هەڵاوسانی ئابووری لە عێراق ٪١ دابەزینی بەخۆیەوە بینی

ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە عێراق لە مانگی نیسان بە بەراورد بە مانگی ئادار بە ڕێژەی ٪١ دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، نرخی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بە بڕێکی کەم دابەزیووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە مانگی نیسان بە بەراورد بە مانگی ئادار بە ڕێژەی ٪١ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، کە ڕێژەی هەڵاوسان بە ڕێژەی ٪٠.٧ دابەزینی تۆمارکردووە.

 

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێکخراوی ئاماری ناوەندی لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٢، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی بە ڕێژەی ٪٤ بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.

 

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی مانگی نیساندا ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، چونکە نرخی کاڵاکان لە چەند کەرتێکدا دابەزیوە.

 

خواردن و خواردنەوە نا کحولیەکان بە ڕێژەی ٪ ٠.٨ کەمیکردووە، تێچووی خانووبەرە بە ڕێژەی ٪ ٢.٢ کەمیکردووە، تێچووی گواستنەوە بە ڕێژەی ٪ ١.١ کەمیکردووە، کرێی خزمەتگوزاری بە ڕێژەی ٪١ کەمیکردووە، نرخی ئامێرەکان بە ڕێژەی ٪ ١.٣ دابەزیوە.

 

لە دوایین ڕاپۆرتیدا، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینیی کردووە، هەڵاوسانی ساڵانەی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ ٦.٦٪ بەرزبێتەوە.

 

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕوونیکردەوە، هەڵاوسانی ساڵانەی عێراق لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە ٪٠.٦ و لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٪٦ بەرزبووەتەوە.

 

هەروەها پێشبینییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ٪ ١.٦ کەم دەبێتەوە.