرزە و کەلێنی ڕەگەزیان کەمە، لە بوارەکانی وەک تەندروستی و پەروەردەدا، لە هەمان کاتدا ٣.١ ملیار ژن و کچ، واتە زیاتر لە ٪٩٠ی ژنان لە جیهاندا، لەو وڵاتانەدا دەژین کە جیاوازی ڕەگەزی تیایدا قوڵە، لەسەر ئاستی جیهانیشدا هەوڵی بەهێزکردنی ژنان دراوە، بۆ ئەوەی تەنها ٪٦٠ی توانا تەواوەکانیان بەدەستبهێنن.

 

ڕاپۆرتەکە، تیشکی خستووەتە سەر ئەو سەختی و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، هەروەها "پێوەری بەهێزکردنی ژنان" هێز و ئازادی ژنان دەپێوێت بۆ هەڵبژاردن و دەستبەسەرداگرتنی دەرفەتەکان لەسەر پێنج ڕەهەند، وەک تەندروستی و پەروەردە، گشتگیری، بڕیاردان و توندوتیژی دژی ژنان.

 

بەپێی پێوەرەکانی بەهێزکردنی ژنان، ژنان ٪٢٨ کەمتر لە پیاوان ڕەهەندە سەرەکییەکانی گەشەپێدانی مرۆیی بەدەستدەهێنن، وەک لە پێوەرەکانی یەکسانی ڕەگەزدا دەپێورێت، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کەموکوڕی و نایەکسانییانە لە بەهێزکردندا، نەک تەنها بۆ خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی ژنان، بەڵکو بۆ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بە گشتی زیانبەخشە.

 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرنجی بۆ پابەندبوونی بەهێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە یەکسانی ڕەگەزی و بەهێزکردنی ژنان لە چوارچێوەی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامدا ڕاکێشا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو پێوەرە نوێیە دەرکەوتووە کە توانای تەواوی ئافرەتان تا ئێستا بەدی نەهاتووە، و هێشتا کەلێنی گەورە لە نێوان ڕەگەزەکاندا هەیە، ئەمەش ڕێگری و خاوکردنەوەی پێشکەوتن بەرەو گەیشتن بەو ئامانجانە دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستی بە هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ بەدیهێنانی بەڵێنی یەکسانی ڕەگەزی و دەستەبەرکردنی مافی مرۆڤ بۆ ژنان و کچان و گەرەنتی بەدیهێنانی تەواوی ئازادییە سەرەتاییەکانیان.

 

دوو پێوەرەکە پێویستی بەپەلەی سیاسەتی هەمەلایەنە لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، هاوسەنگی ژیانی کار، پشتیوانی خێزان و توندوتیژی دژی ژنان ئاشکرا دەکەن، کە لە بەرامبەردا هەوڵەکان بەرەو جیهانێکی دادپەروەرانەتر و گشتگیرتر خێراتر دەکات.

 

کارگێڕی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان دەڵێت: "زۆرێک لە ژنان و کچان لەو وڵاتانەدا دەژین کە ڕێگەیان پێدەدات تەنها بەشێکی کەم لە تواناکانیان بگات و لە کۆتاییدا ئەم بیرۆکە نوێیانە بۆ ئەوە داڕێژراون کە یارمەتیدەر بن لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری ڕاستەقینە بۆ کەسانی ڕاستەقینە".